کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ٢٢ چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە سەرکوتەکانی ڕێژیم پاش لە شەڕ

16:31 - 7 پووشپەڕ 2725

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤی، ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەبارەت بە پەرەسەندنی سیاسەتە سەرکوتکارانەکەی ڕێژیم بە دژی خەڵک پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە، هۆشدارییان دا.
لەم بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ٢٢ چالاکوانەوە واژۆ کراوە هاتووە: "لە وەها دۆخێکدا کە هێشتا خەڵک لەژێر گوشارەکانی شەڕدا ماونەتەوە، شەپۆلێکی نوێ و بەربڵاو لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان دەستی پێ کردووە".
بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە تۆمەتی دەسبەسەرکراوان کە سیخوڕی بۆ مووسادە، باسی لەوە کردووە کە بەپێی ئەزموون و دانپێدانانی هێندێک لە بەرپرسانی پێشوو و ئێستای خودی ڕێژیم، زۆربەی هەرەزۆری سیخوڕییەکان لەنێو چینەکانی دەسەڵاتدا ڕووی داوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی لەجیاتی وڵامدەربوون، سیاسەتی چڕکردنەوەی سەرکوتەکانی گرتووتە بەر و کەشێکی تەواو ئەمنیی بە سەر کۆمەڵگادا سەپاندووە.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە مێژوو نیشانی داوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان هاوکات لەگەڵ شەڕ و قەیرانەکان، دەست دەکەنە سەرکوتی خەڵکی بیتاوان.
بەپێی ئامارەکانی هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی هێرانا، تاکوو ئیستا ڕێژیم لانیکەم هەزار و ٥٩٦ کەسی بەتۆمەتگەلی لەم چەشنە دەسبەسەر کردووە.
کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا گوشاری خستووەتە سەر کەمینە ئایینییەکانی وەک جوولەکەکان و بەهاییەکانی نێو ئێران و هەروەها بەشێکی زۆر لە پەنابەرە ئەفغانستانییەکانی دەسبەسەر و ڕەوانەی وڵاتەکەیانی کردووەتەوە.