
ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٧ و ١٨ی جۆزەردان کۆمەڵێک حیزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە بڕوایان بە سیستەمێکی کۆماری، دێموکراتیک و سێکۆلار بۆ داهاتووی ئێران هەیە بە کۆبوونەوە لە سێمینارێکدا هەنگاوەکان بەرەو ئەو ئامانجەیان خستە بەر باس و تێڕامان.
لە دوای بانگهێشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو سێمینارەوە، هەیئەتێک بە سەرپەرشتیاریی کاک شەهریار نەقشبەندی بەشداریی ئەو سێمینارەیان کرد.
مەبەستی سەرەکی سێمینارەکە دۆزینەوەی ڕێگایەکی زانستی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دامەزراندنی سیستەمێکی کۆماری سێکۆلار و دێموکراتیک لە داهاتووی وڵاتی ئێراندا بوو.
ئەو سێمینارە وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ لێکتێگەیشتن و تاوتوێکردنی بیروڕای بەشداربووان بوو تا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو هەلە بڕەخسێت کە کۆماریخوازەکان بتوانن یەکەم کۆنگرەی خۆیان بەڕێوە ببەن .
لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا چەندین کەسایەتیی سەربەخۆ و نوێنەری حیزبەکان و وتەبێژی چەند لایەن و ڕێکخراوی سیاسی بۆچوونەکانی خۆیان لە ڕێگای وتار و بەیاننامە بۆ ئامادەبوون خوێندەوە.
کاک شەهریار نەقشبەندی لە وتارێکدا وتی داڕمانی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دۆخی خراپی ژیانی هاووڵاتییانی ئێرانی و تێکدانی ژینگە و سروشتی وڵات و دەستێوەردانی نەرێنی و خراپەکارانە لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ و ئاژاوەگێڕی لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی لە ناوچە و نێردراوەکانی لە وڵاتانی دوور و نزیک خەڵکی ئێران و وڵاتانی دەوروبەر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو باوەرە گەیاندووە کە بەردەوامیی ئەو ڕێژیمە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و پەرەپێدانی زیاتری تێرۆر لە ناوچە و برسیەتی و لەسێدارەدان و زیندان و هاڵاواردن لە ناوخۆی وڵات.
هەروەها وتیشی بێگومان ڕووخانی کۆماری ئێسلامی لە داهاتوو ڕوو دەدات و دەبێ خۆمان بۆ ئەو ڕووداوە ئامادە بکەین و هاوئاهەنگی و هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی دژی ڕێژیم بەردی بناغەی ئەو گۆڕانکاری و ڕووداوانە دەبێت بەرەو سەرکەوتن.
کاک شەهریار لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوە کرد کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هیچ کاتێک خوازیاری شەڕی چەکداری نەبووە ئەگەر لە مێژووی خەباتدا پەنای بۆ چەک بردووە تەنیا بۆ بەرەنگاری لە گەلی کورد بووە و لە داهاتوودا لە ئەگەری هەر جۆرە هێرش و داگیرکارییەک بەرگری لە مافەکانی خۆمان دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە گەلانی ناوخۆ کرد درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەن و لەهەمبەر ستەم و نادادپەروەریی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن، لەبەر ئەوەی دوژمنی سەرەکیی هاونیشتمانییانی ئێرانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لە کۆتایی سێمینارەکەدا لە نێوان نوێنەرانی لایەنەکانی بەشدار بوو بەمەبەستی کۆبەندی کۆبوونەوەکە گفتوگۆیەک کرا و چاوەڕێیان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی ئەو ئەو سێمینارە ڕابگەیەندرێت.