کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر باباخانی: چ بە مان و چ لە نەمانی کۆماری ئیسلامیدا، گوتاری هاوبەشی حیزبەکانی کوردستان قورسایی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە!

15:34 - 30 جۆزەردان 2725

ناسر باباخانی:

چ بە مان و چ لە نەمانی کۆماری ئیسلامیدا، گوتاری هاوبەشی حیزبەکانی کوردستان قورسایی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە!


 

دیمانە: کوردستان

ئاماژە: شەڕی ئیسڕائیل و ئێران حەوتوویەکی تێپەڕاند، شەڕێک کە هیندێک لایەن سەرەتاکەی بۆ کوژرانی قاسم سولێمانی، هیندێک بە ٧ی ئۆکتۆبر و لایەنی واشە بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە دروشمی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامیی دەگێڕنەوە. باس لەسەر چۆنیەتیی پلانی ئەم هێرشە چاوەڕەواننەکراوە لە کاتێکدا ئێران سەرقاڵی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بوو، باڵانسی هێز لە ئێستادا، دوورەدیمەنی کۆتایی ئەم شەڕە، لێکەوتەکانی و کاریگەریی لەسەر پرسی کورد چەند تەوەری دیمانەیەکی "کوردستان" لەگەڵ ناسر باباخانی، مامۆستای زانکۆ و چاودێری کاروباری سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.

ناسر باباخانی

پرسیار: چۆن بوو ئیسرائیل بەم قەناعەتە گەیشت کە هێرشێکی ئاوا بەربڵاو و چاوەڕوان‌نەکراو بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران؟

پێم‌وایە بە پرسیارێکی گرینگ دەستت پێ کرد واتە چی ڕووی دا کە ئیسرائیل بڕیاری دا کە بەم شێوەیە هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی؟ وەک بۆخۆێ بنیامین نەتەنیاهوو باسی لێوە کرد دەڵێ ئێمە لە نۆڤامبردا پڕۆژەیەکی وامان هەبوو، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار دەستمان ڕاگرت. ڕەنگە گرینگترین هۆکار ئەوە بووبێ کە هەر ئەوکات تڕامپ بڕیاری دابوو کە سەرلەنوێ بەنیازە ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی واژۆ بکا و لەبەر ئەوەی کە نەتەنیاهوو دەیزانی کە تڕامپ کەسێکە کە زۆرتر حەزی لەوەیە جۆرێک لە هاوئاهەنگی لەگەڵیدا ساز بێ بۆیە دەستی ڕاگرت.

لە لایەکی دیکەوە ئێمە دەبینین کە لە ئەمریکا هەردوو لایەنی دێموکراتەکان و کۆماریخوازەکان دەگەنە پنتی یەکبوون سەبارەت بە کێشەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، کە بەڕاستی ئەم خاڵگۆڕانێک بوو. بۆ وێنە کەسێکی وەک چاک شومێر ئەندامی Gang of 8 واتە یەکێک لەو هەشت کەسەی لە ئەمریکا کە دەستی بە تەواوی زانیارییە نهێنییەکان ڕادەگا، هێرشێکی توندی کردە سەر تڕامپ و گوتی تۆ حەقی ئەوەت نیە ژێربەژێر لەگەڵ ئێران بکەوی ڕێککەوتن و ئەمە بە زەرەری ئیسرائیلە. هەرچدند ئەمە جۆرێ لە ململانێی حیزبییش بوو، بەڵام دواجار بە قازانجی ئیسرائیل شکاوە. لە لایەکی دیکەوە کۆماریخوازەکان دێننە مەیدان. سێ سێناتۆر لیندزی گرهام لە کارۆلینای باشوور، تام کاتن لە ئارکانزاس و کەیت بریت لە ئالاباما تەنانەت بە مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوە کە ئەوانە سەر بە باڵی نیۆکانسرڤاتیڤەکانن، ڕێزولووشێنێک (Resolution) دەدەنە دەر کە بە حوکمی چەندین دەیە فریو و درۆ، سروشتی وەحشیانەی کۆماری ئیسلامی و بە حوکمی ئەو هەڕەشانەی کە بەردەوام لە "بوونی ئیسرائیل" دەکا دەبێ بەرپەرچ بدرێتەوە. کەواتە لێرەدا کۆدەنگییەک لە نێوان دوو حیزبی سەرەکی ئەمریکا ساز دەبێ!

لە لایەکی دیکەوە پەسندی بڕیارنامەی ترۆئیکای ئورووپایی واتە فەڕانسە و ئالمان و بریتانیا لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزەی ئەتۆمی بە باوەڕی من کاتالیزۆرێک بوو بۆ ئەوەی کە ئیتر ئورووپا لامەلامەی جاران وەلابنێ و چالاکییەکانی ئێران بە نایاسایی و مەتەرسیدار ناوزەد بکا.

کۆی ئەوانە کە لەتەنیشت یەکتر دادەنێی هەست بەوە دەکەی کە جۆرێک لە ئیجماع جۆرێک لە کۆدەنگی بە دژی کۆماری ئیسلامی ساز بووە. هەروەها لە دوای ٧ی ئوکتوبر، زنجیرە دژکردەوەکانی ئیسرائیل بە دژی پڕاکسییەکانی ئێران و لەنێو بردنیان و تەنانەت ئەو هێرشانەی کە بۆسەر ئێرانی کرد، ئیسرائیل بۆی دەرکەوت کە بەڕاستی چ لەباری سەربازی، چ لەباری ئابووری، چ لەباری ناوخۆیی و چ لەباری پێگەی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە ئێران لە لاوازترین ئاستی خۆی‌دایە، ئەم هۆکارانە بوو کە ئیسرائیلی بەو قەناعەتە گەیاند کە ئێستا "گونجاوترین کات"ە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای خافڵگیری! ڕەنگە ئەم قسانەی دوایی تڕامپ بۆ پشتگیری لە ئیسرائیل و تەنانەت پەسند کردنی گەڵاڵەی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەم ڕاستییە بن کە پێشبینیی نەتەنیاهوو بە سەهوو نەچووە!

پلانەکەی ئیسرائیل واتە هێرشەکە چۆن بەرنامەڕێژی بۆ کرابوو؟

ڕەنگە کارناسانی سەربازی زیاتر بتوانن تێبینییان لەسەر ئەم باسە هەبێ بەڵام ئەوەی بەڕواڵەت دەیبینین و دەیبیسین دەکرێ بڵێێن بە چەند قۆناغدا تێپەڕی! بە قسەی میدیای ئەمریکی دەگوترێ چەندین ساڵ بوو ئیسرائیل خەریکی پلانداڕێژی و پراکتیزەکردنی ئەم پلانە بووە!

یەکەم کارێک کە ئیسرائیل کردی سەرەتا هات زۆربەی لانچەرە مووشەک‌هاوێژە بالیستیکییەکانی لەنێوبرد. دواتر سیستمی بەرگریی ئاسمانی وەک پەدافەندی ئاسمانیی تەفروتونا کرد. واتە ئاسمانێکی بەبێ پارێزی ساز کرد کە بوو بە مەیدانی تەراتێنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و بە کەیفی خۆیان هەر شوێنیک لە ئێران حەز و ئارەزوویان لێ بوو، لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان و کارگە مووشەکییەکانەوە بگرە تا بنکە سەربازییەکانیان بۆردومان کرد.

هەنگاوی دواتر ژنراڵەکان یان پاسدارە پلەبەرزەکان کە پێیان دەگوترێ سەردار، ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک هەڕەشە سەیر دەکران بۆ بوون و مەوجوودییەتی ئیسرائیل، لە فەرماندەی سپای پاسدارانەوە بگرە تا فەرماندەی هێزی ئاسمانی و تا سوپاسالاری ئەم وڵاتە و بە گشتی نیزیک بە پەنجا کەس لە بەرزترین ئاستی سەربازی کەوتنە بەر ئەم هێرشە! دیارە کوشتنی ئەوانەی بە هەڵە ناویان نراوە زانای ئەتۆمی، ئەوانیش بەشێک بوون لەم ئۆپەڕاسیۆنە. دواجار ناوەندەکانی دەوڵەت و وەزارەتە جۆربەجۆرەکان لە وەزارەتی ئیتلاعات و بەرگرییەوە بگرە تا وەزارەتی ناوخۆ، داد، دەرەوە و تەنانەت دەنگ‌وڕەنگی ئەم وڵاتە، هەمووی ئەوانە وەک نماد و هێمای دەسەڵاتی دەوڵەتی جێگیر و حکوومەت کران بە ئامانج! بەم شێوەیە توانی بارێکی ڕەوانی ساز بکا و نیشان بدا هێرشەکانی ئیسرائیل ورد و مەبەستدارن. ئەم هێرشانە ئەوەندە کاریگەر بوون کە ئێستا پاش حەوتوویەک کوشتنی خامنەیی و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بۆتە ڕۆژەڤی میدیایی!

جیاوازیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی چ بوو و چمان پێ دەڵێ؟
لە زۆر ڕەهەندەوە جیاوازی سەرەکییان هەیە کە بە باوەڕی من لەگەڵ هەموو تێبینی و مولاحزەیەکی کە لە سەر ئیسرائیل دەبێ هەبێ، دەکرێ بڵێین ئەخلاقی شەڕ و ئەوەی پێی دەگوتری ئەخلاق و پابەند بوون بە هێندێک پرنسیپ، زیاتر لە لای ئیسرائیل ڕەچاو کراوە، چون ئەوەی ئیسرائیل کردی بە شێوەیەکی مەبەستدار ڕێک دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالستیکی، سیستمی بەرگری هەوایی، سەرکردە سەربازییەکان، زانایانی ئەتۆمی و لە قۆناغی دواتردا هەر وەک لە پرسیاری پێشوودا باسم کرد لەنێوبردنی ئەو هێمایانەی کە سەلمێنەری حکوومەتێکی جێگیر و موستەقەرن لە ئێران وەک وەزارەتە جۆربەجۆرەکان، ئەوانە هەمووی بە شێوەیەکی مەبەستدار ئەنجام دراون و لەو نێوەدا سروشتیشە کە بەداخەوە خەڵکی سیڤیل کە لە نیزیک ئەو شوێنانەن ببنە قوربانی.

بەڵام ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی کردوویەتی "شەلم کوێرم ناپارێزم"ە یانی هەتا ئێستا تاقە یەک هەواڵ بڵاو نەکراوەتەوە کە بڵێین سەرکردەیەکی باڵای سەربازی، کەسایەتییەکی سیاسی، شوێنێکی سەربازی گرینگ یان وەزارەتخانەیەک بووبێتە ئامانج. دە لە سەدی ئەو مووشەکانەی کە هەڵدراون بۆ لای ئیسرائیل لە گومەزی ئاسنین و قەڵغانی داود تێپەڕیون و شوێنە مەدەنییەکانیان کردۆتە ئامانج، ئەوانی تر لە ئاسمان بەریان پێ گیراوە و لەنێو چوون. بۆیە ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەیکا بەدوورە لە پرنسیپەکانی ئەخلاقی شەڕ. من لەم دوو سێ ڕۆژەدا چەند وتوێژێکم هەبوو لەگەڵ میدیا جۆربەجۆرەکان کە لە هەندێکیان‌دا دەیانگوت ئەدی بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە شتێکی لەم چەشنە نیە یانی شتێکی بێ‌مەبەست و کوێر نییە؟ وڵامم بۆ ئەو تاقمە ئەوە بوو:

یەکەم، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی هێرش‌گەلێکی کوێر و بێ‌مەبەست بوون، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل، ئامانجە تایبەتەکان دەپێکن!

دووهەم، باسەکەی ئێمە شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامییە!

سێهەم، حەماس لە غەزە خۆی لە نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و مزگەوتەکان حەشار دەدا و توونێلی ساز دەکرد و لە ڕاستیدا قەڵغانێکی ئینسانی ساز کردبوو، بۆیە شتەکە جیاوازە.

ڕەنگە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم زنجیرە دژکردەوانەی کە ئیسرائیل هەر لە دوای ٧ی ئۆکتۆبرەوە ئەنجامی دا لە شەڕی پەیجێرەکان و لەنێوبردنی فەرماندە باڵاکانی حەماس و حیزبوڵڵا لە غەزە و لوبنان، تەنانەت لە سووریە دەبێ بەوردی باسی لێ‌بکرێ و تەنانەت ئەو زنجیرە دژکردەوانەی کە لە خاکی ئێراندا کران و لە چەند ساعەتێکدا بڕبڕەی پشتی سەربازی و چەکداری کۆماری ئیسلامی شکاند، دەبێ لە زانکۆ سەربازییەکان وەرد درێتەوە!

دەوری ئەمریکا بەوردی چ بوو؟ دەستی هەبوو لە هێرشەکان‌دا؟

دەوری ئەمریکا لەم هێرشەدا هەر وەک ئاکسیووس و واڵ‌ستریت‌ژورناڵ باسیان کرد دۆنالد تڕامپ سیاسەتی بەلاڕێدا بردن و فریوی کۆماری ئیسلامیی ڕەچاو کردبوو، واتە ڕێک لە کاتی دانوستانەکا‌دا، ئیسرائیل لە نێو خاکی ئێران خەریکی ئامادەکاری پلانێکی بێ‌وێنە بوو بۆ لەنێوبردنی لانچێرەکان!

نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد کە لە هەشت مانگ لەمەوبەرەوە ئەم گەڵاڵەیە داڕێژرابوو، بەڵام وێدەچێ کە دەمێک ساڵ بێ کە ئەوان خەریکی ئەوە بووبن. چون خۆت دەزانی لە ٢٠١٨ەوە کە زیاتر لە دە تۆن بەڵگەی ئەتۆمیی ئێران لەنێو خاکی ئێراندا بە ئۆپراسیۆنێکی کۆماندۆیی دەدزرێ و زانیارییەکان لە ڕێگەی سیستمێکی سیخوڕییەوە دێتە دەرێ و بەردەوام ئەم سیستمە سیخوڕییە خەریکی بەتاڵکردنی زانیارییەکان و دانی دیسینفۆرمێیشن بە ئێران بوو. بەڵام ئەمریکا دەورێکی وای گێڕا کە ئێران بەتەواوی سەرقاڵ بێ و هەرگیز بڕوای بەوە نەدەکرد کە ئیسرائیل لێی ‌بدا و ئەویش لە جەنگەی دانوستانەکاندا. هەر وەک عێراقچی باس دەکا و دەڵێ ئەوانە ئەو کارە ناکەن، حاجی‌زادە دەڵێ ئەوان ناوێرن ئەو کارە بکەن، خامنەیی دەڵێ ئەوانە بوێری ئەوەیان نیە هێرش بکەنە سەر ئێمە! کەچی بە پێچەوانەوە تووشی "خافڵگیری" بوون، خافڵگیری لە باشترین کاتی خۆیدا!
تەنانەت خودی ترامپ دەڵی ئەوەی ئیسرائیل کردی کارێکی "مەزن" بوو و دەڵێ ئەوان بەبێ گومان بە چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا توانیان ئەم ئۆپەڕاسیۆنە بە ئەنجام بگەیەنن. ئەمە ڕاستە، تۆ ئەگەر چاو لە هێزی ئاسمانی ئەم وڵاتە بکەی بە تەواوی مۆرکی ئەمریکی پێوە دیارە و بێ‌گومان ئەمریکا بە شیوەی لۆجیستیکی لەگەڵی بووە. تەنانەت لە دوای ئەو هێرشانە بەردەوام تڕامپ بە زمانێکی ستایش‌ئامێز باسی لەو هێرشانە کردوە و گوتوویەتی ئەگەر پێویست بێ ئەوانیش واریدی ئەو شەڕە دەبن و یارمەتیی ئیسرائیل دەدەن.

ئەمەش ئیجماعی هەردوو حیزبی کۆماریخوازان و دێموکراتەکانی لەسەر بوو؟

هەروەک لە سەرەتای وڵامی پرسیاری یەکەمیش‌دا ئاماژەم پێکرد بۆچوونی دووحیزبی (bipartisan) کە پێکەوە پیداگرن لەسەر ئەوەی کە دەبێ لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی داکۆکی لە مافی ئیسرائیل بکرێ، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئەمریکا ئەگەرچی ڕاستەوخۆ – تا ئێستا - لەم شەڕەدا نەبووە، بەڵام گەورەترین پشتیوانیی لە ئیسرائیل کردوە!

تەنانەت ئیسرائیل بەتێڕادیوی داوای لە ئەمریکا کردوە کە بەشداری ئەو شەڕە بێ و بۆمبە تایبەتە مەتەرێزشکێنەکانی بداتێ کە بتوانێ دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ لەنێو بەرێ. ئەم پەیوەندییە ئەوەندە قووڵە کە بە وتەی ڕۆیتەرز گۆیا هەر لە سەرەتاوە نەتەنیاهۆ ئامانجی ئەوە بووە کە خامەنەیی بکوژێ، بەڵام تڕامپ ئەم بڕیارەی ویتۆ کردووە و گوتوویەتی ئێمە ئیزن بەوە نادەین جارێ، ڕەنگە مولاحەزاتێکی سیاسی هەبووبێ. ئەوەش کە دەڵێ ئێمە دەزانین خامنەیی لە کوێ خۆی حەشار داوە و جاری بەنیازی کوشتنی نین، دەبێ لەم گۆشەنیگایەوە سەیر بکرێ!

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێک لە ئێستادا چی بەسەر هاتوە؟ چ خوێندنەوەیەک دەکرێ بۆ ئەو دۆخەی تێیدا قەتیس ماوە؟

بێگومان کۆماری ئیسلامی لە دوای ئەم هێرشانە ئیتر کۆماری ئیسلامی پێشوو نیە. هەرچەند من پێم خۆشە بگەڕێمەوە بۆ دواتر، واتە هەر لە دوای ٧ی ئۆکتۆبر کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیل دەسبەجێ بە دژکردەوە، پلەبەپلە دەستی پێ کرد بە ئۆپەراسیۆنەکانی بە دژی چەکدارانی حەماس لەم ناوچەیە و دواتر لەنێوبردنی فەرماندە باڵاکانی حەماس و دواتر حیزبوڵڵا و دواتر ڕووخانی سووریە، دەکرێ بڵێین یەک‌بەیەک ئەو قووڵایی ستراتیژیکیانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆخۆی قایل بوو هەمووی لەنێو چوو. یانی ئەوان باسیان لەوە دەکرد کە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەچینە زگ سەری مارەکە!

ئەگەر لە دوو ڕەهەندی سەربازی و سیاسییەوە بۆی بچین، لە بواری سەربازییەوە نیشان درا کە کۆماری ئیسلامی بەڕاستی  ئەوە نەبوو کە نیشانی دەدا، هەرچی هەبوو پڕوپاگەندە بوو بۆ ئەوەی خۆی وەک وڵاتێکی زلهێز لە ناوچەدا بنوێنێ. بۆمان دەرکەوت کە تەواوی نمایشە سەربازییەکانی هەمووی جۆرێک لە شۆوئاف بوو، جۆرێک لە نمایشێکی بێ‌کەڵک و بێهوودە. بۆیە لە باری سەربازییەوە دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی تا ئاستی داڕمان لەنێو چووە، دۆخی ئابوورییش ئاگامان لێیە کە بە چ ئاقارێکدا دەڕوا، تەنانەت باس لەوە دەکرێ کە دۆلار دیسان ١٠٠هەزار تمەن تێپەڕێنێ!

بەڵام لایەنێکی گرینگی تر، ڕەهەندە سیاسییەکەیە، کۆماری ئیسلامی کە لەوە پێشتر پێی وابوو لە پێتەختی پێنج وڵاتی عەڕەبی ناوچە قووڵایی ستراتیژیکی هەیە و خۆی بە قائیدی گرووپە پراکسییەکانی دەزانی، بۆ ئەوانیش دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی ئەو بەبرە کاغەزیەش نیە، واتە هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی لەنێو ئەو لایەنە سیاسی و لە نێو وڵاتەکانی ناوچەدا بە تەواوی تێکشکا. نیشان درا کە بەڵێ ئەو تواناییە هەیە کە کۆماری ئیسلامی بەچۆک دابێنن و لە ڕاستیدا ئەوەی کە بە کۆماری ئیسلامی کرا با بە دەواری شڕی نەکرد. من پێم‌وایە لە دوای ئەوە کۆماری ئیسلامی تەنانەت چ بڕووخێ و چ ئەگەر بشمێنێتەوە ئیتر ئەو کۆماری ئیسلامییە نابێ، بەڵام ئەوە ئەگە بمێنێتەوە چۆناوچۆن دەبێ و ئەگەر بڕوا چ دۆخێک بەسەر ئەو ناوچەیەدا حاکم دەبێ من پێم‌وایە بەرەوە ناوچەیەکی دێموکراتیکتر، ناوچەیەکی کە سوڵح تییدا زیاتر سەقامگیر دەبێ ئەگەری ئەوە دەبێ هەر لە کەمترین دەستکەوتەکانی ئەم لە نێوچوونی کۆماری ئیسلامی لە ئەوەی کە بابڵێین چنگ و ددانەکانی کۆماری ئیسلامی دەرهێنان یەکێک لە هەرە گرینگترین دەستکەوتەکانی ئەوە دەبێ کە عەڕەبستان و وڵاتەکانی دیکە پەیمانی تەڤلی ئیبراهیم دەبن و لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندییەکانیان نۆرماڵسازی دەکەن و ئەوە بۆخۆی زۆر گرینگە و لەلایەکی دیکەشەوە دەکرێ بلێین بە شێوەیەک لە شێوەکان ئێمە ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی دێموکراتیکترمان دەبێ بۆیە ئەم شەڕە سیمای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گۆڕیوە، هەر ئەو شتەی کە لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە نەتەنیاهوو باسی لێوە کرد.

تا چەند ئەگەری وەستانی ئەم شەڕە لە گۆڕێ‌دایە؟

هەر دەسبەجێ لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، ئەم وڵاتە لە ڕێگای وڵاتانی جۆراوجۆرەوە وەک ئازەربایجان، قەتەر، عومان، ئیتالیا، ئاڵمان و ڕووسیاش حەولی داوە نێوبژیوانی بۆ بکەن بۆ ئەوەی داوا لە ئەمریکا بکەن کە ئەم شەڕە بوەستێنن، کە تا ئێستا ئاکامێکی نەبووە. بۆ نموونە هەرچەند پێش ئەوەی تڕامپ بەشداری بکا لە دانیشتنی گرووپی ٧ لە کانادا لەم بارەوە گوتی هیندێک جار ڕەنگە پێویست بێ کە شەڕ تا کۆتایی بڕوا! ئەمە دەکرێ بڵێین بە شێوەیەک لە شێوەکان گڵۆپێکی سەوز هەڵکردنە بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەی درێژە بە هێرشەکانی بدا و ئەمە بە دڵی ئیسرائیلە و نەتەنیاهۆ بە هەلی زێڕینی نێو برد. پێی وایە کە دەبێ کاری کۆماری ئیسلامی یەکسەرە بکرێ و نەجاتی بێ ئەو بۆخۆی نیشاندەری ئەوەیە کە جارێ ڕەنگە بڕێک زەحمەت بێ کە ئەو سەرکەوتنانەی کە ئیسرائیل بەدەستی هێناوە ترامپ بۆی ببێتە لەمپەرێک و ئەویش لەو نێوەدا پێی ناخۆش نیە، چونکە بۆخۆی باسی لەوە کرد کە ئەم شەڕە دەبێتە هۆکارێک کە ئێمە زووتر مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی جێ‌بەجێ بکەین. تەنانەت لە پاش دووسێ ڕۆژ چاوەڕوانی سەبارەت بە بڕیاری تڕامپ بۆ ئەوەی بەشداری ئەم شەڕە بێ یان نا، تڕامپ کوتی هێشتا دەرفەت بۆ دیپڵۆماسی لەگەڵ ئێران ماوە و لە دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیاری خۆم دەدەم! کەچی ڕێک لە دوای ئەم قسانە ئیسرائیل چڕترین هێرشی خۆی دەکاتە سەر ئێران!

بۆیە ئەگەری وەستانی شەڕ لەم ساتەوەختەدا بە حوکمی ئەوەی کە ئیسرائیل سوارە بە سەر شەڕەکەدا زۆر زۆر زەحمەتە و تا ئەو جێگایەی بۆیان بکرێ کۆماری ئیسلامی لاواز دەکەن، تایبەتی لەباری سەربازییەوە ئەوە زۆر بەرچاوە و پێم‌وایە لە دوای ئەو شەڕە ئێران لە باری سەربازییەوە شتێکی ئەوتۆی بۆ نامێنیتەوە، بەڵام شتێکی کە جێگەی مەترسییە و ڕەنگە ئیسرائیلیش بیر لەوە بکاتەوە ئەوەیە کە لەباری زانستییەوە پیتاندنی ئۆرانیۆم شتێک نیە کە تۆ بە کوشتنی زانایەکی ئەتۆمی یان بە لەنێو بردنی بنکەیەکی ئەتۆمی لە نێوی بەری و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە دوای ساڵێک دوو ساڵ ماوەیەکی دیکە سەرلەنوێ هەڵەسوونێ بێنێتەوە و ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی. ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک ئەمریکا و ئیسرائیل بەوە ڕازی دەبن کە دەرفەتێکی ئەوتۆ بە  کۆماری ئیسلامی بدرێ و چۆناوچۆنی مامەڵە لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەی کە چوارپەلی ببزێوێ، دەبێ داهاتوو نیشانی بدا، ئەمە لە ئەگەری ئەوەدایە کە بڵێین شەڕ بوەستێ و کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە.

بەڵام نابێ لەبیر بکەین ڕووخانی حکوومەتە سەرەڕۆکان بە هۆی هێزی دەرەکی، دەبێ لەسەر بنەمای حزووری فیزیکی سەربازانی ئەم وڵاتە بێ، بۆ نموونە ژاپۆن و ئاڵمان. یان بۆ ڕووخانی سەددام ئۆپۆزیسیۆن و ئاڵترناتیوێکی جددی و گشتگیر هەبوو لە سەرانسەری عێراق. بە هەر حاڵ ئەم جۆرە سیستمە دیکتاتۆرییانە تا کاتێک کە خەڵکەکە بۆخۆیان نەیەنە سەر شەقامەکان و بڕیار نەدەن ڕەنگە ڕووخانی یەکجارەکی زەحمەت بێ.

دەوری ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لەم کات‌وساتەدا چۆن دەبینن؟

ئیمە زۆر باش دەزانین کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پەرتەوازە، لاواز و بێ‌بەرنامەیە. ئۆپۆزیسیۆنێک کە بەشێکی بەرچاوی هەر لە ئاستی میدیا و سۆشیال‌میدیا و شۆوئاف و خۆنیشاندان‌دایە و بەبێ گومان گرینگترین ئۆپۆزیسیۆن، ئۆپۆزیسیۆنی کوردییە. هێزە سیاسییەکانی کوردستان نەک لەبەر ئەوەی کە بڵێین بەس ئۆرگانیزێشێن و ڕێکخراویان هەیە، ئەزموون و تەجرەبەی خەباتیان هەیە چ لەباری مەیدانییەوە چ لەباری تیۆریکەوە، نا، بەڵکوو بە حوکمی ئەوەی کە ئەم گوتارە (گوتاری ناسیۆنالیستی کوردی) لەنێو هەناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگەی تایبەت بە خۆی هەیە و نموونەی هەرە بەرچاو و مەیدانییەکەی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا خۆی دەرخست.

من وەک خۆم بەردەوام هەوڵی ئەوەم داوە چ بە نووسین و چ دەرکەوتن لە میدیاکاندا، "گوتاری هاوبەش" وەک بنەمایەک بۆ ڕووووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەویتر زەق کەمەوە. تەنانەت هەر لە ئاوریلی ئەمساڵ بە بەشداری هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بگرە تا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هەروەها پژاک و پاک و خەبات و هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕێکخراوی کوردستانی سمینارێک بەرێوە ببەین. ئێمە ئەو ٧ لایەنەمان کۆ کردەوە و سەرجەم ئەو گوتارانەی پێشکەش کرا هەمووی لەسەر ئەوە سوور بوون کە ئێمە دەبێ بەرەو گوتارێکی هاوبەش بڕۆین.

کورد لە ئەگەری ئەو بۆشاییەی کە خەریکە ساز دەبێ ئەگەر نەتوانێ کەڵکی خۆی لێوەرگرێ بە باوەڕی من دیسان کڵاوی دەچێتە سەری، ئێستا ئێمە لە باشترین و لە باڵاترین ئاستی شعووری سیاسی‌داین، واتە ئەمە بوارەکە بە تەواوی لەبار دەکا بۆ ئەوەی کە حزووری ئەو حیزبانە بەیەکەوە بیانپارێزێ لە ڕووداوی نەخوازراوی تاڵ و کێشەمان بۆ نەیەتە پێش. ئەگەر ئێمە بە گوتارێکی هاوبەشەوە ڕوو بکەینەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لە نەبوونی کۆماری ئیسلامی و چ بە پێچەوانەکەی، ئەوە دیسانە ئێمە براوە دەبین. تا ئەوکاتەی ئێمە نەتوانین ئەو گوتارە هاوبەشە، ئەو دیسکۆرسە هاوبەشە لەنێو خۆماندا ساز بکەین بە باوەڕی من ئەگەر ئیسرائیل لەوە خراپتریش بەسەر کۆماری ئیسلامی بێنێ ئێمە دەستمان بە هیچ ڕاناگا! دەبێ ئەوەندە ئەو گوتارە بەهێز بکەین یەکگرتوویی ئەوەندە بەهێز نیشان بدەین کە ببینە هێزی سەرەکی لە ئاستی ئێران. ئەمە نەوەک بڵێم خەیاڵە نەوەک بڵێم خەونە ئەم پتانسییەلە و ئەم تواناییە هەیە.

بەڕوونی لە ئێستادا چ شتێک لەپێشتری هەیە؟

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لە سۆشیال‌میدیادا چ لە سەر ئاستی مەیدانی، ڕێبەرانی سیاسیی ئەو حیزبانە ئەزموونیان هەیە، زانستیان هەیە و لە بەدەنەی ئەو حیزبانەدا هیزی زۆر قابیلمان هەیە کە دەکرێ لە هەموو بوارێکەوە حیسابیان لەسەر بکرێ. بۆیە ئەمە زۆر بە گرینگ دەزانم کە ئەگەر لەم ساتە وەختەدا پەرتەوازەیی لەنێو نەچێ و هەموو لایەک بۆ بەرژەوەندی کوردستان هەوڵ نەدەن مێژوو بە خراپترین شێوازی خۆی قەزاوەتمان لەسەر دەکا. ئێمە ئەو هەلە مێژوویی‌یانەمان زۆر جار لە دەست داوە، بەڵام ئەو سەردەمەی ئێستا، سەردەمی سۆشیال‌میدیادا و سەردەمی میدیاکان هیچ شتێک نیە لەبەر چاوی خەڵک ون بێ، بۆیە هەر کەسێک کە ببێتە لەمپەر بۆ ئەم یەکڕێزییە و بەرد بخاتە سەر ڕێ، مێژوو زۆر بە خراپی باسی لێوە دەکا و تەنانەت ڕەوڕەوەی ئەو چەرخە بە جۆرێکە کە دواجار لەگەڵ خۆی ڕایدەماڵێ. لە هەمان کات‌دا ئەمە خواستێکی نەتەوەییە واتە هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوازیاری ئەوەن سەرەڕای بوونی هەموو بیروڕا جیاوازەکان، سەرەڕای فرەڕەنگی و فرەدەنگی کە لە گۆڕێ‌دایە، ئێمە دەبێ یەکڕەنگ و یەکدەنگ بەرامبەر بە ئەوی ترێک کە قەرارە بێتە گۆڕێ، بوەستین. ئێمە دەزانین ئەو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە جۆراوجۆرانەی کە هەن کێشەی سەرەکیان لەگەڵ ئێمە هەیە تەنانەت کێشەی بوون و نەبوونیان لەگەڵ ئێمە هەیە، کێشەی پێناسە و ناسنامەییان لەگەڵ ئێمە هەیە، بۆیە ئەگەر ئەم گوتارە هاوبەشە چی نەبێ، زەرەرمەندی سەرەکی کوردە. کاڕل شمیت ڕێک ئەم ڕستەیەی بۆ ئەمڕۆی ئێمە کوتووە: یەکڕیزی ناوخۆیی بۆ هێزە سیاسییەکان گرینگترین ئەرکە بۆ مانەوە و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان!