
د. مەحموود عوسمان:تەنیا بە یەکگری و پاڵوێکدان دەتوانین نەمانی د. قاسملوو قەرەبوو بکەینەوە
ئاماژە: تەلەڤزیۆنی "تیشک" لە ٣٠ ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیدا دیمانەیەکی لەگەڵ د. مەحموود عوسمان کردبوو. د. مەحموود عوسمان لەو دیمانەیەدا لە چەند ڕەهەند و گۆشەنیگای جیاوازەوە باسی لە ڕۆڵ و پێگەی د. قاسملوو کرد. "کوردستان" لە بەرەبەری ٣٦ ساڵەی تێرۆری د. قاسملوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی پوختەیەک لەو دیمانەیە بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە:
دوکتور مەحموود ئێوە لە کەیەوە دوکتور قاسملووتان ناسیوە و چۆن باسی ئەو ناسینە دەکەن؟
ئەمن دەمێک بوو دوکتور قاسملووم دەناسی. لە دەیەی پەنجای زایینییەوە دەمناسی. لەو کاتەوە تا کاتی شەهیدبوونی بەردەوام بینیومە. چ لە شاخ و لەلای پێشمەرگەکان و چ لە دەرەوە لە پاریس، لە پراگ و زۆر شوێنی تر. لە باشووری کوردستان و بەغداش هەر بینیومە. بێگومان د. قاسملوو کەسایەتییەکی دیار و ناسراوی کورد بوو و لەسەر ئاستی ناوچەکە و دەرەوەش ناسراو بوو. پیاوێکی زانا و پێگەیشتوو بوو و زۆر بەباشی دەیتوانی خۆی بگونجێنێ، چ وەک پێشمەرگە و چ وەک مامۆستای زانکۆ، چ وەکوو تێکۆشەرێک کە چالاکیی نهێنی دەکرد، یان بەئاشکرا. لەبەر ئەوە بەڕای من کەسایەتییەکی زۆر دیار بوو. ئەو کەسایەتییەکی نەتەوەیی بوو و لە هەمان کاتدا، دیسان کەسایەتییەکی هەبوو کە بڕوای وابوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باقی نەتەوەکان خەبات بکەن بۆ دێموکراسی لە ئێران. بڕواشی بەوە هەبوو کە پێویستە نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا پیوەندیی هەبێ. ئەو لەسەر ئاستی دەرەوەشدا ناسراو بوو، چوونکە لە زۆر وڵات ژیابوو و چەندین زمانی دەزانی. لەبەر ئەوە دوکتور قاسملوو کەسایەتییەکی گەورە بوو. بەوپێیە لەدەستدانیشی خەسارەتێکی گەوەرە بوو، چونکی بۆشاییەکی گەورەی لە بزووتنەوەی دێموکراتیکی کورد لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵات و کوردستان بەگشتی دروست کرد. بەداخەوە بە شێوەیەکی واش لەدەستمان چوو کە زۆر جێی باوەڕ نەبوو.
دوکتور مەحموود چ تایبەتمەندییەک دوکتور قاسملووی کردە ئەو کەسایەتییە مەزنە کە جەنابت باست کرد؟
بەردەوامی بەڕێزیان لە خەبات، زانایی و تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی ئەو لە هەموو ڕوویەکەوە، خوێندەواری و خۆ گونجاندنی لە هەر ڕوویەکەوە و لە هەموو قۆناغەکانی وەکوو پێشمەرگە و لە چالاکیی نهێنی و ئاشکرا، و هەروەها ئەو پێوەندییە بەرفراوانەی لەسەر ئاستی جیهانیدا هەیبوو. ئەو لە دەرەوە پێوەندی هەبوو، لەسەر ئاستی ناوچەکە و لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان پێوەندی هەبوو. لەگەڵ حیزبە ئێرانییەکان پێوەندیی باشی هەبوو و ئەم هەموو پێوەندی و ئیش و توانا و زانیارییە، وای لە دوکتور قاسملوو کردبوو ببێتە کەسایەتییەکی ناسراو و گرنگ لەسەر ئاستی کوردستان، ناوچەکە و دەرەوەش.
پێتان وایە خەباتی د. قاسملوو هەر بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، یان بەشەکانی دیکەی کوردستانیش؟
نا. دوکتور قاسملوو بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان خەباتی دەکرد، بەڵام تەرکیزی زۆرتر لەسەر ڕۆژهەڵات بوو. بەڵام بەهۆی پێوەندییەکی کە لەگەڵ حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیبوو، یارمەتیی هەموو پارچەکانی کوردستانی دەدا. زۆرجار کە لە باشوور بووە یارمەتی ئەوێی داوە، هەموو لایەکیش ڕێزیان لێی دەگرت و ڕێز و ئێحترامێکی تایبەتیی لە نێوان هەموو لایەنەکان هەبوو. ئەو کەسایەتییەکی نەتەوەیی بوو، و نەک تەنیا بۆ ڕۆژهەڵات بەڵکوو بۆ هەموو پارچەکان خەباتی دەکرد. ئەوەش بڵێم کە مرۆڤێکی واقعبین بوو، باسی ئەوەی دەکرد کە نابێ دروشمێک هەڵگرین کە نەتوانین جێبەجێی بکەین و دەبێ دۆخەکە بخوێنینەوە. هەروەها دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات پیوەندییان هەبوو لەگەڵ عێراق، ئەوکاتەی کە ئەوان لە شاخ دژی ڕێژیمی ئێران شەڕیان دەکرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئیزنیان نەداوە ئەو پێوەندییە کاریگەریی خراپی لەسەر کوردی باشوور هەبێ. جاری وا هەبوو کوردی باشوور پێوەندی هەبوو لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران، یان لەگەڵ تورکیە و دوایی زەرەری داوە لە کوردی ئێران و تورکیە. دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات ئەوەیان نەکردووە و بە قەناعەتی من کارێکی گەورەیان کردووە لەم بوارەدا. بۆیە ئەوکاتەی کە پێوەندییان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبوو، قەت لێیان ڕازی نەبوو، هەرگیز ویست و خواستی دەسەڵاتی بەعسیان قبووڵ نەکرد و نەچوونە ژێر باری و دژی کوردی باشوور هیچ کارێکیان نەکرد.
دوکتور بنەماکانی ئەو سەربەخۆییەی سیاسیی حیزبی دێموکرات بۆ چی دەگەڕێتەوە، و چەندە دوکتور قاسملوو کاریگەریی لەسەر ئەم سیاسەتە هەبوو؟
حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو بۆیە نەچوونە ژێر ڕکێفی بەعس لەبەر ئەوەی دەیانزانی هیچ قازانجێکی تێدا نابێ. لەو قۆناغەی کە پێوەندییان لەگەڵ بەعس هەبوو، خۆیان زەرەرمەند بوون و دەیانتوانی زۆر زیاتر لە دەوڵەتی عێراق سوود وەرگرن، بەو مەرجەی ئەوانیش هەندێ شت بکەن کە حکومەتی عێراق ڕازی بکات، بەڵام نەیانکردووە. زەرەری خۆیان قبووڵ کردووە، بەڵام نەیانویستووە زەرەر لە پارچەیەکی تری کوردستان یان نەتەوەی کورد بدەن.
هەمووان دەزانن کە د. قاسملوو مێعماری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کورد بوو. بەشێک لەو لینکانە ئێستاش وەفایان بۆ پرسی کورد ماوە، هۆکاری ئەوە لە چیدا دەبینن؟
ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتیی دوکتور قاسملوو، توانای دوکتور قاسملوو و پێوەندی بەربڵاوی ئەو لەگەڵ لایەنەکان. بێگومان ئەوەی هاوڕێی د. قاسملوو بووبێ، یان بۆ ماوەیەکیش ئەوی ناسیبێت، ئێستاش باسی دەکات و ئێستاس ڕێزی تایبەتی هەیە بۆی. لە نێوخۆی کوردستان، لە باشوور، لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیش پێوەندییەکی باشی هەبوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان. ئەو بەردەوام بە دوای ئاشتیدا بووە و بەردەوام هەوڵی داوە کێشەی نێوان لایەنە کوردەکان بە ئاشتی چارەسەر ببێت. لایەنە کوردستانییەکان هەوڵی ئاشتەوایی بدەن و ئەگەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی شەڕ بوو، خەتابار هەر دەسەڵاتی تاران بوو. ئەو بوو کە پەلاماری کوردی دا، ئەگینا دوکتور قاسملوو قەت تەئییدی ئەوەی نەکردووە کە بڕۆن و شەڕ بکەن. بەڵام کاتێک حکوومەتی ئێران داواکانی کوردی قبووڵ نەکرد و پەلاماری کوردیان دا، کوردەکانیش ناچار بوون چەک هەڵگرن و دژیان بووەستنەوە. کاتێکش کە تووشی شەڕ ببوون، ئەوکات کۆمەڵە هەبوو، چریکی فیدایی هەبوو، شێخ عێزەدین هەبوو، حیزبی دێموکراتیش بە ڕێبەریی دوکتور قاسملوو هەبوو کە ئەم چوارە بەیەکەوە کاریان دەکرد، هەیئەتی نوێنەرایەتیی کوردیان دروست کرد و لەنێوان ئەو چوار لایەنەدا دوکتور قاسملوو زیاتر لە هەمووان هەوڵی ئاشتیی دەدا. لەگەڵ تارانیش هەروەها، هەموو هەوڵەکە ئەوە بوو کە ئاشتییەک هەبێ بەڵام تاران مەیلی نەبوو و نەیکرد. کوردیش هەموویان خوازیاری ئەوە نەبوون، بەڵام حیزبی دێموکرات زیاتر لە لایەنەکانی دیکە هەوڵی ئاشتییان دەدا. دەیانزانی کە ئاشتییەکە باشترە بۆ نەتەوە و قازانجی دەبێ ئەگەر مافی کورد لەو وڵاتەدا بچەسپێ، بەڵام ڕاستییەکە ئەمەیە کە نە ئێرانییەکان، نە عێراق، نە تورکیە و نە سوورییەکان نەیاندەویست لەگەڵ کورددا پێک بێن. وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەردەوام نایانهەوێ کێشەی کورد چارەسەر ببێ و شەڕەکان ئەوان بەسەر کوردیاندا سەپاندوون.
بە بڕوای ئێوە چی وا لە دوکتور قاسملوو دەکات کە لە کەسایەتییەکی چەپی کوردە ببیتە کەسایەتییەکی نەتەوەیی کوردی چەپ؟
هەموومان دەزانین دوکتور قاسملوو ماوەیەک چەپ و ئەندامی حیزبی تودە بوو. بەڵام دوایی دەرکەوت کە حیزبی تودە هیچی بۆ کورد نەکردووە و ئەوانەی چەپی ئێرانی بۆ کورد باش نەبوون. دوکتور قاسملوو پاش سەرنجدان بە دۆخی کورد پاڵپشتی نەکردن و گرنگینەدانی چەپەکان بە پرسی کورد بەو ئاکامەی دەگەیەنێت کە بگەڕێتەوە بۆ گوتاری نەتەوەیی. بەڵام هەبوون کەسایەتی دیکەی کورد وەکوو غەنی بلووریان کە پاش ٢٥ بۆ ٢٦ ساڵ بەندکران، هەر لایەنگری حیزبی تودە مانەوە هەتاکوو گیانی بەخت کرد. لە هەمان کاتدا دوکتور قاسملوو هەوڵی دۆستایەتیی نێوان نەتەوەکان و لایەنە جیابیرەکانیشی دەدا و کەسێکی بیرتەسک نەبوو.
باشە بۆ چی کۆماری ئیسلامی ئاوها کەسایەتییەکی ئاشتیخوازی شەهید کرد؟
لە بنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوای بە پرسی نەتەوەیی نییە و پێیان وایە کە هەموو خەڵکی ئێران سەر بە ئۆممەتی ئیسلامیین، بەڵام هەموومان دەزانین کە لەوەشدا ڕاست ناکەن و فێڵ لە نەتەوەکانی دیکە دەکەن. شای ئێرانیش هەر بەم جۆرە خەڵکی فریو دەدا و دەیگوت هەموومان ئێرانین. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوای وتووێژدا نەبوو، بەڵکوو دەیەویست دوکتور قاسملوو شەهید بکات و ئەوە بوو کە چەند کەسێکیان بە ناوی دیپلۆمات ناردە ڤییەن و لەوێ بەداخەوە دوکتور قاسملوو و عەبدوڵلا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسوڵیان تێرۆر کرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو گەیشتە ئامانجی خۆی؟
بێگومان نا، لەبەر ئەوەی ڕاستە ئەوان دوکتور قاسملوویان لێ ئەستاندین، بەڵام ڕێبازەکەی گشتگیرتر و بەرفراوانتر بووە و ڕق و قین نەتەوەی کورد نیسبەت بە داگیرکەر زیاتر بووە. لە ڕاستیدا ئەوانیش زەرەر دەکەن و نازانم کەی بەخۆیاندا دەچنەوە و ڕەفتاریان دەگۆڕن. بەڵام ئەم کردەوانە هەر دوو لا زەرەرمەند دەکات و ڕق و قینی نەتەوەی کورد زیاتر دەکات بەرانبەریان. بەداخەوە ئامریکا کە دوژمنی ئێرانە ئێستاش کاتێک کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە دەدەنە بەر مووشەک بێدەنگ دەبن و پشتیوانیمان لێ ناکەن. ئێمە دەبێ دەرس لە تێرۆری د. قاسملوو وەرگرین. جارێ پێش هەموو شتێک پێویستە کورد بۆ خۆی یەکگرتوو بێ و ئەگەر ڕۆژێک حکوومەتی ناوەندی داوای وتووێژی هەبوو، دەبێ بەئاشکرا بێ نەک نهێنی، چوونکە نەتیجەی نهێنییەکەمان بینی و زەرەرمان کرد. پێویستە لایەنێکی سێیەم هەبێ وەکوو وڵاتان یان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پێتان وایە خەساری لەدەستدانی دوکتور قاسملوو چەندەیە؟
بیگومان خەسارێکی گرانە، لەبەر ئەوەی هەر کەسایەتییەک کاریگەریی خۆی هەیە و بە تایبەتی دوکتور قاسملوو کاریزمای خۆی هەبوو و زەحمەتە کەس بتوانێ جێگەی بگرێتەوە، بەڵام پێویستە بۆ قەرەبووی لەدەستچوونی ئەم کەسایەتییە مەزنانە دەست بە دەستی یەکەوە بدەین و بتوانین جێگایان پڕ بکەینەوە.