
ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، لە "کۆپێنهاگ"ـی پێتەختی وڵاتی دانمارک کۆبوونەوەیەکی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەڕێوە چوو.
هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک پێکهاتوو لە ئەحمەد ڕەحمانی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزب لەم وڵاتە بە هاوڕێیەتی کاک مەسعوود نادری بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی شیلەند بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوو.
ئەم کۆبوونەوەیە ئاوەڕدانەوەیەکی مێژوویی بوو لە باردودۆخی جیهان بەگشتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە تایبەتی، هەلومەرجی تایبەتی هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان و ئەو ئەگەرانەی کە ئێستا لە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لە ئارادان و ئەو ئاڵوگۆڕە خێرایانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدەن و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە هەیە، بەتایبەتی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ئێران لەئارادایە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و تێکشکاندنی بنکە و بارەگا سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناوبردنی کۆمەڵێک کاربەدەستی پلە بەرزی نیزامی و زانای ئەتۆمی.
هەیئەتی حیزب لەم کۆبوونەوەیەدا ڕوانگە و بیر و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لەسەر کۆی گشت باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە خستە بەرباس کە لەلایەن نوێنەرایەتیی هێزو لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بەرز نرخێندران و جێی سەرنجی بەشدارانی کۆبوونەوەکە بوو.