کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی خاڵی کۆتایی بۆ پڕۆژەیەکی تێرۆریستی

10:01 - 1 پووشپەڕ 2725

دانانی خاڵی کۆتایی بۆ پڕۆژەیەکی تێرۆریستی

عەلی بداغی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی بنکە ئەتومییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بە بۆمبی بنکەبڕ و سەنگەرشکێن هێرشیان کرایە سەر و تەفروتوونا کران. ئەمە کۆتایی پڕۆژەیەکی سەربازی-ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی بوو کە سەدان میلیارد و تەنانەت بە تریلیۆن دۆلار سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی لەسەر تێدا برا، بەڵام ئاخۆ ئەمە سەرەتای کۆتاییەکی چاوەڕوانکراو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشە؟

با وەردی ڕووداوەکانی نیزیک پێنج ساڵی ڕابردوو بدەینەوە. لەڕاستیدا هەموو شتێک لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی دەستی پێ کرد. کاتێک قاسم سولەیمانی، گەورەترین مۆرەی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە هێرشی مووشەکیی ئەمریکا کوژرا و بەوە یەکەم گورزی کوشندە بەر مێحوەری مقاومەت کەوت کە سولەیمانی خۆی ئەندازیاری بوو. بەڵام ئەوکات کەم کەس پێی‌وابوو ئەمە سەرەتایی داڕمانی یەک لە دوای یەکی دۆمینۆیەکە کە لە کۆتاییدا دەگاتە تاران، واتە سەری مارەکە. دۆناڵد ترامپ چەند سەعات دوای کوشتنی قاسم سولێمانی گوتی :ئەم بەیانییە هێزە چەکدارەکانمان جیهانیان لە چنگ گەورەترین تێرۆریستی مێژووی مرۆڤایەتی ڕزگار کرد". بەرەبەیانی ئەمڕۆش دوای هێرشی بەربڵاو بۆ سەر بنکە ئەتومییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەمدیسان تڕامپ ڕایگەیاند کە ئەمە دەرەنجامی سیاسەت و ڕەفتارەکانی ڕێژیمێکە ٤٧ ساڵە دژایەتیی ئاشتی و بایەخەکانی دنیای ئازاد دەکا، سەربازەکانمان بە بۆمب و مووشەک دەکوژێ و پەرە بە تێرۆر و ناسەقامگیری لە جیهاندا دەدا... .

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا بە قورسترین شێوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر، کە تاقە یەک هاوپەیمانی لە جیهاندا نیە و ئەوەش بەرهەمی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمێکە خەڵکی ئێران و ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەبارمتە گرت، لەپێناو دامەزرانی ئایدۆلۆژیی هیلالی شیعی لە ڕێگەی میحوەری مقاومەتەوە ئارامیی لە ناوچە هەڵگرت و بووە هۆکاری سەرهەڵدانی دەیان قەیرانی سیاسی و ئەمنییەتی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی و وڵات و، لە نێوخۆی وڵاتیشدا کۆمەڵگەی ئێرانی تووشی سەدان کارەسات کرد.

ئەو بەناو میحوەری مقاومەتە هاوتەریبی پڕۆژە ناوکی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی جیا لە تێچووی گیانی و کوژرانی مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیم لە سووریە، غەززە و لوبنان بە تریلیۆن دۆلاریش تێچووی لەسەر حسێبی سامان و سەرچاوە سروشتییەکانی ئێران هەبوو. بەڵام ئەم ئەژدیها حەوت سەرە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ یەک بە یەکی سەرەکانی لێ دران و بەتایبەت لە یەک حەوتووی ڕابردوودا دڵ و هەناویشی کرایە نیشانە. ئێستاش لە کاتێکدا بنکە ئەتومییە بەناو حەیسییەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاگر و دووکەڵدا دەسووتێن، جەنابی دیکتاتۆڕ کونەمشکی لێ بۆتە قەیسەری و لە بن زەویدا خۆی شاردۆتەوە. هەروەها لە سۆنگەی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرەی هەڵیگیرساندوە، لە تەنیشت هەڵتەکانی بنکە و دامەزراوە ئەتومی و سەربازییەکانی، ژێرخانی ئابووریی وڵاتیشی کردۆتە فیدای پڕۆژە بەرزەفڕانەکانی، کە جگە لە بەفیڕۆدانی بەتریلیۆن دۆلار سامانی وڵات، ئاکامەکەی بەمجۆرە هەڵدەگرێتەوە.

بەو هێرشە گورچوبڕەی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەیانی دەهەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ڕێژیم و ئیسڕائیلدا، ئێستا خامنەیی و ڕێژیمەکەی لە بەردەم دووڕێیانێکی چارەنووسسازدان. ئاخۆ خامنەیی دواجار ددان بە شکست و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییە سەربازی و ئایدۆلۆژییەکەی دادەنێ و، حازر دەبێ بە سەرکزی لە بەرامبەر ئیرادەی ئەمریکا، ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی جیهانیدا چۆک دابدا هەتا ئێران لەوەندە زیاتر وێران نەبێ؟ یان بە کاردانەوە و هێرش بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە، یان داخستنی گەرووی هورموز ئەم شەڕە بەربڵاوتر دەکا و زۆر وڵات و لایەنی دیکەش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێ‌وەردەدا. بێگومان دەرەنجامەکە لە هەردوو حاڵەتدا بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەتای شکست و تێداچوونی یەکجارییە.

ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە هەڵتەکاندنی بنکە ئەتومییەکانی کۆماری ئیسلامی بە مانای کۆتایی‌هاتنی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕێژیم نیە و بەردەوامیی ئەو زەبرانەی لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دەکەوێ، لە نیهایەتدا ناوەندی بڕیاردانی ئەم ڕێژیمە بەرەو ئیفلیجیی زیاتر و دواتر هەرەسهێنان دەبات. بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە ڕێژیم هەڵبژاردەیەکی زۆری بۆ وەڵامدانەوە لە بەردەمدا نیە، مەگەر هاژەک‌هاوێژییەکی سنووردار، یان پەلەقاژەی هێزە نیابەتییەکانی بۆ هێرشی کوێر و تێکدەرانە کە بێگومان ئەمەش هەم بە زیانی ئەم پڕۆکسییەکانە دەشکێتەوە و هەم چیدی دادی کۆماری ئیسلامییش نادا. بە تێداچوونی فەردۆ و بنکە ئەتومییەکانی کۆماری ئیسلامی، تەنانەت چەکی دیپلۆماسییش ئیدی ئەو بڕشتەی نیە ڕێژیم بیهەوێ خۆی پێ بگرێتەوە، چونکی شتێک نەماوە هەتا لەسەر مێزی دانوستان بیەوێ یاریی پێ بکا.

لەم ئەمڕۆوە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەرزێکی نوێ لە ژیانی سیاسیی خۆی دەست پێ‌دەکات، وەرزێک لە بە لاوازیی ئێران، یان هەرەسهێنانی یەکجاریی کۆماری ئیسلامی دەکرێ ئاسۆی ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە بەدی بکەین.