
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ، کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ تێکۆشەری دێرینی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەلا "عومەر عەسری" لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.
شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید، پێکهاتوو لە هاوڕێ عینایەت دەشتی ئەندامی کۆمیتەی گشتی، ڕەحمان کاژەیی و محەممەدئەمین ڕەشیدیان لەو کۆڕەدا بەشدار بوون و پرسە و هاوخەمیی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبیان لە وڵاتی سوید گەیاندە بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو.
پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید بەو بۆنەوە لەلایەن محەمەدەمین ڕەشیدی خوێندرایەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، مەلا عومەر عەسری، کەسایەتی و تێکۆشەری سیاسیی کورد لە وڵاتی سۆید کۆچی دوایی کرد.
مەلا عومەر عەسری پێش شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران تێکۆشانی سیاسیی خۆی بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی دەست پێکرد و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش خەبات و تێکۆشانی سیاسی لەدژی ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی پەرە پێدا.