کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل

17:55 - 31 جۆزەردان 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، بە تایبەت بە تۆمەتگەلی وەک هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە سزای بەپەلەی سێدارە، خەریکی پتەوکردنی هێزی خۆیان لە ڕێگەی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگەدان.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە بەیاننامەیەکدا نوسیویەتی: فەرمانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ موحاکمەکردن و لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی تۆمەتبار بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، نیشانەی کەڵکوەرگرتن لە سێدارە بۆ پتەوکردنی هێز و دروستکردنی ترسە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژە بە ئەگەری ئەشکەنجە، بێسەروشووێنکردنی زۆرەملێ و پێشێلکردنی دادڕەسیی دادپەروەرانە، داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە دەسبەجێ کۆتایی بە شەپۆلی سەرەڕۆیانەی لەسێدارەکدانەکان بێنن و پارێزگاری لە گیان  ومافی بەندکراوان بکەەن.

ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە ئاماری نوێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشانی دەدات کە ڕێژیم تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٧٥ کەسی لە سێدارە دراوە و ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری، ١٤ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە و لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەرزترین ئاماری تۆمار کراوە.

بەرزبوونەوەی سێدارەکان تەنانەت پیش لە زۆربوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا دەستی پێ کردووە و ئێستا ڕێژیم، قەیرانی ناوچەیی کردووەتە بیانوویەک بۆ سەرکوتی نێوخۆیی.