کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۷۹ کەس لە ماوەی یەک مانگدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەرکراون

11:19 - 15 بانەمەڕ 2725

بە پێی ڕاپۆرتی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو'' لە ماوەی مانگی ئاوریلی٢٠٢٥ی زایینیدا کە بە هەتاوی هاوکاتە لەگەڵ (١٠ی خاکەلێوە هەتا ١٢ی بانەمەڕ) لانیکەم ۷۹ کەس کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە سەرانسەری ئێراندا لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەو ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی ۵۵ حاڵەت واتا ۴۱ لەسەد کەم بووەتەوە. و لە ماوەی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٤دا لانیکەم ۱۳۴ هاووڵاتی دەسبەسەر کرابوون.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی هەنگاو، لانیکەم ۸ چالاکی ژن، ۴ منداڵ، ۳۵ هاووڵاتیی بەلووچ و ۲۱ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە ایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون و زیاترین حاڵەتەکانی دەسبەسەرکران لە پارێزگای  بەلووچستان بە ۳۵ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

شایانی باسە ئەو ۳۵ هاووڵاتیی بەلووچە کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون بەرانبەرە بە ۴۴ لەسەد و لانیکەم ۲۱ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەرکراون کە بەرانبەرە بە ۲۶.۵ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە سەرانسەری ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوودا.

هەروەها لەو مانگەدا لانیکەم ۴ منداڵی ژێر تەمەنی ۱۸ ساڵ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە ۵ی لەسەدی کۆی دەسبەسەرکراوان بوون و ئەو ٤ منداڵە  ٣ منداڵی بەلووچ و منداڵێکی کورد بووە.

 لە لایەکی دیکەوە ٨ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە ۱۰ لەسەدی کۆی دەسبەسەرکراوانی ئەو مانگە پێکدێنن.

هەروەها لەو ئامارەی هەنگاودا هاتووە کە لە مانگی ڕابردوودا پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان، مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، چالاکی میدیایی و هونەرمەندیش لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.