
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٥ چەند حاڵەتێکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لەوانە دەسبەسەرکران و مەحکوومکردنی یاسایی چالاکانی ژن، جێبەجێکرانی سزای سێدارە و بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی ژنکوژی تۆمار کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٢ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەسبەسەر کراون و ١٤ کەسی تر سەرجەم بە ٤٧ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران سزا دراون.
زیاتر لە نیوەیەک لەم ژنانە لە کۆمەڵگەی بەهایی و ٢ کەس لە چالاکانی ژنی کورد هەن کە لەم ڕەوتەدا، نیشاندەری بەردەوامیی سەرکوتی پێکهاتەیی دژی ژنان و کەمینەکانە.
سەرەڕای ئەمەش، دوو ژن بە ناوەکانی حەفیزە بەلووچ زێهی و تەلعەت سەبزی لە بەندیخانەکانی کەرەج و قوم بە تۆمەتی ئەمنییەتی و کوشتن لە سێدارە دراون.
لەلایەکی دیکەوە لانیکەم ١١ حاڵەتی ژنکوژیش لە تاران، خوراسان، ئیلام و چەند پارێزگای دیکە تۆمار کراوە کە زۆرینەیان لەلایەن هاوسەر یان کەسانی نزیکی قوربانییەکانیانەوە بووە.
هەنگاو بە ئاماژەکردن پێکهاتەی یاسایی و فەرهەنگی پیاوسالارانە لە کۆماری ئیسلامیدا، جەختی کردووەتەوە کە ژنکوژی لە ئێران ڕیشەی لە سیاسەتە دژەژنەکان، یاسای پڕ لە هەڵاواردن و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی دژی ژناندا هەیە.