کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەشی پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ حیزبی دێمۆکرات مەسیحی ئاڵمان (CDU)

12:47 - 29 جۆزەردان 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٥) ، مستەفا قازیزادە لە بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و خاتوو لەنیا ڕەسووڵی ئەندامی حیزبی دێموکرات لە ڕێگای تۆڕی میدیای تیمز لەگەڵ کریستیان کرێمێر بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی دێمۆکرات مەسیحی ئاڵمان (CDU) لەسەر ڕەوشی ئێستای وڵاتی ئێران کۆ بوونەوە.

ئەو حیزبە بەشداری سەرەکیی دەوڵەتی ئەم وڵاتەیە.

 

لەم کۆبوونەوەیەدا زۆر بە ڕوونی باسێکی چڕ لەسەر ئێستای ئێران کرا.

بەڕێز کریستیان کرێمێر زۆر بە دڵگەرمی و ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو کۆتایی دەڕوات و هیوای خواست کە هیچ جۆرە ئازارێک بە هاوڵاتییانی ئاسایی ئێران نەگات.

 

لە درێژەی باسەکەدا مستەفا قازیزادە باسی لە ڕۆڵگێڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک بەهێزترین و ڕێکخراوترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆن لە ئێران کرد.

هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە میللەتی کورد لە دواڕۆژی ئێران نەخشێکی سەرەکیی دەبێت.ناوبراو ئەوەشی شی کردەوە کە دێموکراسی لە داهاتووی ئێران بەبێ بەشداریی کورد لە دەسەڵات و بەبێ بەڕەسمی ناسینی مافی نەتەوەیی هەموو نەتەوەکان، دەستەبەر ناکرێ. ئەو داوای لە کریستیان کرێمێر کرد کە حیزبەکەی پاڵپشتی خۆی بۆ ڕۆژهەڵات دەرببڕێ.

 

لە درێژەی باسەکەدا خاتوو لەنیا ڕەسووڵی بە وردی باسی لە هێرشەکەی ١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥  زایینی لەلایەن ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و جەختی لەسەر هەموو وردەکارییەکان کرد و هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە وڵاتی تیرۆریستی ئێران ڕووی داوە ڕوون کردەوە.

شایەنی باسە کە بە وردی باسی لە هەموو ئەو شوێنە گرینگانەی ئێران کرد کە بوونە ئامانجی ئیسرائیل. ئەو هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئیسرائیل تەنها ئامانجی بارەگا سەربازی و ئەتۆمییەکانە، بەڵام بەداخەوە ئێران هاوڵاتییە بێ گوناحەکان دەکاتە ئامانج.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز کریستیان کرێمێر داوای کۆبوونەوەی دووبارەی بە زووترین کات کرد بۆ ئەوەی کە زیاتر ئاگاداری ڕەوشی وڵاتی ئێران ببێت.