
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، دامەزراوەی(وەقفی) "ئیسماعیل بێشکچی"، کۆمەڵناس و سیاسەتمەداری گەورەی تورک و داکۆکیکەری مافی ڕەوای گەلی کورد، کۆنفڕانسێکی لە شاری ستۆکهۆڵم پێک هێنا.
کۆنفڕانسەکە لە سێ پانێلدا بەڕێوە چوو؛ پانێلی یەکەم: "جەلال تەمەل" سەبارەت بە "کۆچپێکردنی کوردان لە ساڵی ١٩١٦ دا".
پانێلی دووهەم: "ئیبڕاهیم گوربوز" بە بابەتی "ئیسماعیل بێشکچی، سوقڕاتی سەردەمی ئێمە".
پانێلی سێهەم: "ئیسماعیل بێشکچی" سەبارەت بە "بۆچی کورد دەبێ نەتەوەپەروەر بن؟"
كۆی باسەكان لە چوارچێوەی دۆخی كوردستانی باكوور و پرسی كورد لەو بەشەی كوردستاندا بوو. هاوكات پرسی سەروەریخوازی و مافی بەشداریی سیاسی لە بڕیاردانی چارەسەریی ئاشتییانە و پرسی زمان و پاراستنی كەلتوور و ڕەسەنایەتیی گەلی كورد بە هەموو پێكهاتەكانییەوە لەو باسانەدا جەختی لەسەر كرایەوە.
شایانی باسە كە شاندێک بە نوێنەرایەتی لەلایەن کومیتەی حیزب لە وڵاتی سوید پێکهاتوو لە بەڕێزان: "قادر مێهفەر"، محەمەدەمین ڕەشیدیان" و "جەمیلە حەسەنخاڵی" لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوون.