
ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٨ی مەی ٢٠٢٥) هاوڕێ "حەمید تەیموری" نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید لەسەر بانگهێشت و داوای فەرمیی حیزبی سۆسیال دێموکراتەکان لەم وڵاتەدا بەشداریی لە کۆنگرەی ئەو حیزبە لە شاری یۆتۆبۆری کرد.
"ماگدالێنا ئاندرسۆن" سەرۆکی پارتی سۆسیال دێموکراتەکان بە وتەیەکی کورت کۆنگرەکەی کردەوە و باسێکی کورتی لەسەر هەلومەرجی جیهانی بەگشتی باس کرد.
ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و کێشە و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و شەڕی غەززە و ئیسرائیل کرد و ئەم شەڕەی مەحکوم کرد و هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی هاوپەیمانی و هاوپشتی و یەکسانی، مافی مرۆڤ و لەنێوبردنی کێشە و نەهامەتییەکانی جیهانی کردەوە.
پاشان دوو پانێل بۆ نوێنەری حیزبەکانی بەشداربوو کە نوێنەرانی مەقدونییەی باکوور و لوبنان و ئافریقای باشووری بوون پێک هاتن.
هەر کامەیان باسی کێشەکانی ناوچەکان و وڵاتانی خۆیان کرد و داوایان ئەوە بوو کە حیزبەکانی ئەندامی ئینترناسیوناڵ سۆسیالیست و هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز، هاوکار و پشتیوانی ئەو وڵات و لایەنانە بن کە بە بیانووی جۆراوجۆر لەلایەن گرووپ و وڵاتانی تووندئاژۆ و داگیرکەرەوە سەرکوت دەکرێن. لەو باسانەدا جەختیان لەوە کردەوە کە پلاتفۆرمێک بۆ پرسی یەکسانی و دادپەروەری و هاوپشتی و هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی نێونەتەوەیی ئامادە بکرێ و بەرەنگاری زۆڵم و زۆرداری ببنەوە.
سەرەڕای ئەمانەش باسی ئەوەیان کرد کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خۆیا بچێتەوە و ڕێفورمێکی جیددیی بۆ بکرێ ئەگینا کاراییەکی ئەوتۆی نەماوە. ئەبێ وڵاتانی یەکیەتیی ئۆرووپا چالاکانە تێکۆشن بۆ بنبڕکردنی زۆڵم و زۆرداری لە هەموو بوارێکدا، لە بواری ئابوری، ڕامیاری، هاوپێوەندی، ژینگە و نەهێڵن دیکتاتۆران و گرووپە توندئاژۆ مەزهەبیەکان لە بواری ئایدولۆژیی مەزهەبی و زۆر بۆچوونی تری توندەوە کێشەساز بن لە جیهاندا.
پاش ئەوە نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ نوێنەری حیزبەکانی بەشدار لە کۆنگرە دیداری کرد. هاوکات لەگەڵ پارلەمانتار و بەرپرسانی باڵای سۆسیال دێموکرات چاوپێکەوتنی ئەنجام دا و لەسەر پرسی کوردستان بیروڕایان گۆڕیەوە.
ڕۆژی پێنجشەممەش بەرپرسی گشتیی سۆسیال دێموکرات واتە ماگدالێنا ئاندرسۆن بۆ جاری دووهەم هەڵبژێردرایەوە.
لە ماوەی دوو ڕۆژی کاری کۆنگرەدا نوێنەری حیزب لەگەڵ چەند کەس لە سەرۆکوەزیرانی پێشوو و پارلەمانتاران وەک؛ "ستێفان لۆوێن"، "یۆران پێرشون"، "ئینگڤار کارڵسون"، "مۆرگان یوهانسون"، "میکایل دانبەری"، "ئانا لیندە"، "پاولا"و "سانا ئیلیسون"، "یان ئێلیاسون"، سکرتێری سۆسیال دێموکرات "توبیاس باودین"، "لێنا هاڵگرێن"، "ئانیتا لوندکفیست"، "ماتس کارڵهێد" و "یوهان" و "ئاندرس وێستبەری" پارلەمانتارە کوردەکان و زۆر کەسایەتیی تریش دیداری کرد و کێشەی کورد و پرسی ئێرانیان هێنایە بەرباس. کۆمەڵێ باس و پرۆژەشیان لەگەڵ ئوللێ، بەرپرسی تۆڕی کورد -سویدی باس کرد.