کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ بەڕێوەچوونی سێمینارێک بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

00:02 - 23 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی شەممە، ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کردستانی ئێران، بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یادی ٣٦ ساڵەی تێرۆری شەهیدان دوکتور قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر لە شاری ستۆکهۆڵم سێمینارێکیان پێک هێنا.

بەڕێوەبەری بەرنامە، هاوڕێ نەبەز عەلیدووست، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداران، بەتایبەت نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و سویدییەکان ڕیزی بەرنامەکانی کۆڕیادەکەی ڕاگەیاند.

بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب کۆڕیادەکە دەستی پێ کرد و دواتر بەشداران بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان خولەکێک بە پێوە ڕاوەستان.

پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزب بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ، لەلایەن هاوڕێ نیشتمان عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی گشتییەوە خوێندرایەوە.

فرێدریک ماڵم نوێنەری حیزبی لیبڕاڵەکانی سوید لە پارلەمانی سوید و دۆستی لەمێژینەی گەلی کورد، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو وەک نموونەی کارە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی ئەو تێرۆرانەی کرد کە کۆماری ئیسلامی لە چەند شارێکی وڵاتی سوید بە دژی تێکۆشەرانی کورد بەڕێوەی بردوون.

"بێهرووز کورد ئەحمەدی" کادری پێشووی ڕاگەیاندنی ناوەندیی حیزب و چالاکی سیاسی چەند کۆپلە شێعری بە کوردی و فارسی لە نێوئاخنی بەرنامەکاندا خوێندەوە.

دوای ئەوە، نوێنەری حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید لە پارلەمان، "قادر کەسیرگە" چەند وتەیەکی سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتور قاسملوو، پێوەندیی دۆستانەی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید لەگەڵ حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد بە زمانی سویدی و کوردی پێشکەش کرد.

ژمارەیەک حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بەو بۆنەوە پەیامی هاوخەمییان بۆ کۆڕەکە ناردبوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەوە نێوەکانیان خوێندرایەوە و سپاسیان کرا. 

کۆڕگێڕی یەکەم کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب و هاوڕێی نزیکی ئەو ڕێبەرە مەزنە؛ سەبارەت بە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات و دوکتۆر قاسملوو لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و  کۆڕگێڕی دووهەم دوکتۆر ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆ لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە شۆڕش و کاریگەریی دوکتور قاسملوو لە سەر خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان پێشکەش کرد.

کۆڕگێڕی سێهەم سۆران عەلیپوور پاوەڕپۆینتێکی سەبارەت بە بڕگەکانی ژیانی شەهید دوکتور قاسملوو لە ماوەی ژیانی سیاسی و ئاکادێمیکی ناوبراودا و هەروەها کاریگەریی بیری زانستییانەی ئەو ڕێبەرە شەهیدە بەسەر ڕەوتی کاری سیاسی و حیزبی لە کوردستاندا باس کرد.