کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان

11:42 - 10 جۆزەردان 2725

پەیامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان

 

زیندانییانی سیاسیی سەربەرز و خۆڕاگر!

بنەماڵە تێکۆشەر و خۆڕاگرەکانی زیندانییانی سیاسی!

خەڵکی خەباتکاریی کوردستان!

چەند ساڵێکە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان ناودێر کراوە. لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاویدا جەللادەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری تەورێز لە جینایەت و تاوانێکی کەم‌وێنەدا، ٥٩ لاوی مەهابادیان بە تاوانی خەبات لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانیان و و تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەکۆمەڵ ئێعدام کرد. لەو بۆنەیەدا و لە یادی ئەو ئازیزە خەباتکارە لەدەستچووانەدا سڵاو بۆ گیانی پاکیان دەنێرین و ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریی هەموو زیندانییانی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنێرین.

بێ‌شک زیندانیی سیاسیی کورد هێمای کۆڵنەدان و خۆڕاگری گەلێکە بۆ ئازادی، دێموکراسی و سەروەریخوازیی کورد . بەندییە سیاسییەکانی کوردستان  لەم پێناوەدا گرتن و ئازار و ئەشکەنجە کۆڵی پێ نەداون و بە ئیرادەیەکی پۆڵایین لە بەرانبەر ستەمکاراندا ڕاوەستاون. ئەوان چاڵەڕەش و بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان کردۆتە مەتەرێزی خەبات و خۆڕاگری و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕۆژەدا سڵاو دەنێرێ  بۆ گیانی پاکی تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بەتایبەتی سەرجەم شەهیدانی زیندانیانی سیاسیی و لە بەرانبەر مەزنی و خۆڕاگری و ڕاوەستاویی بەندییە سیاسییەکان سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین.

لە جینایەتی ١٢ی جۆزەردانی ٤١ ساڵ لەوە پێشدا، جۆری گرتنی ئەو ٥٩ خەباتکارە سیاسییە، لێکۆڵینەوە لەوان لەژێر ئەشکەنجە و جۆری دادگایی‌کردن و ئێعدامی بەکۆمەڵیان و، هەروەها شوێن‌بزرکردنی تەرمەکانیان نموونەیەکی دیار لە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ناڕازییان و نەیارانی سیاسیی خۆی لە بەندیخانەکانی دابوو کە هەتا ئێستاش دەرحەق بە خەباتکارانی سیاسیی کورد درێژەی هەیە. هاوکات ئەم تاوانە سامناکە نیشانەی سیاسەتی سیستماتیکی قڕکردنی فەرهەنگی و فیزیکیی ڕێژیمە دژی گەلەکەمان.

هاونیشتمانانی خۆشەویست!

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانیەوە بە میلیتاریزەکردنی کوردستان و بە پەنابردنە بەر هەموو جۆرە سەرکوتێک، لە گرتن و ئێعدام و سەپاندنی زیندان بەسەر مافخوازانی کوردەوە بگرە هەتا تێرۆری ڕێبەران و کارد و پێشمەرگەکان، بۆردومانی ناوچە ئاوەدانەکان، تاڵانی سەرچاوە سروشتییەکان و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی فەرهەنگی و پەرەدان بە دیاردە کۆمەڵایەتییە زیانبارەکان لە کوردستان؛ هەوڵی داوە ئیرادەی گەلەکەمان تێکبشکێنێت. پێشێلکاریی زەق و بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، سیاسەتێکی ئامانجدار بووە بۆ کپکردنی دەنگی مافخوازی و ئازادیخوازیی گەلەکەمان. بەداخەوەش کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە جیهانییەکان هەڵوێستی شیاو و پڕبەپێستی ئەم تاوان و جینایەتانەی کۆماری ئیسلامییان لەهەمبەر ئەم ڕێژیمدا نەگرتوەتە بەر و بەرژەوەندییە کورتخایەنە سیاسی و ئابوورییەکانیان خستووەتە سەرووی بەها مرۆییەکان. ڕێژیمی ئێرانیش بە قۆستنەوەی ئەو هەلە و خراپ کەڵک‌وەرگرتن لەم دۆخە، تاوان و جینایەتەکانی بەتایبەت سەرکوتی خەڵک لە کوردستانی پەرە پێ داوە. سەرەڕای ئەمەش، مێژوو شایەدە کە گەلی کورد و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی هەرگیز تەسلیم نەبوون. زیندانەکان نەک هەر ئیرادەی پۆڵایینی تێکۆشەرانی کوردیان تێک نەشکاندوە، بەڵکوو ئەوان زیندانەکانیشیان کردوەتە سەنگەری خۆڕاگری و ناوەندی پێگەیاندنی نەوەیەکی وشیار و سوور لەسەر گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکان. بەڕێکردنی پڕ جۆش و خرۆشی لاوان بەرەو زیندانەکان و پێشوازیی حەماسی لە ئازادکراوان، بەڵگەی ئەم ڕاستییەن کە گوتاری خۆڕاگری بەسەر گوتاری تەسلیم‌بووندا زاڵ بووە و هیوای داهاتوویەکی ڕووناک لە دڵی خەڵکی کوردستاندا زیندوە.

زیندانییانی سیاسیی قارەمان!

ئێوە بە خۆڕاگری و لەژێر هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکی ڕوحی و جەستەییدا، ئاڵای خەبات بۆ ئازادیی کوردستانتان بەرز ڕاگرتوە و ئیلهامبەخشی تەواوی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و نموونەی بەرزی پابەندی بە ئامانجەکانی گەلەکەتانن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێز لە خەباتتان دەگرێ و خۆڕاگریی ئێوە بە زامنی بەردەوامیی خەبات و مژدەدەری سەرکەوتنی کۆتایی دەزانێت.

دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجە بەرزەکانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بەتایبەتی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان، و بە دەربڕینی سپاس و پێزانینی دووبارە لە خۆڕاگری و سەبووریی بنەماڵەکانی زیندانیانی سیاسی، دڵنیایە کە خوێنی شەهیدان و ئازاری زیندانییانی سیاسی دێتە بەر و گەلی کورد لە کوردستانێکی ئازاد و دێموکراتیکدا، بە مافە پێشێلکراوەکانی خۆی دەگات.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان!

بەرز و پیرۆز بێت یاد و بیرەوەریی تەواوی زیندانیانی سیاسی، ئەم قارەمانە گومناو و ناودارانەی گەل!

هەر شەکاوە بێت خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردستان!

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی