
حیزبی دێموکرات: ڕێژیم بە ڕەشبگیر و شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان دەیەوێ تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵک بکاتەوە
(ڕاگەیاندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مەحکوومکردنی شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان بە تۆمەتی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل)
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕ ٣ بەندکراوی کوردیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە زیندانی ورمێ لە سێدارە داوە.
لە سێدارەدانی ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ لە حاڵێکدایە کە لە دوو حەوتووی ڕابردوودا ئەوەندەی زاندراوە سێ کەسی دیکەش هەر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دەزگای قەزاییەوە لە سێدارە دراون و ئەم بابەتە بۆتە جێگای مەترسیێکی جیددی بۆ سەر خەڵکی ئێران بە گشتی و دەسپێکی زنجیرەیەک کوشتار و لەسێدارەدانی خەڵکی بێتاوان بە تۆمەتی بێبنەمای هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا. هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدانی ئەم شەش کەسە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا سەدان کەسیش لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی دیکەی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و تۆمەتی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیان دراوەتە پاڵ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە دژە مرۆییەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بیروڕای گشتیی جیهانی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ئاگادار دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دۆخەی ئێستایدا بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ئێران شەپۆلێکی دیکە لە گرتن و لەسێدارەدانی خەڵکی وەڕی خستوە و لە هەمان کاتدا دەیهەوێ تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵک و زیندانییانی سیاسی بکاتەوە.
حیزبی دێموکرات وێرای وریاییدان لە ئەگەری وەها جینایەتێک، داوا لە هەموو ڕیکخراوە سیاسییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتیی وڵاتان و پێشگرتن لە کارەساتێکی وا بخەنە گەڕ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤
٢٥ی ژوئەنی ٢٠٢٥