کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ ڕێکخراوی مافی مرۆیی لە ٣٦ ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوودا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

16:04 - 22 پووشپەڕ 2725

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی و لە سی و شەشەمین ساڵی تێرۆری ڕێبەری زانای کورد، دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوودا، ١٠ ڕێکخراوی مافی مرۆیی  بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە کە پارێزراوبوونی کۆماری ئیسلامی تێک بشکێندرێت و ڕێکاری نێودەوڵەتی بەکار بهێندرێت.

ئەم ڕێکخراوانە لەم بەیاننامەیەدا ویرای بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییانی ئەم تێرۆرە، خوازیاری هەوڵی خێرا، یاسایی و نێودەوڵەتی لە ڕاستای کۆتاییهێنان بە سووڕی پارێزراوبوونی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە پرسی تێرۆردا بوون.

ئەوان لەم بەیاننامەیەدا ڕایانگەیاندووە کە تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ناچێتە ژێر باری تێپەڕبوونی کاتەوە و هەتا ئەو کاتەی کە هۆکارەکانی ئەم تێرۆرە پشتیوانیی دەوڵەتییان هەبێت و پارێزراو بن، تاوانەکە کۆتایی پێ نەهاتووە و دەبێ بەدواداچوونی بۆ بکرێ.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئوتریش وەکوو شوێنی ئەنجامدانی تێرۆرەکە، سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی زۆر، گومانلێکراوانی ئازاد کردن و بۆ تارانی گەڕاندنەوە، ئەم هەوڵە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ئوتریش لە بەڵگەکانی دژی تێرۆر، بنەماکانی پێشگرتن لە لەسێدارەدانی سەروویاسایی و بڕگەکانی ٦، ١٣ و ١٤ی پەیماننامەی مافە یاسایی و مەدەنییەکانە.

ئەم ١٠ ڕێکخراوە تیڕۆری دوکتور قاسملوویان لە ڤییەن، بە ڕەوتی سازماندراوی حەزفی جیابیران لە دەرەوەی ئێران ناو بردووە و و ڕایگانگەیاندووە کە بێدەنگی و نەبوونی کردەوە لەلایەن دەوڵەتی ئوتریشە و کۆمەڵگەی جیهانییەوە ئەم پەیامە بە کۆماری ئیسلامی دەدات کە تێرۆر لە خاکی ئورووپا هێج تێچووویەکی نییە.

لە کۆتاییدا ڕایانگەیاندووە کە داواکارییەکەیان چالاککردنەوەی خێرای مێکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بکەرانی تێرۆرەکەکەیە تاکوو ئەم دۆسییەیە بگەڕێتەوە سەر ڕێبازی دادپەروەرانە.

ئەم ١٠ ڕێکخراوە بریتین لە: بونیادی عەبدولڕەحمان بروومەند، کانوونی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، ناوەندی بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێڤ، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، گرووپی مافی مرۆڤی بەلوچستان، ڕسانەک، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز و ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا.