
چالاکانی سیاسی و ڕێکخراوه مافی مرۆییه‌کان له‌مه‌ڕ که‌مته‌رخه‌می و نادیاریی چاره‌نووسی به‌ندکراوانی سیاسیی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئه‌و به‌ندیخانه‌یه، نیگه‌رانیی خۆیان ده‌ربڕی.
فه‌خرۆسادات موحته‌شه‌می پوور چالاکی سیاسی و هاوسه‌ری سه‌ید موسته‌فا تاجزاده، به‌ندکراوی سیاسیی پێشوو له وتووێژێکدا باسی له دۆخی کاره‌ساتباری شوێنی ڕاگرتنی به‌ندکراوانی سیاسی دوای هێرشی مووشه‌کیی ئیسرائیل بۆ سه‌ر به‌ندیخانه‌ی ئێڤین له ڕێکه‌وتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ـەوە کردووه و وتوویه‌تی: "دۆخی ناته‌ندروست و که‌میی پێداویستی، ژیانی به‌ندکراوانی سیاسیی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌کی جیددییه‌وه".
به‌پێی زانیارییه‌کانی موحته‌شه‌می پوور، هه‌تا ئێستا چاره‌نووسی هه‌ندێک له به‌ندکراوانی سیاسی نادیاره و بێسه‌روشوێن کراون.
به گوێره‌ی قسه‌کانی ئه‌و چالاکه سیاسییه، له دوای هێرشه‌که چه‌ند به‌ندی به‌ندیخانه‌که زیانی پێ گه‌یشتووه و دوایی به‌رپرسانی به‌ندیخانه‌که بڕیاری ڕاگواستنی به‌ندکراوانیان داوه که به شێوه‌یه‌کی نابه‌رپرسانه و دوور له هه‌ر جۆره پۆرۆتۆکۆل و ڕێوشوێنێکی یاسایی به‌ندکراوانیان ڕاگواستووه بۆ به‌ندیخانه‌ی گه‌وره‌ی تاران.
هه‌روه‌ها موحته‌شه‌می پوور ئاماژه‌ی به‌وه داوه ڕاگواستنی ئه‌و ڕێژه زۆره‌ی به‌ندکراوان له کاتێکدایه که به‌ندیخانه‌ی گه‌وره‌ی تاران به هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌ڵگری به‌ندکرانی ئه‌و ڕێژه به‌رچاوه نییه.
زانیارییه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن چه‌ند شه‌و و ڕۆژ دوای هێرشه‌که، به‌ندیخانه‌ی ئێڤین ئاو و کاره‌بای نه‌بووه و به‌ندکراوانی له دۆخێکی دژوار‌دا ژیاون.
به‌ندیخانه‌ی گه‌وره‌ی تاران که پێشتر به‌هۆی که‌میی پێداویستی و هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رپرسانی به‌ندیخانه‌که و دیان کێشه‌ی دیکه‌وه جێگای نیگه‌رانیی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆیی بوو له ئێستادا زۆر زیاتر له ڕاده‌ی خۆی به‌ندکراوی تێدا ڕاگیراوه.
ڕاپۆرته‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن له‌و به‌ندیخانه‌یه‌دا له ژوورێکی ٣٦ میتریدا، لانیکه‌م ٣٤ که‌س ڕاگیراوه.