کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانی بەندکراوان لە مەترسیدایە

16:32 - 27 جۆزەردان 2725

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران بەپێی چەند سەرچاوەی متمانەپێکراو باسی لە مەترسی بۆ سەر گیانی بەندکراوان لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کردووە.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئیران لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: "بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ـی جۆزەردانی ١٤٠٤، بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بەشێک لە بەندکراوانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە".
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە گواستنەوەی بەندکراوان بەبێ‌ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و هەروەها بەبێ هیچ ‌ڕوونکردنەوەیەک ئەنجام دراوە.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە بنەماڵەی ژمارەیەک لە بەندکراوان سەردانی بەندیخانەکەیان کردووە و ئاگادار کراونەتەوە کە ئازیزانیان لەو بەندیخانە نەماون و هیچ زانیارییەکی زیاتریش سەبارەت بە شوێنی مانەوەیان ڕادەست نەکراوە.
ئەم وڵامە ناڕوونە بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەو بنەماڵانە و هەروەها ناوەندە مافی مرۆڤییەکان.
 بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەندکراوەکان لە گرووپی پێنج و شەش کەسیدا بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
بەرپرسانی بەندیخانەکە لەم بارەوە تاکوو ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەمانە، ڕۆژی ڕابردوو چەند ڕاپۆرتێک لەسەر بەندیخانەی "دیزڵاوا"ـی کرماشان بڵاو بوویەوە کە باسی لە کوژران و برینداربوونی نزیکەی ٤٠ کەس لە بەندکراوانی ئەم بەندیخانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکرد.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ دەوروبەری بەندیخانەی دیزڵاوا، بەندکراوەکان لە ترسی بوردومانەکان خوازیاری ئەوە دەبن کە شوێنەکەیان بگوازرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پێداگری لەسەر داواکارییەکەیان دەکەن، بەڵام بەڕەوڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی بەندیخانەکە دەبنەوە و لە ئاکامدا ١٠ بەندکراو دەکوژرێن و سەروو ٣٠ کەسیش بریندار دەکرێن.

هاوکات نامەیەک لەلایەن "سایە مەهوەش سەیدال"، بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی ئێڤین، بڵاو بووەتەوە کە باس لە دۆخی ناجێگیری بەندکراوان لە ئێڤین بە بۆنەی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلەوە دەکات.
 ناوبراو لە بەشێک لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "هەموومان لە نێوان ترس و دڵەڕاوکێی بۆمبەکانی ئیسرائیل و خەنجەری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا کات بەسەر دەبەین، هەموو ساتێک مەرگی خۆمان لە پێش چاومانە و لێرە هیوا تاوانە و هیچ باسی ئەمنییەتمان بۆ مەکەن".
بە گوێرەی هێندێک لە زانیارییەکان شەوی ڕابردوو هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز، دەورووبەری بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەیان گەمارۆ دابوو تاکوو پێش بە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک لەنێو بەندیخانەکە بگرن.
بەندکراوانی سەقز پاش چالاکییەکانی پەدافەندی پادگانی ئەرتەش کە لە بەرامبەری بەندیخانەکەدایە، داوایان کردبوو کە شوێنی مانەوەیان لە نزیک ئەم پادگانە بگوازرێتەوە چونکە گیانیان لەژێر مەترسیی جیددیدایە.