
"گۆپاڵ و گێزەر"؛ تەسلیم بوون یان داڕمان؟
ڕەزا دانشجوو
لە ئەدەبییاتی کلاسیکی دیپلۆماسیدا، سیاسەتی "گۆپاڵ و گێزەر" بە یەکێک لە ناسراوترین شێوازەکان بۆ ناچارکردنی ئەکتەرە یاخیبووەکان بۆ گۆڕینی ڕێڕەو دادەنرێت؛ تێکەڵەیەک لە هەڕەشە و هاندان، سزا و پاداشت، شەڕ و ئاشتی. ئەم سیاسەته هەرچەنده لە سەدەی بیستەوە له پەیوەندیی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ وڵاتانی ژێردەست و تێوەگل قەیراندا باو بووه، بەڵام ئەمڕۆ له بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا فۆرمێکی نوێ و ئاڵۆزتری به خۆیەوه گرتوه.
کۆماری ئیسلامی بە هۆی ساڵانێک پەیڕەوی لە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و بێهوایی خەڵک لە ئەگەری چاکسازی لەنێو ڕێژیم بە تایبەت دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا و هەروەها ناکارامەیی تەواو لە کاروباری دەوڵەتداریی، بەرەوڕووی کەلێن و درزێکی بێوێنەی نێوخۆیی و قەیرانی شەرعییەت بووە و بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بە تەواوی لەگەڵ خۆیدا ناکۆک و تەنانەت دژبەر دەبینێت. ڕێژێمی وەلایەتی فەقیهـ هەروەها لە ڕەهەندە ناوچەیی و جیهانییەکانیشدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفتی گەورە بووەتەوە. ئەو گرفتانە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و تێکشکانی ئێستا چوونەتە قۆناغێکی نوێ. سەرسوڕمانی و بێئاگایی ڕێژیم لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل کە بوو بە هۆی لەدەستدانی بەشێکی سەرەکی لە تواناکانی بەرگریی کۆماری ئیسلامی، کارتی یاریکردنی ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانی بە ڕادەیەک سنووردار کردوە کە بە ڕاشکاوی دەتوانرێ بگوترێت کە ڕێژیم ئێستا بە دەستی بەتاڵ خەریکی یاریکردنە و تەنیا دڵخۆش بە ڕووداوەکان و ئەگەری هەڵەی لایەنی بەرامبەره!
ئەگەر لەو هەڕەشە پووچانەی کە هەمیشە بەشێکن لە دەستگای پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی -کە ئەویش بەراورد لەگەڵ ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زۆر کەم بوونەتەوە- چاوپۆشی بکەین، دەتوانین بڵێین: هیچ شتێک ناتوانێت ڕێژیم لە داڕمان ڕزگار بکات، تەنانەت ئاشتییەکی سەپێنراویش!
"ئاشتی لە لوتکەی دەسەڵاتدارییەوە"؛ دیوەکەی تری سیاسەتی "گۆپاڵ و گێزەر"
دوای هێرشە ورد و بەربڵاوەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازی و هەواڵگرییە هەستیارەکان لە نێوخۆی ئێران، بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکێک لە وتارەکانی ئەم دواییەیدا، ڕایگەیاند: "سیاسەتی من و سەرۆک ترامپ ئاشتی لە لوتکەی دەسەڵاتە."
ئەم لێدوانە هەم پەیامێکی ڕوون بوو بۆ تاران و هەم ئاماژەیەک بوو بۆ جۆرێک لە هەماهەنگیی ستراتیژی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و پەیڕەوکردنی سیاسەتی "گۆپاڵ و گێزەر"! بەڵام ئەمجارە بە نیشاندانی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازی و پاشان بانگهێشتکردن بۆ ڕاگرتنی ململانێکان و گەڕانەوە بۆ دانوستان. ئیسرائیل بەم ڕێبازە لە ڕاستیدا نیشانی دا کە تەنانەت لە لوتکەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیشدا، بە دوای ڕێگاچارەیەکدا دەگەڕێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاری ئێران، نەک گۆڕانی ڕژیم و لەنێوبردنی!
ئێران و ئیسرائیل؛ شەڕێک بۆ ئامانجێکی دیار!
ئەگەرچی ململانێی ئێران و ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا زۆرتر شەڕی بە وەکالەت لە سوریە، عێراق و لوبنان بووە، بەڵام پێشهاتەکانی ساڵی ڕابردوو بەتایبەت هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و تیرۆرکردنی ئامانجدار لە قووڵایی نێوخۆی ئێران، دەریانخستوە کە ئەم شەڕە لە سێبەرەکان دەرچووە و گەیشتۆتە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆ!
کاربەدەستانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا باس لە ڕخنە و دزە کردنی ئیسرائیل لەسەر ژێرخانی ئەمنییەتی ئەو وڵاتە دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕژیم نەک تەنیا لە بەرامبەر زلهێزە دەرەکییەکان، بەڵکوو تەنانەت لە دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی نێوخۆی خۆیدا شکستی هێناوە.
لەم نێوەندەدا، سیاسەتی "گۆپاڵ و گێزەر" چیتر لە چوارچێوەی تەنیا دیپلۆماسییەتدا پێناسە ناکرێت، بەڵکوو ئێستا بۆمب و درۆن و مووشەک و هێرشی ئەلیکترۆنی و ئۆپەراسیۆنی دزەکردن لەگەڵدایە. ئیسرائیل بە یاوەریی ئەمریکا لە لایەک پێکهاتە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج و لە لایەکی دیکەشەوە پەیامی ئاشتییانە بەڵام مەرجدار دەنێرێت. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ناتانیاهۆ بە "ئاشتی لە لوتکەی دەسەڵاتدا" ناوی دەبات؛ ئاشتییەک کە تەنها لە ڕێگەی گۆپاڵەوە بەدەست دێت!
کاریگەریی ململانێ و شەڕ لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی
ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل نەک هەر ڕێگەی بە کۆماری ئیسلامی نەدا کە چیتر مانۆڕی تەبلیغاتی بدات، بەڵکوو دەرخەری ئەوپەڕی ناکارامەیی پێکهاتە ئەمنییەکانی ڕێژیمی وەلایەتی فەقیهـبوو! ئەم پێشهاتانە لە هەلومەرجێکدا ڕوو دەدەن کە ڕێژیم ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتیی جەماوەری و بۆشاییەکی بێوێنە لە نێوان حکومەت و کۆمەڵگەدایە.
لە ڕاستیدا ئەو دەسەڵاتەی کە تا پێش تێکشکانی هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی لە پشت بەرەی بەناو میحوەری موقاوەمەت و گوتاری دژە ئیسرائیلی، وەک زلهێزێکی ناوچەیی دەناساند، ئەمڕۆکە تەنانەت لە پایتەختەکەی خۆیدا نائەمنی و دزەکردن بەخۆیەوە دەبینێت. وەها بارودۆخێک دەستی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیم زۆر زیاتر لە جاران کردۆتەوە و بە پێچەوانەش کۆماری ئیسلامیی لە ئەگەری موزایەدە بێبەش کردوە.
سیاسەتی "گۆپاڵ و گێزەر" بە تایبەت لە شێوەی یەکخستنی ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێستا چووەتە قۆناغی مەیدان و جێبەجێکردن! لە لایەک هێرشی نیزامی و دزەکردن لەنێو جەرگی بنکە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و کوشتنی دەیان فەرماندەی پلەبەرزی نیزامی و لەنێوبردنی بەشێکی زۆر لە ژێرخانی نیزامی و تەنانەت باسکردن لە ئەگەری گۆڕانی ڕێژیم بە زەقکردن و پرۆپاگەندە بۆ کەسێکی وەک کوڕی شای پێشوو وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ داهاتووی ئێران وەک گۆپاڵ!! لە لایەکی دیکەوە بەڵێنی هەڵگرتنی گەمارۆکان و داوای دانوستان و پەکەیجی ماڵی بۆ پشتیوانی لە بووژانەوەی ئابووری وەک "گێزەر"!
لەم ڕووەوە دۆناڵد ترامپ ڕۆژێک دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج و باس لە لەنێوچوونیان دەکات. ڕۆژی دواتر ئاشتی ڕادەگەیەنێت و ململانێ کۆتایی دێت! دوای چەند ڕۆژێک بە پاکێجێکی ماڵی داوای دانوستان و ئاشتی دەکات و ڕۆژی دواتر وێڕای گاڵتەکردن بە قسەکانی خامنەیی هەڕەشەی هێرشی دووبارە دەکات!
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جیاوازی لەگەڵ ڕابردوودا دروست دەکات، لەنێوچوونی توانای ڕێژێمە بۆ بەکارهێنانی سیاسەتی کات کڕینەوە و دروستکردنی دەرفەت و یاری دیپلۆماسی. لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەدا، کۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێت وەڵامدانەوە بە کۆمەڵگەی جیهانی سەبارەت بە پرسی ناوکی دوابخات، هەڵبێت، یان یاری بە وشەکان بکات. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی ناڕازی و دژبەر لە ناوخۆ و زلهێزە باڵادەستەکانی لە دەرەوە لەیەک کاتدا کۆماری ئیسلامی و دیکتاتۆری پیری وەها داماو و کڵۆڵ و دەستەوەستان کردوە کە نە توانایی بەربەرەکانی لەگەڵ گۆپاڵی ئەمریکا و ئیسرائیلی هەیە و نە گێزەری پێشکێشی دەستی ئەمریکا دەتوانێت قەبووڵ بکات!
پارچەپارچەبوون و پەرتەوازەیی دامەزراوەی بڕیاردان لە کۆماری ئیسلامیدا، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و بەساڵاچوویی عەلی خامنەیی و بێتوانایی لە بڕیاردان، جیاوازییە فیکرییە قووڵەکانی نێوان بەشێک لە فەرماندە پلەبەرزی نیزامی بەتایبەت لە تیرۆریستی سپای پاسداران و سیاسەتمدارانی ڕێژیم لەنێو دەوڵەتدا، ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئامریکا زۆر لاواز دەکات! هەر بۆیەش ڕەنگە داڕمان و ڕووخانی ڕێژیمی پاوانخواز و ملهوڕ و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە لایەن بزووتنەوەیەکی بێسەری جەماوەرییەوە بە هۆی ململانێی و ناکۆکی و ناتەبایی ڕادەبەدەری سیاسەتەکانی ڕێژیم و سروشتی نامرۆڤانەی، تاکە بژاردەی دوای شکستی سیاسەتی "گۆپاڵ و گێزەر" بێت!
کۆتایی ئاڵەشەوە و دێوەزمەی کۆماری ئیسلامی بێ گومان بە دەست خەڵکی ناڕازیی و شۆڕشگێڕانی سەر شەقامەکانەوە دیاری دەکرێ. ئەمە کۆتایی چیرۆکی هەموو دیکتاتۆرەکانە!