
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ پێنج تۆمەتباری کورد کە لە پێوەندیی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەسبەسەر کرابوون، کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پێنج هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادە بابامیری و تەیفوور سەلیمی بابامیری لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
ڕاپۆرتەکە زیادیشی کردووە کە بۆ ٨ تۆمەتباری دیکەش لەم دۆسییەدا سزای نەختی و بەندکران دیاری کراوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان، هەموو بەڵگەکانی نێو ئەم دۆسییە تەنیا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەکانی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراو ڕادەستی دادگا نەکراوە.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا باسی لەوە کردووە کە ئەم ١٤ هاووڵاتییە کە خەڵکی شاری بۆکانن، لە خاکەلێوە و بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە شارەکانی بۆکان و بانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاشان ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعات لە ورمێ کراون.
چەند ڕێکخراوی مافی مرۆڤی و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتەکان پاش کۆتاییهاتنی شەڕ هۆشدارییان دابوو.
ئەم چالاکوان و ڕێکخراوە مافی مرۆییانە جەختیان کردبووەوە کە کۆماری ئیسلامی پاش شکستەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل لە هەوڵدایە تاکوو بە لەسێدارەدان و سەرکوتی زیاتری خەڵک، قەیرانەکانی پاش ئەم شەڕە بەلاڕێدا ببات.