کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران: قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە

11:12 - 21 پووشپەڕ 2725

قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە

(پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی سی و شەشەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو)

 

خەڵکی مافخوازی کوردستان!

ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور قاسملوو!

٢٢ی پووشپەڕ، سی و شەش ساڵ بەسەر تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد و سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور عەبدولڕحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری ڤیەن تێدەپەڕێ.

دوکتور قاسملوو کە لەو ڕۆژەدا و هاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و د. فازڵ ڕەسووڵ کەسایەتییەکی خەڵکی باشووی کوردستان و دۆستی حیزبی دێموکرات، بە مەبەستی چارەسەریی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چووبوونە سەر مێزی وتووێژ، لە لایەن دەستەی بەناو دانوستانکاری کۆماری ئیسلامییەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللە و هەر لەوێ گیانی پاکیان بەختی ڕێگەی ڕزگاریی گەلەکەیان کرد.

 تێرۆری دوکتور قاسملوو یەکێک لەو یادەوەرییە تاڵ و کارەساتانەیە کە بە سەر بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتدا هاتوە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە ناسینێک کە لە کەسایەتیی بەرزی سیاسیی دوکتور قاسملوو و ڕۆڵی ئەو لە مەیدانی سیاسیی ئێران و بزووتنەوەی کوردستاندا هەیانبوو، وایان دانابوو کە بە تێرۆری ئەو ڕێبەرە زانایە، بزووتنەوەی کوردستان تووشی نسکۆیەکی گەورە و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە مەیدانی خەباتدا لاواز بکەن. ئەگەرچی ئەوان بەداخەوە لە تێرۆری دوکتور قاسملوودا سەرکەوتن، بەڵام نەیانتوانی بەو ئامانجانە بگەن کە مەبەستی تێرۆرەکەیان بوو، چونکە کردار و بیروهزری دوکتور قاسملوو بە جۆرێک ڕیشەی لە حیزبی دێموکراتدا داکوتاوە کە پاش ئەو کارەساتەش حیزبەکەی قاسملوو توانی قورس و قایم لە مەیدانی خەباتدا بمێنێتەوە و ئەوڕۆکە دەبینرێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاریگەرترین و پڕنفووزترین حیزبی کوردستانە و لە هەموو بۆنە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هەزاران کیژ و کوڕی کورد پێکەوە بە دەنگی بەرز دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" دەڵێنەوە. ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئەو بیروباوەڕە نەتەوەیی و مرۆڤانەیەی کە دوکتور قاسملوو لە پێناویاندا تێرۆر کرا، لە گەشەدایە و کوردستان لە ئاستێکی بەرزی وشیاری نەتەوەیی‌دایە و ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ پەرەدەستێنێ. لەولاشەوە ئەوڕۆکە هەموان بە چاوی خۆیان دەبینن کە ڕێژیمی تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمووکات زیاتر لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بێزراوە و گوڵۆڵەی ڕووخانی کەوتووتە لێژی. هەموو ئەمانە ڕاستیی ئەو ڕستەیەمان بۆ دەسەلمێنێ کە لە مێژە گوتراوە، "قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە.

هاونیشتمانییانی تێکۆشەر، هاوڕێیانی بەڕێز!

بە وتەی ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملوو،" باشترین پاداش بۆ شەهیدان، درێژەدانی ڕێگایانە". بۆیە لەم ڕۆژەدا و لە ساڵڕۆژی شەهیدانی ڤیەندا هەموومان پێکەوە لەگەڵ ڕوحی پاکی دوکتور قاسملوو و عەبدوڵلا قادری‌ئازەر و دکتور فازڵ رەسووڵ و هەموو شەهیدانی کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە کە تا سەر درێژەدەری ڕێگای خەباتیان بین.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی کوردستان.

بەهیوای وەدی هاتنی هەرچی زووتری ئاوات و ئامانجەکانیان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢١/٤/١٤٠٤