کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو سەبارەت بە دوایین پێشێلکارییەکانی ڕێژیم بە دژی ژنان لە ئێران

13:04 - 17 جۆزەردان 2725

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی جۆزەردان، دوایین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە مانگی مەی ٢٠٢٥ دا واتا لە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ تاکوو ١٠ی جۆزەردان، لانیکەم ٩ چالاکوانی ژن دەسبەسەر  کراون و ٧ی دیکەش لەلایەن دامودەزگا دادوەرییەکانی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و هەروەها ٥ ژنیش لە سێدارە دراون.

لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بە ناوی چالاکوانانی دەسبەسەرکراو هاتووە کە لانیکەم ٥ کەس لەم ٩ چالاکوانە ژنە، هاووڵاتییانی کورد بوونە و ٣ کەسی دیکەشیان لە چالاکانی بەهایی بوونە.

هەنگاو زیادی کردووە کە بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەو ڕێکخراوە، لە ماوەی ئاماژەپێکراودا لانیکەم ٧ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران، سەرجەم بە ماوەی ٢٩ ساڵ و ٤ مانگ و ٤ ڕۆژ بەندکران داسەپاو حوکم دراون.

هاوشێوەی دەسبەسەرکراوان کە بەشی زۆریان لە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بوون، ٦ کەس لەم ٧ کەسەش، لە کەمینەکانی نێو چوارچێوەی ئێرانن کە بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو لە ٤ ژنی بەهایی، یەک ژنی کورد و ژنێکی گیلەک پێک هاتوون.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە لەسێدارەدانی ٥ ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران بە تۆمەتگەلی جیاوازەوە لەم ماوەیەدا کراوە.

ئامارەکانی هەنگاو و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی دیکە دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتەکانی خۆی بۆ سەرکوتکردنی سیستماتیکی ژنان و کەمینەکانی ئێران بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە مافی مرۆڤییەکان، ڕێژیمی تاران لە پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەردەوام هەوڵەکانی خۆی بۆ سەرکوتی ژنانی کۆمەڵگا چڕتر کردووەتەوە.

دەرکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەژێر ناوی "یاسای عیفاف و حیجاب"، یەکێک لەم هەوڵانەی ڕێژیم پاش سەرهەڵدانی سەرتاسەریی ژینا بوو.

جیا لە سەرکوتە ڕاستەوخۆکانی کۆماری ئیسلامی، هەنگاو پەرژاوەتە سەر بابەتی ژنکوژی لە ئێران و هێناویەتی، لە ماوەی ئەم یەک مانگەدا لانیکەم ٢٣ ژن لە ئێران کوژراون کە زۆربەی بکوژەکان لە کەسانی نزیکی ئەم ژنانە بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ١٥ ژن بە دەستی هاوسەرەکانیان و ٥ ژنی دیکەش بە دەستی خزمە نزیکەکان لەم ماوەیەدا کوژراون.

هەنگاو زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بە بکوژی سێ ژنی دیکە نەخستووەتە ڕوو.

دیاردەی ژنکوژی لە ئێران کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بیر و باوەڕە "دژە ژنەکان"ـی کۆمەڵگەدا هەیە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتە پیاوسالارانەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

هەنگاو لەم پێوەندییەدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دەسەڵاتی ئاپارتایدی ڕەگەزی زانیوە، کە تێیدا کوشتن و ئەشکەنجەی سیستماتیکی ژنان لە پڕۆسەیەکدا بە یاسایی کراوە. هەروەها ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە داوای لە کۆمەڵگای جیهانیی کردووە کە ئەم دەسەڵاتە وەک "تاوان بەدژی مرۆڤایەتی" بهێننە ئەژمار و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم چەشنە تاوانانەی کۆماری ئیسلامی دەبێت لە چوارچێوەی تاوان بە دژی مرۆڤایەتیدا پێناسەی بۆ بکرێت.