کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بێ‌حەیسییەتتر لە هەمیشە

12:22 - 8 جۆزەردان 2725

کۆماری ئیسلامی بێ‌حەیسییەتتر لە هەمیشە

هەردی سەلیمی

شەش مانگ لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی سووریە و هەڵاتنی "بەشار ئەسەد"، کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پاڵپشتی سەرەکیی ئەم ڕێژیمە بوو، تووشی چەندان قەیرانی مەزنی ئابووری و سیاسییە و لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانی ڕێژیمی سووریەشدا، جگە لە زیانی ماڵی و سیاسییەک کە هەیبوو بۆ کۆماری ئیسلامی، لە ڕووی حەیسییەتیشەوە شکستێکی گەورەی خواردووە.

کۆماری ئیسلامی "گەڵاڵەی مارشاڵ"ـی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ ئورووپای پاش شەڕی دووهەمی جیهانی کردبووە ئۆلگووی کاریی خۆی لە سووریەدا. بەپێی ئەو بەڵگانەی وا لە باڵوێزخانە و پایەگا و مەقەڕەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە دەست کەوتوون، ئەم ڕێژیمە ئاماژەی بە سەرکوتووییی گەڵاڵەی ناوبراو کردووە کە توانیویەتی لەو کاتەدا وڵاتانی ئورووپایی لە ڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بە خۆیەوە گرێ بدات و قەرزداریان بکات؛ بۆیە کۆماری ئیسلامییش وەها سناریۆیەکی بۆ سووریە لەبەرچاو گرتووە. هەر بەپێی ئەو بەڵگانە تەنیا لە سێ نموونەدا کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٩٢دا ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پایەگای "دیرالزور"، هەروەها لە ساڵی ٩٤دا ١٨٠ ملیۆن دۆلاری بۆ "لاذقیە" و بۆ پایەگای تی‌فۆڕ (T-4)یش لە ساڵی ٩٦دا ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە، کە نیشاندەری ئەوەن ئەم ڕێژیمە لەسەر گیرفانی خەڵکی بێ‌دەرەتانی ئەو وڵاتە سەدان ملیۆن دۆلاری لە سووریە تەخشان ‌و پەخشان کردووە.

بە نەمانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ئەم پرۆژانە یا لەنێو چوون یا لە باشترین حاڵەتدا لەلایەن دەسەڵاتی نوێی ئەم وڵاتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و لە دەستی کۆماری ئیسلامی دەرچوون، جگە لەوانە ئاستی بازرگانیی نێوان سووریەی سەردەمی ئەسەد و کۆماری ئیسلامی هەر لە نموونەیەکیدا واتە ساڵی ٨٩ گەیشتبووە ٤٧٥ ملیۆن دۆلار، کە لە ئێستادا ئەم بازرگانییانە داخراون و بەپێی بەراوردەکان ئەم گۆڕانی ڕێژیمە لە سووریە زیانێکی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری بە بازرگانیی ئێران دەگەیەنێ.

کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕووی ئابوورییەوە نەبوو کە تووشی شکست بوو لە سووریە، بەڵکوو ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر ئەوە بێ کە هاوپەیمانێکی گرنگ و ستراتێژیکی خۆی لە ناوچەدا لەدەست دا کە لە ڕێی ئەوەوە دەیتوانی "حیزبوڵڵا" دابین بکات و لە سنوورەکانی وڵاتی ئیسرائیلیش نزیک بێتەوە، بەڵام هەموو ئەم پرۆژە و بەرنامانەی تووشی شکستی گەورە هاتن. ئەم ڕێژیمە کە دژایەتیی وڵاتانی سەرەکیی عەرەبی ناوچەی دەکرد و دەیهەویست لە ڕێی "بەغدا" و "بەیرووت" و "دەمشق"ـەوە بەسەر دنیای ئیسلامدا زاڵ بێ و پەرە بە هیلالی شیعەی خۆی بدات، ئێستا لە قوڕی سیاسەتە پاوانخوازانەکانی خۆیدا چەقیوە و تەنانەت دەستەوداوێنی "آل سعود" بووە کە لەم دۆخە ڕزگاری کەن!

ئەوان کە غەڕڕە ببوون لەلایەکەوە باڵوێزخانەی عەرەبستانیان ئاور تێ بەر دا و وێڕای ئیسرائیل و ئەمریکا مەرگ و نەمانیان بۆ عەرەبستانی سعوودییش دەخواست، ئێستا پێشنیاریان بە ئەمریکا کردووە کە ڕێگە بدات پیتاندنی ئۆرانیۆم بە هاوبەشی لەگەڵ عەرەبستان و ئیمارات و لەژێر چاودێریی چاودێران و کارناسانی ئەمریکاییدا بکەن! چونکە بە وتەی خۆیان بابەتی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ئەوان بووەتە بابەتێکی حەیسییەتی! بێ‌ئاگا لەوەیکە کۆماری ئیسلامی هیچ‌کات حەیسییەتێکی نەبووە بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەوەی ناوی حەیسییەت بێ گەریش بووبێتی بۆی نەماوەتەوە.

ئێستا کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە و تێچوویەکی چەندین ساڵەی بێ‌ئەنجام و ڕۆژەڕەشییەک کە بەهۆی سیاسەتی هەڵە و ئاژاوەگێڕانە و نەسازانە تووشی خەڵکی ئەو وڵاتەی کردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو، کە بە هیچ شێوەیەکیش ئیدئۆلۆژییەکەی کۆماری ئیسلامی توانای هێنانەوەی پاساوی نەماوە و تەنانەت لایەنگرانی دەمارگرژی خۆیشی ناتوانێ بە قەناعەت بێنێ؛ بۆیە دەتوانین بڵێین: کۆماری ئیسلامی پێش لە ڕووخانی یەکجاریی خۆی، زەلیل بووە و کەوتووەتە ئاویلکە.