
ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ هاوڕێیان سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب لە ئوسترالیا و زاهید کەریمی کادری حیزب لە شاری بریزبێن لەگەڵ سێناتۆر پۆڵ سکار گەورە سێناتۆری حیزبی لیبراڵ و وەزیری سێبەری کۆچ و جەیسن سەندرۆپ بەرپرسی دەفتەری سێناتۆر سکار کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا هاوڕێیانی حیزبی دێمۆکرات وێڕای پیرۆزبایی گەرم بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی پۆڵ سکار وەک سێناتۆر ،ڕاپورتێکیان لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم و بەرنامەی خرابکارانەی باڵوێزخانەکانی ئێران کە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەی دەبەن و سەرکووتی ناڕەزاییەتییەکانی ناوخۆی وڵات پێشکەش کرد.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە سەرکوتی بەردەوامی نەتەوەکانی ناو ئێران و گەلی کورد بە تایبەتی و ئێعدامی جیابیران کرا و داوایان لە سێناتۆر سکار کرد کە ئەو بابەتە لە بەشی پێوەندیداردا بێنێتە بەر باس و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لەقاو بدات.
ناوبراو وەک جارانی پێشوو خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو چاوپێکەوتنە دەربڕی و بەڵێنی دا سەرەڕای گازندەی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هاوکاریی هێزەکانی ئوپوزیسیونی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبردنی سێمیناری ساڵی ڕابردوو لە پارلەمانی ئوسترالیادا شێلگیرانەتر لە جاران هاوکار دەبێ بۆ هەر هەوڵدان و تێکۆشانێکی دژبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناو ئوسترالیا و لە هیچ هاوکارێک کۆتایی ناکات.
هەروەها ڕایگەیاند کە بۆ داڕشتنی هەر بەرنامەیەک کە خزمەت بە دۆزی کورد لە ئێران بکات ئامادەی هاوکارییە.
بەشێکی کۆتایی کۆبوونەوەکە هێندێک پرسی جێگای سەرنجی هەر دوولا بوو کە بەرنامەی پێویستی بۆ دانرا.