کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٨٢٣ هاووڵاتی لە کاتی دەسپێکی شەڕەوە

16:10 - 4 پووشپەڕ 2725

هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە کاتی دەسپێکی شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە، ٨٢٣ هاووڵاتی لەلایەن ڕێژیمەوە بە تۆمەتگەلی سیاسی و ئەمنییەتی دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٢٨٦ کەس تەنیا بەهۆی بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆک یان وێنەیەک سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل دەسبەسەر کراون و ٥٣٧ کەسیشیان بە وتەی ڕێژیم بە تۆمەتگەلی ئەمنییەتییەوە ڕەوانەی گرتنگەکان کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە مافی مرۆییەکان، هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕ و شکستە قورسە ئیتلاعاتی و سەربازییەکانی ئێران لە ئیسرائیل، ڕێژیم بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە تۆمەتگەلی وەک سیخوڕیکردن و هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، هەوڵی داوە کە بەم شێوەیە سەرپۆش بخاتە سەر شکستەکانی لە شەڕدا.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێژیم جیا لە دەسبەسەرکرانی سەدان هاووڵاتی لەم ماوە کورتەدا، تاکوو ئێستا ٦ کەسی بەم تۆمەتگەلە لە سێدارە داوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە پەرەسەندنی سێدارە و ئەشکەنجەکان لەلایەن ڕیژیمەوە بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، هۆشداریی داوە.
ئەم ڕێکخراوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە داخوازییە فەرمییەکان بۆ دادگاییکردن و لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوان بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، نیشاندەری ئەوەیە کە بەرپرسانی ئێرانی بە چ شێوازێک لە سێدارە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن، داسەپاندن و ترس و دلەڕاوکێ سازکردن بۆ خەڵک، کەڵک وەردەگرن.
کۆماری ئیسلامی لە نوێترین تاوانی خۆیدا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ، ٤ی پووشپەڕ، سێ کۆڵبەری کوردی بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل لە سێدارە دا.