کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ڕووخان

22:10 - 30 جۆزەردان 2725

هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ڕووخان

شاڕوخ حەسەن‌زادە

دوای ٧ی ئۆکتوبەر، چەخماخەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نوێ بە ڕووخانی ڕێژیمی ئیڕان لێدرا. حەماس بە پشتیوانیی ئێران لە پلانێکی پێشتر داڕێژراو هێرشی کردە سەر وڵاتی ئیسرائیل و ئەمە دەستپێکی گۆڕینی سیمای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. دوابەدوای ئەم ڕووداوە، ڕێژیمی ئێران گوشاری زۆری کەوتە سەر و زیاتر خۆی وێک هێنانەوە. سەرەتا گورزە گورچوبڕەکانی ئیسرائیل لە حەماس، دواتر حیزبوڵلای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن وەک پەڕوباڵی ڕێژیمی هەڵوەرین. هەر ئەودەم شیمانەی ئەوە دەکرا، ئیسرائیل سەرقاڵی ئەوەیە هێرشەکان بۆسەر ئێران خۆش بکا و سەرەتا پێویستە هێزە نیابەتییەکانی کە هێزێکی تیرۆریستی زۆری زەوینی و مووشەک و پەهبادیان هەیە لەناو بەرێت یان ئەوەندە لاوازیان بکات نەتوانن دەست بکەنەوە، یان لە کاتی هێرش بۆسەر ئێران پشتیوان و یارمەتیدەری ڕێژیم بن.

یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم گۆڕینی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوونی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە بوو کە هەم وەک هاوپەیمان و حەساری پشتەوی ئێران وابوو و هەمژی بەربەستێک بوو کە لە ٢٠١١ـەوە بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی داڕمانی درابوو بەڵام ڕێژیمی ئێران بە تێچوویەکی زۆری مادی و گیانی پاراستبووی. دوای هەموو ئەو ساڵە پڕ لە تڕاژدیک و جینایەتانە لە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣، لە ئاکام پلانێکی تۆکمە بە هێرش و ڕابوونی خەڵک، سووریەی ئەسەدەکان دوای ٥٣ ساڵ دەستەڵاتی دیکتاتۆری باوک و کوڕ ڕووخا و دوامین هیوای ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانیش بووبە خەڵووز!

هەموو ئەو ڕووداوانە بە بەرنامە و سەرنجێکی زۆرەوە داڕشترابوون هەتا ترامپ لە ١٢ی ڕێبەندانی ئەوساڵ بۆ جاری دووهەم هاتەوە سەر تەختی سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکا. دوای ماوەیەک لە بە دەستەڵات گەیشتن ترامپ بڕیاری دا دوو مانگ دەرفەتی گوتوبێژ دەداتە ئێران پێکەوە ڕاستەوخۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی قسە بکەن، بەڵام وا دیار بوو بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتن. ئەوکات کە شرۆڤەی ڕووداوەکان دەکرا چوونکە ئێمە لەناو مێژوو دابووین هەندێک ئاستەم بوو وەک ئێستا کە تۆزێک لە ڕووداوەکان دوور کەوتووتینەوە و لە دوورەوە دەڕوانین، تەتەڵەی ئەمڕۆ بکەین و پێشبینی ئەوە بکەین ڕۆژێک دادێ ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەگەرچی باس لەوە دەکرا بەڵام بە زۆر هۆکار کەم کەس باوەڕی دەکرد دوای ساڵەها هەڕەشە و گوڕەشە و لێی دەدەم و لێی نادەم، لە کۆتاییدا چاوەڕوانییەکان کۆتایی پێ بێ و هێرشە مەزنەکە ڕوو بدات.

دوای هەموو ئەو ڕووداوانە یان باشترە بڵێم بەرنامەی هەنگاو بە هەنگاو، بەرەبەیانی ٢٣ی جۆزەردان ئیسرائیل هێرشێکی بەربڵاوی لە زەوی و ئاسمان کردە سەر ناوچە نیزامی، ئەمنییەتی، فەرماندەرانی سپا، ڕادار و پەدافەندەکانی ئێران. ڕەنگبێ ئیسرائیل لە کۆتاییدا مەبەستی ڕووخانی یەکجارەکی ئێران نەبێ بەڵام لۆژیکی چالاکییەکانی لۆژیکی نیزامی و شەڕە. ئەوان بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە کە دیارە دەمێکە کاری لەسەر دەکەن (لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بەباشی هەڵیسەنگاندبوو، تەنانەت زۆرێک لە زانا ئەتۆمییەکانیشی کوشتبوو) سەرەتا و لە خولەکی یەکەمدا هێرشیان کردە پەدافەندەکانی ئاسمانی کە ڕێگا بۆ پەهباد و فرۆکەکانیان خۆش بکا دواتر خێرا لە چەندین هێرش و کاری سەرنج‌ڕاکێشی و ناوازەی ئەمنییەتی و نیزامی دا هێرشی کردە سەر فەرماندەرانی سپا و کۆمەڵێک لەو بەرپرسە باڵاکانی نیزامی کوشت و دواتر هەوڵی وەدەستخستنی بە تەواوەتی ئاسمانی ئێران بەتایبەتی ناوچەکانی کوردستان و تارانی دا (بۆ هاتوچۆ و لێدانی هاسان)، دواتر لێدانی بەرنامە هەستەیی و هێزی مووشەکی کە تەنیا کارتی ئێران لەو شەڕەدا هێزیی مووشەکەکەیتی و شەو ورۆژ بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵی لاوازکردنی ئەم هێزەشی دا. لەپەنا هەموو ئەو هێرشانە بەردەوام ئەو ناوچانەی ژێر زەوی بۆ حەشارگە، چەکوچۆڵ و تەقەمەنی و فرۆکەخانە، پەدافەندە جۆراوجۆرەکان و پادگان، ئەو کارخانانەی بە ڕواڵەت پیشەیی بوون بەڵام چالاکی نیزامی و ئەمنییەتیان تێدا دەکرا و تەنانەت وەزارەتخانە ئەمنییەتیەکانی وەک بەرگری، ئیتلاعات، نێوخۆ و دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی و هێزە سەرکوتکەرەکانی وەک ئینتزامی و بەسیج و دژە شۆرش کەوتنە بەر شاڵاوی هێرشەکان. ئەوە لە حاڵێکدابوو شوێنی ئەتۆمیی مەترسیداری وەک نەتەنز، ئاوی قورسی ئەراک، پارچین و چەند شوێنی نهێنی و ئاشکرای دیکەش بەتەواوەتی لەنێوچوون و لەم بارەیەشەوە خەیاڵی خۆی ئاسوودە کرد.

بەڵام بۆ ناوچەی ئەتۆمی "فۆردوو" لەبەر ئەوەیکە لە ژێر زەوی و قووڵایی چەند سەد میتریی دایە هیچ چەکێکی ئیسرائیل باشاری نایەت و ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا بۆ لەنێو بردنی بە چەکی تایبەت و فرۆکەی بی ٥٢ بێتە مەیدان و ئەم مەترسییەش بڕەوێننەوە (لە پلانی بی دا ئەگە ئەمریکاش بەهەر هۆکارێک نەهات هێزە کۆماندۆکانی ئیسرائیل لەسەر زەوی کاری خۆیان دەکەن). دوای ئەمە ئەگەرچی بە ئامانجە سەرەکییەکەی واتە لەناو بردن و نەمانی مەترسی سازکردنی بۆمبی ئەتۆم گەیشتوون بەڵام بۆ ئەوەیکە ڕێژیم وا بە هاسانی هەڵنەستێتەوە و مەترسی دیکەی نەبێ، نەتانیاهۆ ئەم دەرفەتە زێڕینە دەقۆزێتەوە چوونکە قەت وای بۆ هەڵناکەوێت و دەبێ ئەوەندە لاواز بکرێ هەتا خۆی نەگریتەوە وەک ئەوەی لە لوبنان و سوریە و غەزە دیتمان. وێدەچی دوای هەموو ئەو ئامانجانە هێرش بکاتە سەر هیزەکانی دەریایی ئێران لە باشوور (پاراستنی تەناهی گەرووی هورمز) و باکوور، دوای ئەمە هێرش بۆ سەر هیزەکانی زەوینی و پایەگا و گوردان و خاڵە نیزامییەکانی دیکە.

بەنیسبەت هەوڵی وتووێژ و دیپلۆماسییش بۆ ئێران زۆر نالەبارە چوونکە لەوپەڕی لاوازی و شکست دایە کەوایە ئەمە مانای دیپلۆماسی نییە بەڵکوو بەمانای جۆرێک تەسلیم بوون و دەست بەرز کردنەوە دەبێت و جگە لەمە ئەگە ئێران پێێ وابێ دیالۆگی هاوسەنگە وەک هەمیشە لە هەڵەدایە، هەر ئەم قسەیەش بە ئاشکرا ترامپ باسی کرد؛ تەسلیمبوونی بێ شەرت ومەرج! لەم ئەگەرەشدا وێدەچی داواکارییەکە ئەوە بێ خامنەیی (ئەگە هەتا ئەوکات نەکوژرابێ) بێ دەستەڵات بکرێ، هیچ جۆرە هێرش و پەلامارێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ هەمیشە نەکرێ، چەکداماڵینی بنەڕەتی وەک ئەوەی سەردەمی قەزافی. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ چەند سێناریۆیەکیش بوونیان هەبێ؛ یەکەم؛ ڕێژیم لە ئاکام ئەم هێرشانە بڕووخێ بەڵام چوونکە هیچ جێگرەوەیەکی دیار بوونی نیە ئاڵۆزی و بشێوی درووست بێ و هێزەکانی ڕێژیم ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە یان بە هاوکاری کەسانی چاکسازیخواز هەوڵی دەست بەسەردا گرتنەوە دەستەڵات بدەنەوە، یان ئەرتەش کودتا بەسەر سپادا بکات، یان دەکرێ؛ لە ئاکام نەبوونی بۆشایی دەستەڵاتی نیزامی و سیاسی نەتەوەکانی ئێران لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و حوکمی خۆیان ڕابگەهێنن هەڵبەت لە چوارچێوەی ئێراندا. یان ئەوەیکە بە هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئیسرائیل لەسەر مۆدێڵێک لە حوکمرانی دێموکراتیک و چەند ڕەوت و حیزب و کەسایەتی پێک بێن و دەستەلاتێکی نوێ دابمەزرێنن. ئەوەیکە بۆ کورد گرینگە ئێستا دوو شتە؛ سازکردنی بەرەوەیەکی هاوبەش و خۆ ڕێکخستن بۆ هەموو ئەگەرێک لە ناوخۆ هەتا ئەم دەرفەتە زێڕینە لە کیس نەچێت.