
که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سیداره‌دان له ٧٥ـه‌مین حه‌فته‌ی چالاکیی مانگرتن له خواردن و ناڕه‌زایه‌تی له‌هه‌مبه‌ر سزای دژه‌مرۆیی له‌سێداره‌دان، نیگه‌رانیی خۆیان له‌مه‌ڕ په‌ره‌سه‌ندنی شه‌پۆلێکی نوێی له‌سێداره‌دان دوای شه‌ڕی ١٢ ڕۆژه‌ی نێوان ڕێژیمی ئیسلامی و ئیسرائیل ده‌ربڕی و له‌وباره‌وه نووسیویانه: "ڕێژیم له تۆڵه‌ی دۆڕانی خۆی، به‌ندکراوان له سێداره ده‌دات".
ئەندامانی که‌مپه‌ینەکە له ڕۆژی سێشه‌ممه ١٠ی پووشپه‌ڕ که هاوکاته له‌گه‌ڵ ٧٥ـه‌مین حه‌فته‌ی چالاکیی ئه‌و که‌مپه‌ینه، به‌یاننامه‌یه‌کیان بڵاو کرده‌وه که تێیدا باس له‌وه کراوه که له حه‌فته‌ی ڕابردوودا ١٨ که‌س له‌وانه ژنێک له سێداره دراون.
له به‌شێک له‌و به‌یاننامه‌دا هاتووه: "له دۆخی شه‌ڕی ١٢ ڕۆژه‌دا به‌رپرسانی ڕێژیم نه‌ک هه‌ر ئاسایش و پاراستنی گیانی به‌ندکراوانیان دابین نه‌کرد به‌ڵکوو هه‌وڵیان داوە له‌و دۆخه قه‌یراناوییه‌دا بیرۆکه‌ی ناجوامێرانه‌ی تۆڵه‌ئه‌ستێنی په‌ره پێ بده‌ن".
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یدا نووسراوه: "سه‌ڕه‌ڕای په‌ره‌سه‌ندنی جێبه‌جێکرانی سزای له‌سێداره‌دانه‌کان، مه‌جلیس و ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم به پشتبه‌ستن به چه‌ند په‌سه‌ندکراویكێ نوێ، به‌ستێنی یاسایی بۆ زیاتر په‌ره‌پێدانی ده‌رکردن و جێبه‌جێکرانی سزای له‌سێداره‌دانیان ڕه‌خساندووه".
نووسه‌رانی به‌یاننامه‌ی ئه‌و که‌مپه‌ینه له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌ن که ئه‌و په‌سه‌ندکراوانه نه‌ک هه‌ر له خزمه‌تی دادپه‌روه‌ریدا نییه به‌ڵکوو به ڕوونی ده‌رخه‌ری له‌نێوبردنی فیزیکیی دژبه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیهه.
له به‌شێکی دیکه‌ی به‌یانامه‌ی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌داندا ئاماژه به له‌سێداره‌دانی سێ کوڵبه‌ری کورد به تۆمه‌تی سیخۆڕی کراوه و له‌و باره‌وه نووسراوه: "له‌سێداره‌دانی سێ کۆڵبه‌ری کورد، ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی، ڕەسووڵ ئه‌حمه‌د ڕەسووڵ به تۆمه‌تی سیخوڕی، له ڕه‌وتی دادگاییه‌کی هه‌ڕه‌مه‌کی و ناڕوونیی یاسایی جێبه‌جێ کراوه و بۆ جارێکی دیکه سه‌رنجه‌کان بۆ لای پێشێلکردنی مافی ژیانی نه‌ته‌وه‌کانی ئیران ڕاده‌کێشێت"