کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتر شەڕ نیعمەت نییە!

01:22 - 3 پووشپەڕ 2725

ئیتر شەڕ نیعمەت نییە!

(شیکارییەک بۆ گۆڕانی ستراتیژی قەیرانسازیی لە کۆماری ئیسلامیدا)

ڕەزا دانشجوو

دوای چوار دەیە بەسەر دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا، ئێستا نیشانەکان بەڕوونی دەرخەری گۆڕانکاریەکی ستراتیژی لە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمەدان؛ گۆڕانکاری لە "قەیرانسازیی چالاک"ەوە بۆ "دوورکەوتنەوە لە ململانێ". کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێک شەڕ و دوژمنایەتیکردن و جەمسەرگیری نێوخۆیی وەک ئامرازی مانەوە لە قەڵەم دەدا، ئێستا لەگەڵ دۆخێکدا بەرەوڕوو بووەتەوە و وەها لاواز و بێ هێزه کە نە توانای دروستکردنی قەیرانی تازەی هەیە، نە ئامرازی کۆنترۆڵکردنی!

ئەندازیاری هەست و سۆز و ڕای گشتی

ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ٥٧ەوە بە پشتبەستن بە هەستی ئایینی و نەتەوەیی هەوڵی پێکهێنانی تەوافوقێکی ساختەیان دا. شەڕی سەپێنراوی ئێران و عێراق، هەرچەندە لە ڕوانگەی ماڵییەوە زورترین تێچووی دەیەی یەکەمی کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام بە "نیعمەت" دادەنرا و بە وتەی خودی کاربەدەستانی ڕژیم؛ دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ سەرکوتکردنی نەیاران و نەهێشتنی ڕەخنەگران و یەکخستنی پێکهاتەی دەسەڵات. بەڵام ئەوەی لە میدیا فەرمییەکاندا کەمتر باسی لێوەکرا، کارەساتی مرۆیی و وێرانکردنی ژێرخانی وڵات و ئەو تێچووە بوو کە بە سەر گەلانی ئێران بە تایبەت  ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان دا سەپێندرا!

لە شەڕی نێوخۆوە بۆ شەڕی بەوەکالەت

بە تێپەڕبوونی کات، کۆماری ئیسلامی مەودای قەیرانسازیی خۆی لەنێو سنوورەکانیەوە بۆ دەرەوەی وڵات فراوانتر کرد. پشتیوانیی ڕاستەوخۆی گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان، حەماس لە فەلەستین، حەشدی شەعبی لە عێراق و ئەنساروڵڵا لە یەمەن بەشێک بوو لە تاکتیک و پلانی درێژخایەنی "قوڵایی ستراتیژی"ی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ بەرەڕووبوونەوەی دوژمنانی ناوچەیی و جیهانی، هەڵبەت لە ڕوانگەی وەلایەتی فەقیهەوە!  لە ڕاستییدا ئامانجی سەرەکیی ئەم گرووپانە چوونە ناو ململانێ ناوچەییەکان و بەشداری لە شەڕ بە نوێنەرایەتی لە کۆماری ئیسلامی بوو بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی خەڵکی ئیران لە کاتی قەیران و کێشە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، نەک بەرەڕووبوونەوەی ئیسرائیل یان سعودییە.

بەڵام ڕووداوەکان و ململانێی بەربڵاو لە ناوچە دوای ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا بوو بە هۆکاری ئەوەیکە؛ هاوسەنگی هێزەکانی کاریگەر لە ناوچەی بە تەواوەتی بگۆڕدرێت. هێرشە بەردەوام و جەرگبڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و پاشان حیزبوڵڵا نەک هەر پێکهاتەی فەرماندەیی ئەم گرووپانەی تێک شکاند، بەڵکو دەسەڵاتی موزایەدەی کۆماری ئیسلامیشی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردەوە. لە هەمووی گرنگتر، ئەم شکستانە بە شێوەیەکی بابەتیانە لە میدیا جیهانییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو و وێنەی "دەسەڵاتی ناوچەیی" ڕێژیمی تارانیان بە تەواوی شێواند!

کۆتایی ڕێگا: کەوتنی هاوپەیمان و داخرانی ڕێگاکان!

گورزێکی گەورەی دیکە کە بە تەواوەتی دەسەڵاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی و توانای دەستێوەردانی ڕژێمی لەنێو برد، ڕووخانی لەناکاوی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە بوو. سوریەی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری بنەماڵەی ئەسەد کە لە ماوەی ساڵیانێکی دورودرێژ وەک تەنیا هاوڕێ و هاوڕای کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا دەورێکی گرنگی لە گواستنەوەی چەک و هێز بۆ هێزەکانی بەکرێگیراو و بەوەکالەتی ڕژێم لە لوبنان و فەلەستین دەگێڕا، ئێستا بووەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی لایەنە ڕکابەرەکانی ڕێژیم لە ناوچە بە تایبەت تورکیە و تەنانەت ئیسرائیل! ئەم پێشهاتانە فەزای هەناسەدانی ناوچەیی کۆماری ئیسلامییان بە توندی سنووردار کردوە و کاریگەرییەکانی رێژیمیان لەناوچە لە هەموو بوارەکاندا تا ئاستێکی بەرچاو لاواز کردووە.

قەیرانی سیاسەتی دەرەوە؛ لە ئاکام "بەرجام" ـەوە بۆ بنبەستی دیپلۆماسی:

لەگەڵ هاتنەسەرکاری دووبارەی دۆناڵد ترامپ و گرتنەبەری سیاسەتی ئەوپەڕ گوشار و گەمارۆدان لە لەلایەک و پێداگریی بەردەوام لە سەر پێداویستی گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران لە ماوەیەکی دیاریکراو لە لایەکی ترەوە، ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژکردنەوەی بەردەوامی دانۆستانەکان و کات کڕینەوە و لە ڕاستییدا پێشبردنی سیاسەتی "نە شەڕ نە ڕێکەوتن"ی خامنەیی تووشی شکست کرد. گوشاری گەمارۆکان و سەختیی هەناردەکردن و وەدەسهێنانی داهاتی نەوت و چەقبەستوویی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامیی خستە دۆخێکەوە کە نە دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت و نە پاشەکشە بکات. بێئاگایی تەواو و پێشبینینەکردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری کاردانەوەی ئیسرائیل و هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئێران گورزێکی جەرگبڕی تر بۆ جەستەی لاوازی ڕێژیمی ئێران بوو!

کۆمەڵگایەک کە چیتر فریو نادرێت:

دەبێت بگوترێت؛ هاوکات لەگەڵ هەموو پێشهاتە دەرەکییەکان، گرینگترین هەڕەشە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا سەری هەڵداوە: درزێکی گەورە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات. خۆشحاڵی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە دوای کوشتنی تاقمێک لە فەرماندەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی سپای پاسداران لە هێرشەکانی تازەی ئیسرائیلدا دەرخەری واقیعێکی حاشاهەڵنەگر و قووڵایی کەلێنی سازبووی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.  لە ڕوانگەی زۆرینەی خەڵکی ئێران، شەڕ دژی ئیسرائیل ئیتر وەک ئەرک و بەرخۆدان و لە ژێر ناوی "بەرگریی پیرۆز" پێناسە ناکرێت و کەس پشتگیری لە بەردەوامیی ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامی لە شەڕەکانی بەوەکالەت لە ناوچەکەدا ناکات.  پێچەوانە لە چاوی خەڵک ئێرانەوە کۆماری ئیسلامی خۆی گەورەترین دوژمنی ئیرانە!

گەلانی ئێران دوای ساڵانێک لە گوشاری ئابووری، سانسۆر، سەرکوت و بێڕێزی، بۆیان دەرکەوتووە شەڕ و قەیران تاکە ئامرازی مانەوە بۆ حکومەتێکە کە لە ناوەوە شەرعیەتی نەماوە و داڕووخاوە. ئەمجارە شەڕ نەک هەر بۆ ڕژێمی وەلایەتی فەقی شەرعیەت ناهێنێت، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک کە داڕمان و لەناوچوونی خێراتر دەکات.

سیاسەتی قەیرانسازیی کۆماری ئیسلامی ئیستا دوای دەیان ساڵ کاریگەری و کەڵکوەرگرتن بە هۆی ئاگاداری خەڵک و ناسینی سرووشتی ڕاستەقینەی ڕژیم گەیشتووەتە بنبەست. کۆماری ئیسلامی کە دەیان ساڵە شەڕی بە "نیعمەت" دەزانی، ئێستا بێدەسەڵات و بێهیواتر لە هەمێشە  لە بەرامبەر دەرئەنجامەکانیدا بێدەنگ بووە و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ ڕزگاربوون. ڕای گشتی ئیتر بە بینینی چەند وێنە ساختە و چەند گێڕانەوەی ناڕاست ناورووژێت و فریو ناخوات!  "شەڕ چیتر نیعمەت نییە"؛ ئەمە پەیامی ئەمڕۆی کۆمەڵگایەکی ژیر و وشیار و ئاگاداری ڕاستیەکانە، کۆمەڵگایەک ماندوو و بێزار لە درۆ و پرۆپاگەندە و قەیرانسازی!