کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ بەڕێوەچوونی سێمینارێک لە نۆروێژ لەسەر "ڕەوشی نەتەوەیی کورد"

16:56 - 9 جۆزەردان 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٩ی مەی ٢٠٢٥) سێمینارێکی سیاسی لەسەر "ڕەوشی نەتەوەیی کورد" لە ناوچەی رۆگلاندی نۆروێژ بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی ئەم دەڤەرە و هەروەها بەشداریی چالاکانەی هەیئەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ناوچەیە بەڕێوە چوو.

ئەم سێمینارە بۆ سێ کەسایەتیی ئەدەبی، سیاسی و مێژوویی بە ناوەکانی بەڕێزان: ئیبراهیم گوربوز بە پێشکەشکردنی باسێک لەسەر زمان و ناسنامەی کورد، جەلال تەمەل بە پێشکەشکردنی بابەتێک لەسەر خەباتی سیاسیی کورد و دۆخی ئەمڕۆی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، هەروەها بەڕێز ئیسماعیل بێشکچی، کەسایەتیی مێژوویی و سیاسی  لەسەر خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە سەدەی ڕابردوو و ڕۆڵی کورد لە چوارپارچەی کوردستان پێک هاتبوو.

ئیسمایل بێشکچی، لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە ڕێژەی حەشیمەتی نزیک بە ٥٠ میلیۆن کورد کرد کە بەداخەوە تا ئێستا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان نییە و تەنانەت لە مافە ڕەواکانی خۆیان لەم وڵاتانەی کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە بێبەشن و وتی ئەوە لە حاڵێکدایە کە گەلێک وڵاتی وەک لۆکزامبۆرگ، ماڵتا و قێبرێس و ... هەن کە ژمارەی دانیشتووانیان کەمتر لە یەک میلیۆنە، بەڵام حکوومەتی سەربەخۆیان هەیە، کەچی کوردان ٥٠ ملیۆنن و هێشتا لە ژێردەستەیی و توندوتیژی و بێ حکوومەتیدان.

تەوەری کۆتایی سێمینارەکە تایبەت بوو بە پرسیار و وڵام کە بەڕێز داریووش ڕەشیدی، بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی رۆگلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز ئیسماعیل بێشکچی کەسایەتیی بە ڕەچەڵەک تورک، بەڵام داکۆکیکار لە نەتەوەی کورد، سەبارەت بە گرینگیی خەبات و شۆڕشی دوورودرێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەم بەشەدا ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد.