کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ بەڕێوەچوونی سێمینارێکی تایبەت بە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

23:56 - 22 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب و بە بەشداریی بەڕێز دوکتور خوسرەو بەهرامی و دەیان کەس لە ئەندامانی حیزب و نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان لە فینلاند، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ٣٦ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە شاری هێلسینکی بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له خەبات و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە، لەلایەن سەید ئەحمەد حوسێنی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە فینلاند خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا، دوکتور خوسرەو بەهرامی بەم بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد.

بەڕێز بەهرامی، سەرەتای باسەکەی بە قسەکردن لەسەر کەسایەتی و ڕۆڵ و کاریگەریی دوکتور قاسملوو دەست پێ کرد و چەند نموونەیەکی وەکوو بەڵگە بۆ بەشداران باس کرد. وەک یەکێ لەو نموونانە، ئاماژەی بە دیدارێکی نێوان دوکتور قاسملوو و وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئوتریش کرد کە، ئەگەرچی کاتی دیدارەکە تەنیا ١٠ خولەک بوو، بەڵام دوکتور قاسملوو توانیبووی بەرامبەرەکەی بخاتە ژێر کاریگەریی وتە و کردارەکانی و ناچاری بکا زیاتر لەو کاتەی کە دیاریی کردبوو، درێژە بە دیدار و قسەکردن لەگەڵ دوکتور قاسملوو بدا و لە کۆتاییشدا بۆ دیداری دووبارە لە داهاتوودا ئامادەیی نیشان بدا.

دوکتور خۆسرەو، ئاماژەی بە پێوەندییەکانی دوکتور قاسملوو لەگەڵ وەزیرە ئورووپاییەکان، کەسایەتییە بیانی و کوردستانی و ئێرانییەکان کرد و لێهاتوویی دوکتور قاسملووی لە بەرەوپێشبردنی ئەو پێوەندیانەدا بەرز نرخاند.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خوسرەو بەهرامی، ئاماژەی بە گرنگی و بایەخدانانی دوکتور قاسملوو بە کوردستان کرد و هەوڵ و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرەی لە "شۆرای میللی مقاومەت" بەرز نرخاند و باسی لە دانپێدانانی کەسایەتییەکی وەک "خان‌بابا تێهرانی" بەو ڕاستییە  کرد کە "بۆ ڕێبەریی داهاتووی ئێران، تەنیا کەسێکی شیاو نییە جگە لە دوکتور قاسملوو. بەڵام ئەو خوازیاری هیچ پۆست و پلەیەک نەبوو، چونکە لای دوکتور قاسملوو، کوردستان مەسەلەی کورد و نەتەوەکەی لە هەموو پۆست و پلەیەک لەپێشتر بوو."

بەهرامی، لە درێژەی وتەکانیدا، شەهیدبوون و لەدەستدانی دوکتور قاسملووی وەک خەسارێکی مەزن بۆ نەتەوەی کورد، ئێران و جیهان لە قەڵەم دا.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەهرامی ئاماژەی بە وتەیەکی دوکتور بێرنارد کوشنێر، وەزيری دەرەوەی فەرانسە کرد کە لە پاش شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو وتبووی: "هەرکات دوکتور قاسملوو دەهاتە پاریس و چاومان پێی دەکەوت، شتێکی تازەی لێ فێر دەبووین، بەڵام بە شەهیدبوونی ئەو، ئێمەش بۆ هەمیشە لەو شانسە بێبەش بووین."

بەڕێز بەهرامی باسی لەوە کرد کە دوکتور قاسملوو، ڕێبازە و تەنانەت لاوانی کوردستانیش کە هەرگیز دوکتور قاسملوویان نەبینیووە، لەو ڕێبازەدا تێدەکۆشن و لە نێوخۆی کوردستانیشدا دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" دەڵێنەوە.

لە بەشێکی‌تری قسەکانیدا بەڕێز بەهرامی، باسی لە ڕووداوی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کرد و لەوبارەوە وتی: "ڕووداوێک کە بۆ هەموومان دڵتەزێن بوو و بەڵام بۆ من دڵتەزێنتر؛ دڵتەزێنتر لەبەر ئەوەی کە دوایین سێ ڕۆژی ژیانی دوکتور قاسملوو، من لە خزمەتیدا بووم و سات بە سات لە ناو ڕووداوەکەدا بووم تا کارەکانی دادگا ."

دوکتور خوسرەو بەهرامی، ئاماژەی بە سەفەری دوکتور قاسملوو بۆ ڤییەن و دانیشتنەکانی لەگەڵ هەیئەتی بەناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی کرد.

ناوبراو باسی لە پیلانەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاتنی تێرۆریستەکان دوو ڕۆژ پێش ڕووداوەکە کرد کە بریتی بوون لە: جەعفەر سەحراڕوودی، بوزۆرگیان و مستەفەوی.

بەڕێزیان هەروەها باسی لە دوو فاکتۆری سەرەکی لە ئازادبوونی تێرۆریستەکان کرد: یەکەم ئەوەی کە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا، ئوتریش چەکی فرۆشبتوو بە هەردوو لا کە پێچەوانەی یاسای دەوڵەت بوو. بەڵام دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش بە دزییەوە ئەو کارەیان کردبوو.

فاکتۆری دووهەم، ئەوە بوو کە ئێران هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر تێرۆریستەکان ئازاد نەکرێن، گیانی ئوتریشییەکان لە ئێران لە مەترسیدایە.

بەڕێز بەهرامی ئاماژەی بە هەوڵەکانی حیزب و خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوسەری دوکتور قاسملوو بۆ مەحکوومکردنی تێرۆریستەکان و کۆماری ئیسلامی لە دادگادا کرد کە بەداخەوە تا ئێستا بە ئاکامێک نەگەیشتوون.

ناوبراو وتی: "بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە تەواو بووبێ، چونکە دەوڵەتی ئوتریش قەرزداری ئێمەیە و داوای لێبوردنێک بە میللەتی کورد قەرزدارە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێز بەهرامی، یادی شەهیدان دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و هەموو شەهیدانی کوردستانی بەرز نرخاند و هیوای خواست کە ڕێبازەکەیان بەردەوام بێ.

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا، ئاماژە بە ناوی ئەو حیزب و لایەنانە کرا کە لەم سێمینارەدا بە پەیام و چەپکەگوڵ بەشدار بوون، کە بریتی بوون لە:

-  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە فینلاند

-  کۆمەڵگەی دێموکراتیکی کورد لە هێلسینکی

- فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان – فینلاند.

بەشی کۆتایی سێمینارەکە تایبەت بوو بە پرسیار و تێبینیی بەشداران و پاشان لەلایەن بەڕێز دوکتور خوسرەو بەهرامییەوە وڵامیان درایەوە.