
ڕۆژی هەینی ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤( ٣٠ی مەی ٢٠٢٥) شاندێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات پێکھاتوو لە هەژار دەشتی بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب و دانا ئەلیاسی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکان، لەگەڵ بەڕێز "تۆماس مۆنبەرگ" پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دێموکراتەکان کۆ بوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر خەباتی بێوچانی حیزبی دێموکرات، مەسەلەی کورد بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی. باسێک لە نەهامەتییەکانی گەلی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران کرا کە لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا تووشی بوون و هەروەها مەسەلەی دێموکراسی لە ئێران و فێدراڵیزم هاتنە بەرباس.
لە درێژەی باسەکەدا کێشەگەلی وەک پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، زیندان، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، هەژاری، کۆڵبەران، بێکاری و ... هاتنە بەر باس کە پشکی شێر بەر گەلی کورد کەوتووە.
بەڕێز تۆماس خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕی و هەوڵەکانی گەلی کوردی بۆ دێموکراسی، یەکسانی و مافی چارەی خۆنووسین لە ڕۆژهەڵات و پارچەکانی تری کوردستان بەرز نرخاند.
ناوبراو هەروەها باسی لە ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە بووەتە هۆکار بۆ نەهامەتی، ماڵوێرانی و شەڕوپێکدادانی بەردەوام لەم ناوچەیە.
دوای کۆبوونەوەیەکی بە بەرهەم و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، هەردوولا کۆکبوون لەسەر درێژەپێدان بەو کۆبوونەوانە بۆ نزیکتر ئاگاداربوون لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و بەتایبەتیتریش حیزبی دێموکرات و مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.