کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی یەک مانگدا لانیکەم ١٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون

10:53 - 15 بانەمەڕ 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو'' لە ماوەی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٥ی زایینیدا کە بە هەتاوی هاوکاتە لەگەڵ (١٠ی خاکەلێوە هەتا ١٢ی بانەمەڕ) سزای سێدارەی لانیکەم ۱۲۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

 ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠٢٤ لانیکەم ۴۵ حاڵەت واتا ٥٩ لەسەد بەرز بووەتەوە. لە مانگی ئاوریلی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۷۷ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لەو مانگەدا، لانیکەم ۵ چالاکی ئایینی، ۳ بەندکراوی سیاسی و ٤ ژن لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

هەروەها لە سەرجەم ئەو ۱۲۲ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لەسێدارە دراون، تەنیا ۳ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکانی دەزگای بە ناو دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۷ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و هەبوونی مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ئاوریلدا لانیکەم سزای سێدارەی ۳۲ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ٢٦ لەسەدی کۆی حاڵەتەکان پێک دێنێت. هەروەها ١۵ بەندکراوی لوڕ، ۱۴ بەندکراوی کورد و ۱۱ بەندکراوی تورک لەسێدارە دراون.

هەروەها لە ماوەی ئەو مانگەدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ۵۸ حاڵەت واتا ۴۷.۵ لەسەدی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ۲۳ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە، و زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان کە ۲۱ حاڵەتە لە بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا تۆمار کراوە.