کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانینی تایبەت!

18:33 - 16 جۆزەردان 2725

ڕوانینی تایبەت!

ئاسۆ مینبەری

سیاسەت و ڕوانینی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە تاکەکانی ئەو جوغرافیایە کە ئێرانی پێ دەگوترێ، زۆر بە ئاسانی لە هەڵسوکەوت و وتەی کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە و بەتایبەت لە قسەی بەرپرسانی یەکەمی ئەم دەسەڵاتەدا دەردەکەوێ. زۆر جار بە گوێگرتن لە لێدوانێک یان تەنانەت خوێندنەوەی دێڕێک لە کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە، دەریایەک لە نەزانی دەرکەوتوە و هەر لە چوارچێوەی ئەو لێدوان و دێڕەشدا سیاسەتی فەرمیی ئەو دەسەڵاتە لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرینگی گرێدراو بە کۆمەڵگەی ئێران ڕوون بووەتەوە. ئەم ڕوونبوونەوەیەش زۆر جار هیچ پێویستی بە شیکاری و وردبوونەوەش نیە و ڕواڵەتی قسە و نووسینەکان، قووڵایی کارەساتەکە بە باشی نیشان دەدەن.

پرسی ژن یەکێک لەو پرسانە بووە کە هەمیشە لای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم نەک پەراوێز خراوە بەڵکوو زۆر بە ئاسانی سڕدراوەتەوە و هیچ بایەخێکی پێ نەدراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەموو لێدوانەکانی پێوەندیدار بە ژنانیشدا، ئیدعای ئەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی بەرگریکاری مافی ژنانە و هەموو ئەو چوارچێوە و سنوورانەی کە بۆ ژنان دانراوە، ڕێک بۆ پاراستنی خودی ژنانە! بۆ نموونە باس لە پرسی حیجاب دەکرێ کە ئەمە بۆ پاراستنی ژن و دابینکردنی ئەمنییەتی ژن پێویستە، لە کاتێکدا کە خودی ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر دابینکردنی ئەمنییەت بە ڕەچاوکردنی حیجابی ئیسلامی، نیشاندەری نەبوونی ئەمنییەت لە کۆمەڵگەیەکە کە خودی کۆماری ئیسلامی بونیاتی ناوە و داننان بەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگەی ئێران لە ڕوانگەی خودی کاربەدەستەکانیشیەوە ئەمنییەتی تێدا نیە! بەڵام پرسێک کە لەم وتارەدا باسی لێوە دەکرێ، ڕوانینی بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە ژنانە؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، محەممەدڕەزا عارف جێگری یەکەمی مەسعوود پزشکییان، سەرۆکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە قسەی خۆیان لە بیاڤی ئەندێشەی خومەینیدا بەڕێوە چوە، باسی لە ڕوانین خومەینی وەک دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ژناندا کردووە و گوتوویەتی: "ئیمام ڕوانینێکی تایبەتی بە ژن هەبوو. ئەو ژنی بە هێزی چالاک و کاریگەری دەروازەی بنەماڵە و کۆمەڵگە دەزانی". چاوخشاندنێک بەسەر ڕووداوەکانی پاش هاتنەسەرکاری خومەینی وەک یەکەم ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئەم وتەیەی خومەینی زیاتر ڕوون دەکاتەوە.

خومەینی هەر لە دوای هاتنە سەرکارییەوە، پێش هەموو کەسێک سیرەی لە ژنان گرت و پرسی حیجابی زۆرەملێی هێنایە گۆڕێ و بڕیاری دەرکردنی ئەو ژنانەی لە ئیدارەکان دا کە ڕەچاوی ئەم حیجابە زۆرەملێیە دڵخوازەی ئەو نەکەن. خومەینی لە قسە و لێدوانی جیاوازدا، ژنانی خستوونەتە بەر شەپۆلی ڕقی خۆیەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی سنووردارکردنی ژیان و چالاکییەکانی داون، بۆ نموونە لە یەکەمین وتار و قسەکانی خۆیدا پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەڵێ: ژن دەبێ لە ماڵەوە بێت و منداڵ بەخێو بکات، ئەمە شتێکە کە ئیسلام وگتوویەتی. ئازادیی ژن بەو مانایە کە ڕۆژاواییەکان باسی دەکەن، گەندەڵییە و لە زۆر پرسی جیاوازدا وەک مافی بەشداریی سیاسی و دەنگدان یان خوێندن لە زانکۆ و دادوەری بۆ ژنان، ئەمانەی بە مەرجێک بۆ ژنان بە ڕەوا زانیون کە هاوکات بن لەگەڵ ڕەچاوکردنی پێوەرە ئیسلامییەکان. خومەینی وەک کەسی یەکەمی دسەڵاتی ئیدئۆلۆژیکی ئاخوندی لە ئێران، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دژایەتیی خۆی لەگەڵ ژنان بە ئاشکرا دەربڕی و ڕێچکەیەکی دیاری کرد کە هەتا ئەمڕۆ لە دژی ژنان لەگەڕدایە و ژنان سەرەکیترین قوربانیی ئەم سیستمەن. لەلایەکەوە بە دانانی پێوەری ئایینی و لەلایەکی ترەوە بە زاڵکردنی سیستەمی پیاوسالاری و لەلایەکی تریشەوە بە پەروەردەیەکی دژەژن، هێرشەکانی بۆ سەر ژنان بە سیستماتیک کرد و ئەم شێوە ڕوانینەی لە کۆمەڵگەدا کردە باو. هەرچەند کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانیشەوە ژنان بەرەنگاەی ئەم بیرکردنەوە بوونەوە بەڵام بە هۆی هەبوونی ئیمکانات و دەرفەتی زیاتر بۆ ڕێژیم، ئەم بەربەرەکانێیە تاکوو ئەمڕۆش درێژەی هەیە.

لێرەدا پرسیار ئەمەیە کە ئەم ڕوانینە تایبەتە کە بە قسەی عارف، خومەینی بەرانبەر بە ژنان هەیبووە ئایا جگە لە دواخستن و پەراوێزخستنی زیاتری ژنان، ئاکامێکی هەبووە؟ ئایا وەک عارف دەڵێ لەم جۆرە ڕوانینەدا، گرینگییەک بە هێزی ژن دراوە یان تەنیا وەک لە ڕستەکەشدا دیارە، ئەم بەهێزبوونە تەنیا لە چوارچێوەی ماڵ و ئەرکی ماڵداری و دایکایەتیدا پێناسەی بۆ کراوە؟ ئەگەر ئەم ڕوانینە سەقەتە لای کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ڕوانینێکی تایبەتە، ئەی چۆن ئەبێ لە هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن، پەراوێزخستن و بە سەدان مافی ژنان وەک مرۆڤ لەو کۆمەڵگەیەدا بڕوانین؟ ئەگەر ئەمە ڕوانینە تایبەتەکەیە کە خۆیان پێیان وایە لە ڕاستای گەشە و سەرکەوتنی ژناندایە، ئەی ڕوانینە ئاساییەکە چۆن پێناسەی بۆ دەکرێ؟

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ژن لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا، بوونەوەرێکی پلە چەند و هاوکات لاواز و بێدەسەڵاتە کە تەنیا لە کاتی پێناسەی پیاواندا و وەک ڕەگەزی بەرانبەری ئەوان، پێناسەی بۆ دەکرێ و قەت وەک مرۆڤێکی سەربەستی خاوەن ماف و ئازادی چاوی لێ نەکراوە. ئەم ڕوانینە تایبەتەی ڕێژیم، لە جۆری خۆیدا مەترسیدارەترین ڕوانین بەرانبەر بە ژنان بووە چونکە ئاکامەکەی بێبەریکردنی کۆمەڵگە لە وزەی ژنان و هاوکات بێبەریکردنی ژنان لە هەموو پێشکەوتن و سەرکەوتنێک بووە.