کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ کۆڕی ناساندنی کتێبی بیرەوەرییەکانی تێکۆشەرێکی دێرینی نێو ڕیزەکانی دێموکرات

12:21 - 11 جۆزەردان 2725

ڕۆژی شەممە، ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٣١ی مەی ٢٠٢٥)، کۆڕێک بۆ ناساندنی کتێبی بیرەوەرییەکانی کاک "هاشم کەریمی" تێکۆشەری دێرینی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسیی حیزب، لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.

کتێبەکە لەژێر سەردێڕی " گەشتێک لە ئاربابای بانەوە بۆ باواجیی کۆیە"، لە قەبارەی ٥١٦ لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە و چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بڵاو کراوەتەوە و ساڵی ٢٠٢٥ بە هێندێک دەستکارییەوە بۆ جاری دووهەم چاپ کراوەتەوە. ئەو کتێبە لەلایەن وەشانخانەی "کتێبی هەرزان" لە شاری ستۆکهۆڵم چاپ کراوە.

نووسەر لە کتێبەکەیدا باسی هەموو قۆناخەکانی ژیانی وەک منداڵی، قوتابخانە، مامۆستایەتی و سەردەمی خوێندکاری لە زانکۆ و ئاشنابوونی بنەماڵەیی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٧- ٤٦ دەکات. کاک هاشم سەرەڕای زاڵبوونی بیری چەپی ڕادیکاڵ و سەرتاسەری بەسەر زانکۆ و کۆمەڵگەدا، وەک چەپێکی نەتەوەیی خۆی وێنا دەکات و ئەزموونی سەردەمی مامۆستایەتیی لە گوندە دوورکەوتووەکانی بانەدا بۆی دەبێتە تێشووی ڕێگای خەبات و مافی نەتەوایەتیی گەلەکەی و نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بە گونجاوترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتیی گەلەکەی دەزانێ و تا دوایین ساتەکانی ژیانیشی لەسەر ئەو ڕێبازە مایەوە.

شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید، بە سەرپەرستیی هاوڕێ "نەبەز عەلیدووست" بەرپرسی کۆمیتە و بە هاوڕێیەتیی "نیشتمان عەزیزی"، "محەمەد بایزیدی" و "عەباس یاری" ئەندامانی کومیتە لەو کۆڕەدا بەشدار بوون.

سەرەتا بەڕێوەبەری بەرنامە "ئازاد بانەیی" بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و ڕیزی بەرنامەکانی خوێندەوە.

سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستپێکی بەرنامەکان بوو.

 

خاتوو "زێنەب ڕەسووڵپەنا" هاوژینی کاک هاشم لە چەند وتەیەکدا سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە لە تەواوکردن و چاپکرانی کتێبەکەدا هاوکارییان کردووە و سپاسی بەشدارانی کۆڕەکەی کرد.

دوای ئەو "نێعمەت عەلیمورادی" خاوەنی وەشانخانە و کتێبفرۆشیی ئەرزان چەند وتەیەکی کورتی سەبارەت بە قۆناخەکانی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبەکە پێشکەش کرد.

کورتە پەیامێکی "مەولوود سوارە" کە بۆخۆی نەیتوانیبوو بەشدار بێت و لە ئامادەکردن بۆ چاپی کتێبەکەدا ڕۆڵی کارای هەبووە، بڵاو کرایەوە.

کورتەیەک لە ژیان و بەسەرهاتی کاک هاشم لەلایەن "شیلان ساڵحی"یەوە خوێندرایەوە.

دوکتۆر "هاشم ئەحمەدزادە" مامۆستای زانکۆ، چەند وتەیەکی لەسەر نێوەڕۆکی کتێبەکە و گرینگیی نووسینەوەی بیرەوەریی تێکۆشەرانی سیاسیی کورد و ڕاستگۆیی لە تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا، کە لە بیرەوەرییەکانی کۆچکردوودا هەستی پێ دەکرێت، دەربڕی کە زیاتر سرنجی خوێنەری بۆ لای خوێندنەوەی ئەو کتێبە ڕادەکێشا.

گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی لەلایەن هونەرمەند "جەماڵ فەتحیان" و موزیکی هونەرمەند "هەڵۆ غەریب" پێشکەش کرا.

بەڕێزان "مامۆستا ئاشق ئیسماعیلی" شاعیر و وەرگێڕ و هاوڕێ و دۆستی کۆچکردوو و "ناسر حیسامی" شاعیر و وەرگێڕ بیرەوەرییان گێڕایەوە  و شێعریان خوێندەوە.

مامۆستا "حەسەن شیوەسەڵی" چۆنیەتیی ئاشنابوونی لەگەڵ کاک هاشم و ساڵانێکی دوورودرێژی خەبات و چوونی هەیئەتێکی حیزب بە سەرپەرستیی ناوبراو بۆ یەمەنی دێموکراتیک و ئەندامەتیی لە کۆمیتەی زاگرۆسدا و ساڵانی دواتر بۆ بەشداران باس کرد.

گۆرانییەکی هونەرمەند محەممەد ساڵح دیلان کە کاک هاشم زۆری پێخۆش بووە لەلایەن جەماڵ بانەیی و هەڵۆ غەریبەوە پێشکەش کرا.

ئەو بەڕێزانەی خوارەوەش چەند بیرەوەرییەکی خۆیان لە گەڵ کاک هاشم گێڕایەوە؛

"حاتەم مینبەری"، "هاشم ڕۆستەمی" و "ڕەشیدخان ئەحمەدی".

 

کاک هاشم کەریمی، وەک خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی ساڵی ١٩٤٠ی زایینی لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی شاری بانە لە دایک بووە، بەڵام وەک باوی ئەو کاتە چەند ساڵ کەمتریان بۆ نووسیوە. ناوبراو دوای ماوەیەکی دوورودرێژ لە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و وەک زۆر کەسی دیکەی تینووی ئازادی و سەربەستیی گەلەکەی نەیتوانی ئازادی وڵات و گەلەکەی بە چاوی خۆی ببینێ و لە دوورەوڵاتی سەری نایەوە و درێژەی ڕێگای خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد.