کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکۆی شکاوی دیکتاتۆرێک!

23:45 - 9 پووشپەڕ 2725

شکۆی شکاوی دیکتاتۆرێک!

عەلی بەهرامی

٢ ڕۆژ دوای ڕاگیرانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، خامنەیی ڕێبەریی ڕێژیمی ئاخوندی بە پەشۆکاویی و دارووخاویی و زەلیلیەوە دەرکەوت و لە پەیامێکدا بەپێچەوانەی ڕاستی ڕووداوەکان، باسی لە سەرکەوتنی ڕێژیمەکەی بە سەر ئامریکا و ئیسرائیلدا کرد و بە قەولی خۆی بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنەوە پیرۆزبایی بە خەڵکی ئێران! گوت.

خامنەیی لە کاتێکدا باسی لە سەرکەوتن بەسەر ئامریکا و ئیسرائیل دێنێتە گۆڕێ، کە هێشتا لە حەشارگە ژێرزەمینیەکەیدا ماوەتەوە و ترس و پەشۆکاویی بە ڕووخساریەوە دیارە و بەپێی نێوەرۆکی پەیامەکەی بێ، یان ڕاپۆرتی تەواوی بەدەست نەگەیشتوە و ئاگاداری تەواوی ڕووداوەکان نەبووە، یان ئەوەی کە بۆ پاراستنی ورەی ڕووخاوی هێزەکانی ڕاستی ڕووداوەکان بەئانقەست بەراوەژوو دەکا. خامنەیی بەپێچەوانەی پەیام و وتارەکانی پێشووی کە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە ئامریکا و ئیسرائیل و دۆستەکانیان بوو، لەم پەیامەدا خۆی لە باسی زۆرێک لە ڕووداوەکانی جەنگی ١٢ ڕۆژە و هۆکانی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاگربەستی دوای جەنگ بوارد و زۆرتر هەوڵی دەدا هێزەکانی وەک قارەمانی جەنگ و ئەم سەرکەوتنە بە سەرکەوتنی خەڵکی ئێران وێنا بکا. ئەو گوتی: پێویستە بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنەوە چەند جار پیرۆزبایی بکرێ، پیرۆزباییەک بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتی ئیسرائیلدا، پیرۆزبایی دووهەم سەرکەوتن بەسەر ئامریکا و پیرۆزبایی سێهەم بەبۆنەی یەکیەتی و یەکگرتوویی خەڵکی ئێران و پشتیوانییان لە هێزە چەکدارەکان! ئەوە ڕوونە کەلەڕەقی و پێداگرییەکانی خامنەیی و دارودەستەکەی لە پێوەند بە بەرنامە ناوکی و ڕازی‌نەبوونیان بە شەرتەکانی ئامریکا، بووە هۆی هێرشی ئیسرائیل و و دواتر ئامریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکی و مووشەکی و سەربازییەکانی ئەو دەسەڵاتە و زیان و تێچوویەکی زۆر و قەرەبوونەکراوەی مرۆیی، سیاسی و سەربازیی بۆ دەسەڵاتەکەیان بە دوای خۆیدا هێنا.

شەڕی ١٢ ڕۆژە دەریخست کە دەسەڵاتەکەی خامنەیی بەپێچەوانەی ئیدیعا و خۆ هەڵکێشانەکان زۆر گەندەڵ و لاوازە و دەتوانرێ لە ماوەیەکی کەمدا تووشی زیانی وا گەورە بێت. بۆ وێنە هەر لە یەکەم شەوی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دامودەزگاکانی ڕێژیم دەرکەوت کە موساد چەندە دەستی بە قووڵایی ناوەندە گرینگ و هەستیارەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی گەیشتوە. ئیسرائیل هەر لە یەکەم هەڵمەتدا لە ڕێگەی جاسووسەکانیەوە توانی ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئەتۆمی، پلەدارانی بەرزی سپای پاسداران شناسایی بکا و بیانکوژێ. هەروەها هەر لە یەکەم گورزدا بە تاکتیکی جیاجیا هێرشی کردە سەر زۆرێک لە ناوەندەکانی فەرماندەیی، دامەزراوە و ناوەندە مووشەکی و درۆنییەکان و بەرگری هەوایی و دواجار بەتەواوی ئاسمانیی ئێران کۆنترۆڵ بکات و کۆی پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە لە دەست و پێ بخات. ئەم هێرشانە بەو توندی و کاریگەرییە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە هەموو ناوچەکانی ئێران بەردەوام بوو و توانیبوویان لە هەموو بارێکەوە هێزەکانی ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی شەل و شکستە بکەن. هەتا ئەوەی کە لە ڕۆژی کۆتایی شەڕەکەدا ئامریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردوو و ئیسفەهان و ئەوەش ڕێژیمی ناچار بە قەبووڵی ئاگربەست کرد.

بە پێچەوانەی قسەکانی خامنەیی، هێزەکانی نەک هەر لە بەرامبەر ئامریکا و ئیسرائیلدا براوە نەبوون، بەڵکوو بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاو کراونەتەوە لەو شەڕەدا ‌ئیسرائیل دەستی باڵای هەبووە و ١٥٠٠ هێرشی ئەنجام داوە و لەو هێرشانەدا ٩٠٠ شوێنیان کردووەتە ئامانج و لە هێرشی "چەکوشی نیوەشەو"دا ١٤ بۆمبی سەنگەربڕ و ٢٤ مووشەکی کرووزی تۆماهۆک بە کار هاتوون. لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا ٣ بنکەی ناوکی و ڕئاکتۆری ئەراک کراونەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێ گەیشتوە. ٩ پسپۆڕی ناوکی و ٣٠ فەرماندەی پلەبەرزی ڕێژیم کوژراون. زیاتر لە ٣٥ ناوەندی مووشەکی، ٢٠٠ مووشەک‌هاوێژ، ١٥ فڕۆکەی شەڕکەر، ٩٠ بنکەی پەدافەندیی هەوایی و ٦ فڕۆکەخانە کراونەتە ئامانج. لە بەرامبەردا بەپێی ڕاگەیاندنەکان، سەتا ٩٩ی ئەو مووشەک و درۆنانەی ڕێژیم بەرەو ئیسرائیل هاویشتوونی خراونەتە خوارەوە. ئەو مووشەکانەش کە لە سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل تێپەڕیون، لە شوێنی مەدەنی دراون و هەموو کوژراو و بریندارەکان خەڵکی مەدەنین. بەو پێیە بە پێچەوانەی قسەکانی خامنەیی، هێزەکانی نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکوو شکستێکی گەورە و زەبری جەرگبڕیان لە هەموو بارێکەوە بەرکەوتوە.

ئەوەش کە لە دوای ئەم شکستە باس لە میللەتی ئێران دەکا، لە لایەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستادا هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە پەل‌وپۆ کەوتوون و توانای هیچیان نەماوە و خامنەیی و دەسەڵاتەکەی بە تەنیا و بە لەت‌وپەتی ماونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی ئێران نیشانیان دا کە ئەمە شەڕی ئەوان نیە و ڕێژیم هۆی و سەبەبکاری بووە و ئەم دۆخەیش وای لە وەلی فەقیهی ڕێژیم کردوە بە درۆیش بێ ڕوو لە خەڵکی ئێران بکات و بە حیسابی خۆی پیرۆزبایی سەکەوتنیان بکات! دیارە ئەو پیرۆزبایی کردنەیش لای خەڵکی ئێران و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک درۆی ساڵ چەندین تەنز و جۆکیان لەسەر ساز کردوە. خاڵێکی دیکەی ئەم پەیامە کە جێی سەرنجە ئەوەیە خامنەیی وا لێ بڕاوە و هیچی بە دەستەوە نەماوە خەریکە درۆ لەگەڵ خۆی دەکا چوونکە خەڵکی ئێران بە چاوی خۆیان بینیان هێزەکانی ڕێژیم چۆن لەت‌وپەت و هەر لە یەکەم هەڵمەتی ئیسرائیلدا کیش و مات بوون و لە ترساندا کونە مشکیان لێ ببوو بە قەیسەری.

ئەو شکستە سیاسی، ئەمنیەتی و سەربازییانە لە لایەک و تەریک مانەوە و پشت‌تێکردنی خەڵک لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکە، شکۆی خامنەیی دیکتاتۆریان شکاندوە و تووشی ڕووخان و لاوازیی و بێ‌تواناییان کردوە.