کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵگەی گیانلەدەستدانی حەمید حوسێننژاد بەڵگەی لەسێدارەدانێکی نهێنییە

11:42 - 18 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤، پاش ١٧ ڕۆژ بەدواداچوون، بنەماڵەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەڵگەی کۆچی دوایی ناوبراویان وەرگرت؛ بەڵام ئەم بەڵگەیە بە بێ ئاماژە بە شوێنی دیاریکراوی لەسێدارەدان، هۆکاری ڕوونی مردن و بە بێ پشتبەستن بە بڕیاری دادوەری دەرچووە. لە بەشی هۆکاری مردندا بە بێ شیکردنەوە سەبارەت بە شێواز یان شوێنی لەسێدارەدان چەمکی "سزادانی یاسایی" هاتووە. هەروەها هیچ ژمارە بڕیار، ڕێکەوتی جێبەجێکرانی سزا یان ناوی بەرپرسێکی دادوەریی تێدا نەهاتووە. ئەم بۆشایی زانیارییانە، ناکۆکیی لەگەڵ بنەماکانی دادڕەسی دادپەروەرانە و یاسا نێوخۆییەکانی خودی ڕێژیم وەک ماددەی ٢٢ی یاسای تۆمارکردنی باری کەسێتی و ئایینامەی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکان هەیە و بە ڕوونی نموونەی لەسێدارەدانی نهێنی و پێشێلکردنی مافی بنەماڵە بۆ مافخوازی و ئاگاداربوونەوە لە هەقیقەتە.

کوردپا لە راپۆرتێکدا لەمبارەوە رایگەیاندووە ئەم بەڵگەیە کە لە جیاتی ڕوونکردنەوە، پشتی بە ناڕوونی و بێدەنگی بەستووە، نە تەنیا پێشێلکاری یاسا نێوخۆییەکان و پێویستییەکانی دادڕەسی لە ئێرانە، بەڵکوو بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ لەوانە مافی ئاگاداربوونی بنەماڵە لە شوێن، کات و هۆکار مەرگی ئازیزەکەیان پێشێل دەکات. لە دۆخێکی وادا ئەم بەڵگەیە نە بەڵگەیەکی جێگای باوەڕی دادوەری، بەڵکوو شاهێدی جێبەجێکرانی سێدارە بە نهێنی، بە بێ چاوەدێریی یاسایی و لەژێر سێبەری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە.

لە بەڵگەی کۆچی دوایی حەیدەر حوسێننژاددا، ڕێکەوتی کۆچی دوایی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ ڕاگەیەندراوە، بەڵام بنەماڵەکەی تا دوو ڕۆژ دوای ئەوەش ئاگاداری ڕووداوەکە نەبوون و بەرپرسانیش زانیاریی هەڵەیان پێ دابوون.

کاتی تۆمارکردنی کۆچی دوایی هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵەکە لەلایەن هەواڵدەریی فارس و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە هەمان ڕۆژدا، کە ئەمە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی نهێنی لەم ماوە زەمەنییەدا زیاتر دەکات.

ناڕوونییە سەرەکییەکان لە بەڵگەی کۆچی دوایی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بریتین لە

ناڕوونیی هۆکاری کۆچی دوایی کە بە شێوەی گشتی باسی لێ کراوە، ئاماژەنەکردن بە شوێنی جێبەجێکردنی سزا و هەروەها نەبوونی ژمارەی بڕیاری کۆتایی، ناوەندی دەرکردن و واژۆی دادوەریی جێی باوەڕ.