کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پەسەند کرا

11:54 - 14 جۆزەردان 2725

سزای سێدارەی ئازاد شوجاعی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "گواستنەوەی کەرەستە بۆ تیرۆرکردنی فەخریزادە" لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە پەسەند کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، سزای سێدارەی ئازاد شوجاعی بەندکراوی سیاسی کورد و کۆڵبەری تەمەن ٣٢ ساڵە و خەڵکی گوندی "دۆڵە گەرمە"ی شاری سەردەشت لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای ڕێژیمەوە بە دادوەریی قاسم حوسەینی کوهکەمەری پەسەند کرا و بە پارێزەری ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لە ماوەی ٨ مانگی دەسبەسەربوونی لەژێر توندترین ئەشکەنجەدا بووە و لەژێر ئەشکەنجەدا تووشی دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی بووە و دوای ٨ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.

ئازاد شوجاعی لەگەڵ دوو هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی ئیدریس ئالی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان، ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە دادوەری بەناو دادوەر قوربان شاهینی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" دادگایی کراون و خەزەڵوەری هەمان ساڵ، سزای سێدارەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.

ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە شاری ورمێ گواسترابوونەوە.