کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لەگەڵ کریستیان کرێمێر

17:17 - 3 پووشپەڕ 2725

مستەفا قازیزادە بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥) دیداری دووهەمی لەگەڵ کریستیان کرێمێر بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی دێموکرات مەسیحی ئاڵمان (CDU) بەڕێوە برد. ئەو حیزبە بەشداری سەرەکیی دەوڵەتی ئەم وڵاتەیە.

مستەفا قازیزادە باسی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی دوایی ئێرانی کرد و باسی خەسارەکانی وەک تێداچوونی ٣٠ فەرماندەی سپای پاسداران، ١٣ پسپۆڕی فیزیکی ئەتۆمی، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سەرکوتی ڕێژیم لە تاران وەک بەندیخانەی ئێڤین و بنکە سەربازییەکان لە کوردستان کرد. ئەو ئاماژەی پێدا کە هەموو جمو جۆڵی ئیسرائیل و ئامریکا گومانی ڕووخاندن و گۆڕانی ڕێژیم لە تاران دەخاتە بەر چاو.

بەڕێز کرێمێر پرسیاری سەبارەت بە دواڕۆژی ئێران کرد. نوێنەری حیزب شی کردەوە کە تەنیا هێزی ئامادە و ئاکتیڤ خەڵک و هێزەکانی کوردستان و بەر لە هەمووان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و هیچ هێزێکی سەرانسەری لە ئێران نییە کە دواڕۆژی ئێران دیاری و ڕێبەراتی بکات. نوێنەری حیزب ئاماژەی بەوە دا کە تاکەکەسەکان لە ئێران هیچ بەرنامەیەکی سیاسییان و هیچ بەدیلێکیان بۆ بەرنامەی سیاسیی دواڕۆژ نییە و ئەساسەن تاکپەرستی لە ئێران دیکتاتۆریی لێ کەوتووەتەوە.

بەڕێز کرێمێر سەبارەت بە زیانی بنکە ئەتۆمییەکان بۆ سەر سروشت و خەڵک نیگەرانیی خۆی دەربڕی. ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە کە لە ئەگەری مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا ئەو بنکانە لە داهاتوودا چاک بکرێنەوە و مەلاکان هەر حەولی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدەن.