کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند

17:32 - 21 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاک ئەحمەد نووری ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک ئەحمەد نووری ساڵی ١٣٥١ لە ئاوایی بزمیراوای داڵاهۆ و لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەری باوەڕمەند بە ئایینی یارسان لە دایک بووە.

ناوبراو بە هۆی دەستکورتیی بنەماڵەکەی تەنیا توانیویەتی تا پۆلی پێنجی سەرەتایی لە شاری سەرپێڵی زەهاو بچێتە قوتابخانە، پاشان بۆ هاوکاریی بنەماڵەکەی و بەدەستهێنانی بژیوی ژیان خەریکی کاری وەرزێڕی بووە.

کاک ئەحمەد لە ڕێگەی ئەو قسە و باسانەی کە لە خەڵک و بنەماڵەکەیان لەسەر حیزبی دێموکرات و شەخسی دوکتور قاسملوو گوێی لێ بووە هۆگریەکی زۆری بە حیزبی دێموکرات پەیدا کردووە و و تەبلیغی بۆ کردووە.

کاک ئەحمەد نووری لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاویدا یەکەمین پەیوەندی تەشکیلاتیی بە شێوەی ڕەسمی و ئۆرگانیک دادەمەزرێنێ و دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ساڵی ١٣٧٨ لە کاتی چالاکی و تەبلیغ بۆ حیزبی دێموکرات ڕاپۆڕتی لێ دەدرێت و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەرپێڵی زەهاو دەسبەسەر دەکرێ و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئەشکەنجە و ئازاری دەدەن، هەموو لێپرسینەوەکانی لەسەر هاوکاریکردنی حیزبی دێموکرات بووە و پاش شکەنجە و ئازاردانێکی زۆر کاتێک دان بە هیچ شتێکدا نانێ بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازادی ئەکەن.

ناوبراو ١٩ ساڵە ڕووی لە وڵاتی فینلاند کردووە و لەوێش وەک ئەندامێکی چالاک درێژەی بە ئەرکی حیزبایەتیی خۆی داوە و لە  کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبییەکان و خۆپیشاندانەکاندا بەشداریی کردووە و زۆر ڕاشکاوانە بیروڕای خۆی باس کردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.