
بۆ بێئەنجامە؟
شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕەوە کۆمەڵێک لە کامیۆنداران لە بەندەرعەباس دەستیان دایە مانگرتن کە لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە مانگرتنی سەرانسەری کامیۆنداران لە ئێران و زیاتر لە ١٦٣ شاری ئێرانی گرتەوە؛ ئەم مانگرتنە سەرانسەرییە کە بەهۆی سیاسەتە هەڵە و چەوتە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیم هاتنە ئاراوە و تێیدا باس لە دانی مافە پێشێلکراوەکان کرابوو بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێ هات. ئەمەش بۆ جارێکی تر ئەو پرسیارە جەوهەرییەی خوڵقاندەوە کە بۆچی بێئەنجام بوو؟ یان لانیکەم چ ئەنجامێکی هەبوو لەسەر دۆخی ژیانی مانگرتووان؟
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەگەر نەڵێین هەزاران ئەوا سەدان مانگرتن و ئێعترازی سینفی لە ئێراندا بەڕێوە چوون؛ هەر لە مانگرتنی مامۆستایانەوە بگرە تا پەرەستاران و خانەنشینکراوان و کرێکاران و کامیۆنداران بەڵام گۆڕانێکی بنەڕەتی و هەستپێکراوی لەسەر بارودۆخیان پێک نەهێناوە و پاش دامرکانەوە دوای ماوەیەکی تر دووبارە سەریان هەڵدایەوە و دووبارە دامرکانەوە.
بۆ خەسارناسیی ئەم پرسە و دۆزینەوەی وڵامێکی دروست بۆ پرسیارەکەمان، سروشتییە کە دەبێ فوکوس بخەینەسەر سەر لایەنی پێکهاتەیی مانگرتنەکان؛ بەو واتایە کە دەبێ بزانین لەڕووی ساختاری و ستراکچێر و پێکهاتەییەوە چ لاوازییەک هەبووە کە نەیتوانیوە مانگرتنەکان بکاتە هێزێکی مەعنەوی و لە فۆڕمی گۆڕانخوازییەوە بیکاتە فۆڕمێکی گۆڕانخوڵقێن.
پڕئاشکرایە یەکێک لە کێشەکان لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەکانی ڕێژیمە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە لەمەڕ لاوازکردن و تەنانەت لەنێوبردنی ئەنجومەنەکان، ئێنجیئۆکان و ڕێکخراوە سینفییەکان کە بۆخۆی دەبێتە هۆکاری لێکنیزیککردنەوە و گرێدانی ویستەکان و سازکردنی جۆرێک لە یەکیەتیی سینفی و بەکۆمەڵ.
ڕێژیم لە ترسی ئەو یەکگووتارییەی کە بەهۆی ڕێکخراوکانەوە ساز دەبێ هەوڵی سیستماتیکی داوە و دەیدات کە ئەم جۆرە نیهادانە یان نەمێنن یان زۆر لاواز دەرکەون؛ کەواتە هەنگاوی یەکەم بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتە و هەوڵدانە بۆ بنیاتنانی وەها بنیاتگەلێک کە توانای ڕێکخستن و هاواهەنگکردنی لەنێو چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگە هەیە.
لە هەنگاوی دووهەمدا دەتوانین بڵێین سازکردنی هاوپێوەندی لە نێوان ئەم نیهادانە دەتوانێ هەمووان بەو ئاستە لە تێگەیشتنی سیاسی بگەیەنێت کە هەمووان خاوەنی دەردێکی هاوبەش و چارەنووسێکی هاوبەشن. بە دیوێکی تریدا ئەودەم هەمووان دەزانن ئەگەر ئەوڕۆ مامۆستایان لەگەڵ گرفتێکی سینفی بەرەوڕوون سبەینێ نۆرە دەگاتە پەرستاران و دووسبەی کامیۆنداران و لەکۆتاییدا هەموو چین و توێژەکان؛ ئەمەش وا دەکات کە هەمووان بزانن پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی یەکتر یان بەپێچەوانەوە پشتیوانینەکردن لە داواکارییەکانی یەکتر دەتوانێ بە باری ئەرێنی و نەرێنی شوێندانەری دابنێ لەسەر ڕەوتی ژیان و خەباتیان.
واتە ڕای گشتی دەبێ بزانێ کە ئەگەر ئەوڕۆکە کامیۆنداران بۆ خواستی سێنفیی خۆیان دێنە سەر شەقام و مان دەگرن، ئەوا تەنیا خواستێکی سینفی نییە بەڵکوو پێوەندیدارە بە هەموو ژیانی کۆمەڵگەوە و ژان و ئازاری ئەوان ژان و ئازاری ئەوانی تریشە.
فێڵێک کە کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی ئەم ساڵانە لە سینفە جۆراوجۆرەکانی کردووە و دەیکات بریتییە لە دانی وادە و بەڵێنی بێبنەما؛ جارێک لە سەر زاری کاردارێکی ناوچەیی و جارێکی تر لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵاتر و هەندێ جاریش لەسەر زاری گەورەبەرپرسانی حکومەتی. ئامانجی ڕێژیم لەو کاتانەدا بریتییە لە کۆتاییهێنان بە مانگرتن یان ئێعترازەکە بەو هیوایەی کە ساردبوونەوەیەک بێتە ئاراوە و ناڕازییان بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. بەردەوامبوونی ئەم میکانیزمە بەدرێژایی چەند مانگ و ساڵ دەبێتە هۆی ئاساییببونەوەی دۆخە نالەبارەکە و ناچاربوونی ناڕازییان بە خۆگونجاندن لەگەڵی؛ ئەمەش لە قۆناغی دواتردا جۆریک لە بێهیوایی درووست دەکات کە ناهێڵێ بۆ جارێکی تر ئیرادەی مانگرتن و ئێعتراز سەر هەڵبدات.
خاڵێکی گرینگی دیکە کە لێرەدا دەبێ قامکی لەسەر دابنێین لەڕاستیدا نەبوونی پلانە لەڕاستای بەئەنجامگەیاندنی خواستەکان؛ واتە کاتێک مانگرتنێک دەس پێدەکات سرووشتییە کە دەبێ ڕێکخەرانی مانگرتنەکە خاوەن پلان و بن بۆ ڕۆژانی دواتری چالاکییەکەیان. پلان بە مانای ئەوەیکە هەم بزانن دەبێ چی بکەن و هەمیش بزانن کە نابێ چی بکەن. دەبێ ڕوون بێ کە بەدیلەکانی بەردەمیان کامانەن و دەیانهەوێ بە پێی چ نەخشەڕێگایەک بجوڵێنەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەڵکی تەواو لە ئیمکانی ڕاگەیاندن وەربگیرێ و دەسەڵاتی چوارەم بکرێتە بەستێنخوڵقێن بۆ گەیاندنی دەنگییان بە ڕای گشتی هەم لە نێو جوغڕافیای ئێران و هەمیش ئەودیو سنوورەکانی ئێران. ئەمەش ئەرکێکە لەسەر شانی ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵات کە دەتوانن نەخشێکی پۆزەتیڤ بگێڕن تێیدا.
بە دیوێکی تریدا پێویستە لە نەبوونی نیهادە ڕەسمییە ڕێگەپێدراوەکاندا هەندێک تۆڕی ناڕەسمی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی تاران دابمەزرێت کە بتوانێ بەپەلە خۆی لەگەڵ دۆخی هەنووکەیی بگونجێنێ و وێڕای گواستنەوەی خێرای زانیارییەکان، هاواهەنگییش دروست بکات و توێژ و سینفە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵ بهێنێتە سەر هێڵ بۆ پشتیوانی؛ هەڵبەت کە دەوترێ پشتیوانی مەبەست تەنیا پشتیوانی سەرزارەکی یان لە ئاستی دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک نییە بەڵکوو پشتیوانی کرداری و بەکردەوە.
بەگشتی و لە کۆتاییدا دەتوانین بێژین بارودۆخی ژیان لە ئەوڕۆی ئێران بە چەشنێکە کە بەدڵنیاییەوە سیکلی مانگرتن و ئێعترازەکان نەک کەم نابنەوە بەڵکوو تا دێ زیاتر دەگەشێتەوە و خەبات لە شێوەی مەدەنی خۆی زیاتر بەدژی کۆماری ئیسلامی بیچم دەگرێ و پەرە دەستێنێ؛ ئەم هەقێقەتە وامان لێ دەکات کە بێینە سەر ئەو قەناعەتەی گەر دەمانهەوێ لە داهاتوودا مانگرتن و ئێعترازەکانمان بێئەنجام نەمێننەوە و نەبێتە خوولاونەوە لە نێو بازنەی داخراو دەبێ و پێویستە ئەم خەسارناسییانە بەهەند وەربگرین و لە ئێستەوە ڕێکارمان هەبێ بۆ ئەو داهاتووەی کە مێژوو سەلماندوویەتی هی خەڵکانی ئازادیخوازە.