
هاوکات لەگەڵ شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردن و حوکمەکانی لەسێدارە و هەروەها پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان بە بیانووی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران"، سەبارەت بەم بابەتە هۆشداریی دا.
ئەم ڕێکخراوە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە گەڵاڵەی نوێی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ تۆمەتبارانی سیخوڕی دەربڕیوە و نووسیویەتی: "لە گەڵاڵە نوێیەکەی مەجلیسدا کە چاوەڕوان دەکرێت بەبێ دەنگی ناڕازی ببێتە یاسا، هاتووە کە هەر چەشنە هەوڵێکی هەواڵگری یان زانیاری بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا یان گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی وەک تاوانی افساد فی الارض دێتە ئەژمار کە سزاکەی لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا لەسێدارەدانە".
ئەم ڕیکخراوە زیادی دەکات: "هەر چەشنە تۆمەتێک لە پێوەندیی لەگەڵ هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا و تەنانەت گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی دیکەش دەتوانێت پاش ئەم یاسایە سزای لەسێدارەدانی بەدواوە بێت".
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە درێژەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕەوتی دادگاییکردن لە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیدا هیچ بنەمایەکی دادپەروەرانەی نییە، دەنووسێت: "بەم پێیە هەر تۆمەتبارێک لەژێر گوشاری ئەشکەنجەدا بە دژی خۆی قسەی پێ دەکرێت و پاشان لە شانۆی دادگاکانی ئینقلابی ئێراندا بە لەسێدارەدان مەحکووم دەکرێت".
لەم ڕوانگەیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پەرەسەدنی لەسێدارەدانە نایاساییە بەکۆمەڵەکان بەهۆی پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیەوە، هۆشداریی زیادبوونی سێدارەکانی لە داهاتوودا داوە و هەروەها سەبارەت بە لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی پێشووتریش کە لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کراون، هۆشداریی داوە.
کۆماری ئیسلامی پاش دەسپێکی شەڕ تاکوو ئێستا زیاتر لە هەزار کەسی بەتۆمەتی هاوکاری یان سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کردووە.
هەروەها ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەرپۆش خستنەسەر شکستە ئیتلاعاتی و سەربازییەکانی لەم ماوەیەدا، دەستی بە سەرکوتی بەربڵاو و چڕکردنەوەی لەسێدارەدانەکان بەتۆمەتی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە.
لە ماوەێ ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی هۆشدارییان داوە.
لەم هۆشدارییانەدا باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە لە سەرکوتی خەڵک وەک ئامرازێک بۆ قەرەبووکردنەوە و سەرپۆش خستنەسەر شکست و قەیرانەکانی کەڵک وەردەگرێت.