کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یا‌‌خیبوون و لێکەوتەکانی

00:27 - 9 پووشپەڕ 2725

یا‌‌خیبوون و لێکەوتەکانی

فەتاح ڕەسووڵی

ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان هەتا ساتە وەختەکانی کۆتایی تەمەنیان پێیان وایە هەر لە لووتکەدان و ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە هاتنەخواریانە لە دەستەڵات. دروشمی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی واتە؛" استقلال آزادی، جمهوری اسلامی" نە تەنیا نەبوو بە نان و ئاو بۆ گەلانی ئێران، بەڵکوو بە پێچەوانە بوو بە زیندانێکی گەورە و سێبەری شوومی ئیدئۆلۆژییەکی وشکی مەزهەبی پڕ لە خەفەقان باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا و بوو بە ئافەتی گیان و ژیان و بێکەرامەتکردنی خەڵک کە تا ئێستاش بەردەوامە.  

ئەوەی کە ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەری هاتووە بەرهەمی کەڵەکەبووی ٤٧ ساڵ گەندەڵی و سیاسەتی هەڵە و زێدەخوازی و نەبوونی ستراتیژی ڕوون لە بەتایبەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە. خومەینی و خامنەیی خۆیان بە وەلی ئەمری موسوڵمانانی جیهان پێناسە دەکرد و ڕێژیمەکەیان بە "ئۆمولقورای" جیهانی ئیسلام دەزانی ودەستیاندایە شمشیر و  سواری ئەسپی خەیاڵ بوون و کەوتنە دژایەتیکردنی وڵاتانی رۆژاوا و ناوچەکە. ئەمریکایان وەک شەیتانی گەورە ناو دەبرد کە ناتوانی هیچ غەڵەتێک بکات و ئیسرائیلیان بە ئەولادی ناساڵح و داگیرکەری قیبلەی موسوڵمانان دەزانی و پاساوی شەرعییان بۆ لەناوبردنی دەهێنایەوە و بێهەڵوێستی ولاتانی ئیسلامییان لەمەڕئیسرائیل ترسەنۆکانە و بێئیرادە و دەستەمۆی ئیمپریالیزم و زایۆنی وەسف دەکرد، ناو و ناتۆرەیان دەخستنە پاڵیان و عەڕەبستانی سعوودیان بە "مانگای شیردە" ناو دەبرد! ماهییەتی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو کۆمەڵگای جیهانی ڕوون و ئاشکرایە و بە ڕێژیمێکی کۆنەپەرست و قەیرانخوڵقێن وسەرەڕۆ و ماکە و سەرچاوەی  تێرۆریزمی نێودەوڵەتی دەزانن و لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی  سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هەموو ساڵێ لەلایەن نزیک بە تەواوی ئەندامانی مەحکووم کراوە. هەزاران جینایات و تێرۆر و ڕەشەکوژی لەناوخۆی ئێران و دەرەوە، بەڵگەی ‌حاشاهەڵنەگری ڕێژیمی ویلایەتی فەقیین، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵگای جیهانی بە تایبەتی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا و ناوچەکەش ماهییەت وستراتیژی ئەم نیزامەیان دەناسی، هەموو هەوڵیان ئەوە بووە لە ڕێگای دێپلۆماسی و فشاری گەمارۆکانی نێودەوڵەتی لە هەمبەر سەرکێشییەکانی و یاخیبوونی تێبگەیەنن وهەر نەبێ بۆ جارێکیش سەردانی عەقڵی سەلیم بکات بەڵام کۆماری ئیسلامی پێیوابوو هیچ لووتکەیەک لە خۆی بەرزتر نییە ولە بەرامبەریدا هێزیک نییە خۆی لە قەرەی بدات و بە مەیلی خۆی چێ پێ خۆش بێ وکوێی پێ باش بێ بیکاتە مەیدانی ڕمبازێنی خۆی، ئەوەیە سیستێم و فەلسەفە و پرۆژە و تێئۆری وستراتیژی و عەقڵییەتی کۆماری ئیسلامی. دوای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بەرنامەی "ناوکی" تاران بووە جێی نیگەرانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل و ئورووپا و مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، مێژووی بەرنامەی هەستەیی ئێران کە لە ساڵی ١٩٥٠ی زایینی بۆدابینکردنی وزەی کارەبا و لیکۆڵێنەوەی پزیشکی بە چاوەدێری ئەمریکا دامەزرابوو، ئێرانی کردە ئەندامی ڕەسمی "ان.پی.تی"، لە ساڵی ١٩٧٩ کە شۆڕشی گەلانی ئێرانیان ڕەوگیر کرد، ئەمریکا هاوکارییەکانی ڕاگرت و لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ ڕێکخراوی وزەی ناوکی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بە دوای ئەوەدا بوون کە چاوەدێری چڕیان هەبێت کە ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بەدوای بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی نەبێ و بیخەنە ژێرگوشارتا پابەندی یاسا و ڕێسا و پرۆتۆکۆلەکانی ئاژانس بێ و بە کردەوە نیازی ئاشتیخوازانەی خۆی بسەلمێنێ بە هەندێک گرانتی لەلایەن تارانەوە کە هەرلە سەرەتاوە نییەتی فریودانی بیروڕای گشتی بوو. لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتنی "بەرجام" واژۆ کرا بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل بە گۆمانەوە دەیانڕوانیە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترامپ لەم ڕێکەوتنە هاتەدەر و گەمارۆکانی گەڕاندەوە سەر ئێران. وڵاتانی ئورووپایی و ئاژانسی وزەی ناوکی ئاگادار کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بە کوشتنی کات دوور لە چاوی کۆمەڵگای جیهانی پەرەی بە پیتاندنی ئۆرانیۆم داوە و لە دروستکردنی چەکی ناوکی نزیک بووەتەوە کە هەڕەشەیە بۆسەرهەموو کۆمەڵگای جیهان و دەبێ بە جۆریک پێشی پێ بگیرێ. دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ کە شیمانە دەکرا لەلایەن سپای قودسی ئێرانەوە موهەندسی کرابوو ئاڵوگۆڕێکی قووڵ لە ناوچەکەدا هاتە ئاراوە. ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاشکرا و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی هەرنەبی بە نهێنی گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە پرۆژەیەکیان هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ کەمکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیری و پەرە بە ئاشتی لە ناوچەکەدا بدەن، سەرەتا لە باڵ و ڕەوت و حیزبە نیابەتییەکانەوە دەستیان پێکرد هەتا گەیشتنە ڕێژیمی ئەسەد و دەسەڵاتی تازەی سوورییان هێنایە ژێر سێبەری خۆیان و لەژێر هێژمۆنی ئێران ڕزگاریان کرد بەڵام ئامانجە گەورەکە سەری"مار"ەکە بوو کە ماکە و ناوەندی سەرەکی گرژی و ئاڵوزییەکانی ناوچەکەیە، کورد گوتەنی خەتی خوار لە بن سەری گای پیر دابوو!. ترامپ دوو مانگ مۆڵەتی بە کۆماری ئیسلامیدا کە بە دیالۆگ کێشەی ناوکی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات لە ماوەی دیاریکراودا پێنج جار دانیشتن و وتووێژیان هەبووە، ڕێژیمی تاران خراپ تێگەیشبوو و لای وابوو بە کات بە فیڕۆدان وەك جارەکانی پێشووتر دەتوانێ خۆی لەم کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتییە دەرباز بکات بەڵام خۆی تووشی هەڵەیەکی گەورەی مێژوویی کرد، تەنیا یەک ڕۆژ دوای ٦٠ روز مۆڵەتی ئەمریکا، لەلایەن ئیسرائیلەوە  کەوتە بەرهێرشی بێئامان و ڕەهێڵەی بۆمبی فڕۆکە جەنگییەکان و موشەک و دڕۆن بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکان و ناوەندە سەربازییەکان و بەرگری ئاسمانی و ڕادارەکان و بە تایبەتی زانایانی ئەتۆمی و سەردارانی سپای پاسداران و دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی کە هەموویان بوونە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی سپای ئیسرائیل و وێران کران و بوون بەخەڵووز. لەم هێرشانەدا کە ١٢ ڕۆژ درێژەی هەبوو، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گورزی کوشندوەی بەرکەوت و تووشی خەسارێکی گەورەی ئابووری، سەربازی، ئەتۆمی و مووشەکی ناوەندە سەرکوتکەرەکان و بەسیج  و سیستێمی بەرگری و بە گشتی تواناکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بارێکەوە بە تەواوی لاواز کران. جێگای ئاماژەیە کە ئیسرائیل  سەرکەوتنی ئەم ئۆپراسیۆنەی لەم شەڕەدا بە ئامادەکاری و هەواڵگری مووساد دەزانی کە چەندین ساڵ پێشتر لەناوخۆی ئێران لەژێر چاوەدێری چڕدا بووە. ئێتر ڕێژیمی ئاخوندی ناگەڕێتەوە پێش دەسپێکی شەڕەکە کە هەڕەشە بوو بۆ سەرناسەقامگیری ناوچەکە و جێگای ئاماژەیە ئەم شەڕە بۆتە ناکۆکی قووڵ لە ئەرکانی نیزامدا، عەلی خامنەیی لەم شەڕەدا کە مەرگی خۆی و نیزامەکەی بە چاو دەدیت، بۆی دەرکەوت هیچ وڵاتێک و لایەنێک بە هانایەوە نایەت، بەرەی موقاومەت کە چەندین دەیە بوو لەسەر سەروەت و سامانی گشتی خەڵکی ئێران ژیانیان دابین دەکرا، لە سایەی سەری ڕێبەری موستەزعەفانی جیهان لەلایەن ئیسرائیلەوە بە تەواوی زەلیل و فەلەج کران و توانای هەستانەوەیان نییە. چین و ڕووسیەش  ئامادە نین بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی، خۆیان لەم شەڕەدا تیوە بگلێنن. وەلی ئەمری مۆسوڵمانان کە لە ترسی گیانی کونەمشکی لێ ببوو بە قەیسەری زیاتر لە هەموو کات خۆی بە تەنیا و ئاسۆی کۆتایی تەمەنی ڕێژیمەکەی تاریك دەبینی. ئێستا کە دوای ١٢ ڕۆژ شەڕو پێکدادان بە چەکی قورس و پێشکەوتوو؛ ئاگربەستێکی لەرزۆک لەلایەن ترامپەوە ڕاگەیەندرا و بە شێوەی کاتی شەڕەکە ڕاگیراوە، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسۆنەکە شەڕی ڕەوانی و سێناریۆی جۆراوجۆریان بەکاردێنا بۆلاوازکردن وتێکشکاندنی ورەی هێزی سەربازی و خەڵکی مەدەنی. هەرچەندە ڕەوایەتەکان لە بارەی ئەنجامی شەڕەکە جیاوازن و هیچ ئامار و ئەرقامیکی باوەڕپێکراو نەخراوەتە ڕوو بەڵام هەر دوو لایەنی بەرابەر خۆیان بە سەرکەوتوو و براوەی شەڕەکە دەزانن. لە گەرمەی شەڕەکەدا کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی گوشار و بێهێزیدابوو، هەر بۆیە وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پشتی هەموو دەرگاکانی وڵاتانی عەڕەبی و ئورووپایی دەبیندرا هەتا بە جۆریک کاریگەریی هەبێت لەسەر ڕاگرتنی شەڕەکە، ئێستا ئاگربەستە بەڵام سێناریۆکانی پشتی ئەم گرژییانە لەسەر چۆنیەتی ڕێککەوتنی کێشەی ناوکی لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی کە بە گشتی باوەڕ و بڕیاریان وایە کە ڕێژیمی ویلایەتی فەقیی بە هیچ جۆر جێگای متمانە نییە و نابێ ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی بەڵام وادیارە کۆماری ئیسلامی لە هەڵە و شکستەکانی ڕابردووی دەرسی وەرنەگرتووە و دەست لە جەهل و کەلەڕەقی هەڵناگری، لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی مەجلیس دوو ڕۆژ دوای ئاگربەستی شەڕی ١٢ڕۆژە بە تێکڕای دەنگ ڕێژیم هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی هەڵپەسارد و دەڵێ واز لە بەرنامەی ناوکی ناهێنین، وادیارە هەویری کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە زیاتر ئاو هەڵدەگرێ و لە یاخیبوونی بەردەوامە. لە کاتێکدا کە ئاسمانی ئێران لەدەست ئیسرائیل دایە لە زۆربەی شارەکان و ناوەند و بنکە و دامودەزگاکانی ئەتۆمی و سەربازی و مووشەکی و هێزە ئەمنی و هەواڵگری کەوتبوونە ژێر تەوژمی بۆمباران و دەسووتان و دووکەڵی هەموو ئاسمانی ئێرانی داپۆشیبوو، کۆماری ئیسلامی لەژێرسێبەری ئەو دووکەڵە لەسەر زەوی هەموو توانا و هێزی خسووەتە گەڕ بۆ چاوەدێری چڕ و کۆنترۆڵکردنی خەڵک کە گەورەترین ترسی لە سەرهەڵدانی هەبوو بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە ئیرادەی خەڵکی ئێرانە کە دەسەڵاتدارانی تاریکپەرست و وەیشوومەی جەهل و سەراسەرخورافات و جینایەت تێکوەردەپێچێ و کۆتایی بە ئاسەواریان دێنێ.

سەرچاوە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە ماوەی شەڕەکەدا زیاتر لە ١٠٠٠ کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سەرانسەری ئێران دەسبەسەر کراون و شیمانەی ئەوە دەکرێ بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن لەو ماوەیەشدا چەندین کەسیشی ئیعدام کردووە کە ئەم بابەتە بووەتە جێگای نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانی و بەتایبەتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە دووبارە بوونەوەی کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی ساڵەکانی دەیەی شێستی  هەتاوی. لە کۆتاییدا هەندێک لە چاوەدێرانی سیاسیی پێیانوایە کە فڕوفیشاڵ وهەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەڕ ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئەمریکا دوای شەڕی ١٢ڕۆژە بە ڕیاکاری و سیناریۆ دەزانن و خامنەیی لە هەموو کات زیاترئامادەیە ڕێکەوتن واژۆ بکات و مامەڵە و دانیشتنی زۆر لە پێش دەسپێکی شەڕەکە لەگەڵ خۆشتر و هاسانترە وهەموو زیللەتێک قەبووڵ دەکات لە پێناو مانەوەی خۆی و دەسەڵاتەکەی بەڵام دەبێ چاوەڕێ بین دروستبوونی هەر پێشهاتێک دەرەنجام و لێکەوتەکانی لە کۆتاییدا دەردەکەون و چارەنووسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یەکلایی دەکەنەوە.