
سەرەڕای دۆخی قەیراناویی شەڕ لە ئێران، کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە حەفتاوسێهەمین حەفتەی خۆیدا بە مانگرتن لە ٤٧ بەندیخانەی سەرتاسەری ئێراندا بەڕێوە چوو.
چالاکانی ئەم کەمپەینە ڕایانگەیاندووە کە سێدارە نەک سزایەکی دادوەری بەڵکوو جینایەتێکی دەوڵەتییە کە ئامانجەکەی سەرکوتی سیاسی، دروستکردنی ترس و بێدەنگکردنی دەنگی مافخوازیی خەڵکە.
لە دەقی بەیاننامەیەکدا کە ئەم کەمپەینە بڵاوی کردووەتەوە، بە ئاماژە بە دۆخی شەڕی داسەپاو بەسەر خەڵکی ئێراندا، ئەم شەڕەیان بە بەستێنێک بۆ خێرابوونەوە و زۆربوونەوەی توندوتیژییە سیستماتیکەکان زانیوە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتای مانگی جۆزەرداندا لانیکەم ١٢٦ کەس لە سێدارە دراون. لە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەرداندا، ئیسماعیل فکری بەندکراوی ئەمنییەتی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵە و پارێزەرەکەی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج و بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە درا.
لەسێدارەدانی ئیسماعیل فکری لە چوارەمین ڕۆژی دەسپێكی شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا، نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکانی زیاتر کردووە.