کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی سێ کۆڵبەری بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل لە سێدارە دا

10:34 - 4 پووشپەڕ 2725

میدیاکانی ئێران لە زاری دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاویان کردەوە کە ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە زیندانی ورمێ بە تۆمەتی ئەوەی کە میدیاکان بە "سیخوڕی" لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل ناویان بردووە، لە سێدارە دراون.

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئەو سێ کەسەی بە "شەڕ و افساد فی‌الارض لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی بیانیی دوژمن لە بەرژەوەندی ئیسرائیل" تۆمەتبار کردبوو.

میدیا مافی مرۆییەکان پێشتر بڵاویان کردبووەوە کە "ئیدریس ئالی کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، ئازاد شوجاعی خەڵکی سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ هاووڵاتیی کوردستانی باشوور" لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوبوون و بۆ زیندانی ورمێ گوازرابوونەوە.

ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ئەو سێ کەسەی بە "سیخوڕی و هاوردەکردنی کەرەستەی تیرۆرکردنی مۆحسێن فەخریزادە لەژێر پەردەی قاچاخی خواردنەوە ئەلکولییەکان " تۆمەتبار کردبوو.

بەم شێوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بە تۆمەتی "سیخوڕی و "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل'' لە ئێران لە سێدارە دراون گەیشتووەتە شەش کەس.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو سێ کەسە هۆشداریی دا و نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی ئێعدامەکان لە ئێران دوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕی.