کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێک بۆ ٣٦ ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ئوسترالیا

00:32 - 23 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بەبۆنەی ٣٦ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو هاوڕێیانی لە وڵاتی ئوتریش بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، وێبینارێکی سیاسی بە بەشداریی کاک فواد خاکی‌بەیگی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کومیتەی حیزب لە ئوسترالیا پێک هات.

لە سەرەتای وێبینارەکەدا مەسعود سەمەدی وەک بەڕێوەبەر بەخێرهاتنی کاک فواد و بەشدارانی وێبینارەکەی کرد و وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

دواتر سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا بە کورتی کاک فوادی بە بەشداربووان ناساند .

بابەتەکەی کاک فواد لە دوو بەش پێک هاتبوو، بەشی یەکەم تایبەت بە کەسایەتی و دەوری  دوکتور قاسملوو لە ناو حیزب و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتدا  و بەشی دووهەم لەسەر هەلومەرجی ڕۆژهەڵات و ئێران و ناوچەکە.

کاک فواد ئاماژەی بە سەرەتای گەشەی سیاسی لە فکر و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوودا کرد کە هەر لە بنەماڵەی خۆیەوە دەستی بەو عەداڵەتخوازی و دادپەروەرییە کردووە ، ئەو کاتەی کە ڕەعییەتەکان بۆ باوکی دوکتور قاسملو کار دەکەن  و زەکاتی ماڵی دوکتور قاسملوو لە ڕەعییەتەکان زیاتر بووە، دوکتور قاسملوو  ئەوەی پێ قەبووڵ ناکرێ و دەڵێ بۆ دەبێ ئەوان کە زەحمەتی زیاتر دەکێشن و هەموو کارەکە دەکەن بەڵام ئێمە زیاتر وەردەگرین کە ئەوە شتێکی ناعادڵانەیە.

هەروەها دوکتور قاسملوو  کاتێک بەشە ماڵی خۆی بۆ بەڕێ دەکەن پێشکەش بە حیزبی دەکات و لە خەرجی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی حیزب کەڵکی لێ وەردەگرێت.

بەڕێز خاکی‌بەیگی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە قاسملوو لە ناوماندا نییە بەڵام فکر و ئەندیشەکانی لە ناوماندا زیندووە. دەبینین ئێستاش نەسڵی ئەمڕۆ کە دوکتور قاسملووشیان نەدیوە لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتدا هاوار دەکەن قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، ئەوە نیشانەی تێکۆشان و فکر و ئەندیشەی قووڵی ئەم ڕێبەرەیە کە

٣٦ ساڵە لە ناوماندا نەماوە بەڵام ئێستاش هزر و ئەندیشەی ناوبراو چ لە ناو حیزب و چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و چ لە دەرەوە کاڵ نەبووەتەوە.

ئەگەر قازی محەممەد بنیانەری حیزب بوو بەڵام دوکتور قاسملو گەشەی بەو فکر و ڕێبازە  دا و  زیاتری ناساند .

بەڕێز خاکی‌بەیگی باسی ئەوەی کرد کە دوکتور قاسملوو لە ناو حیزبدا سیستمی دامەزراند و  حیزبی مۆدێرنیزە کرد و بەرنامە و پرۆگرامی نوێی بۆ حیزب هێنایە ئاراوە و کردیە یەکەم حیزبی مۆدێڕنی ناوچە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دوکتور قاسملو دژی تاکپەرەستی بوو بۆیە دوای ٣٦ ساڵ ئەو ڕەوشتە جوانە لە حیزبدا ماوەتەوە و حیزب پێڕەوی لێ دەکات. هێنانی کاری بەکۆمەڵ لە ناو حیزبدا یەکێکی دیکە لە ئیبتکارەکانی نەمر دوکتور قاسملوو بوو، بیرۆکەی دیمۆکراسیی لە ناو حیزبدا پەرە پێ دا و باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی بوو بۆیە بەر لە خودموختاریش  داوای دێموکراسی دەکرد.

ئەو پێی وابوو تا دێموکراسی نەبێ هیچ عەداڵەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جێبەجێ نابێت، ئەو ئەندیشەیە کاریگەریی لەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەبوو.

کاک فواد لە درێژەی بابەتەکەدا رایگەیاند: من ئێستاش دەرس لە کردەوە و فکرەکانی دوکتور قاسملو وەردەگرم  و گەورەترین دەرس کە لە ناوبراو وەرمگرت ئەوە بوو کە هیچ کات یەک لایەنە قەزاوەت نەکەین، یەکلایەنەش شتەکان نەبینین.

 ناوبراو لە بەشی دووهەمی بابەتەکەیدا باسی ڕووداوەکانی ئەم دوواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد،بە تایبەت دوای ئاڵوگۆڕەکانی ٧ی ئۆکتۆبری  ٢٠٢٣ کە پرۆژەی ڕۆهەڵاتی ناوین باسی کرا و تا ڕادەیەک وڵاتانی ئوروپایش پشتگیری دەکەن کە ئەوە ستارتی  کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی بوو .

ناوبراو وتیشی کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە ئەوپەڕی لاوازییەوە.

کاک فواد باسی ترسی ڕێژیم لە حیزبی دێموکراتی کرد کە پەنای بۆ هەموو جینایەتێک برد،

کۆماری ئیسلامی هەر بە موشەکبارانی بنکەکانی حیزب و تێرۆری ئەندامانی حیزب دەستی هەڵنەگرت بەڵکوو پەنای بۆ  ڕێککەوتنی ئەمنییەتی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان  کرد بۆ خاشەبڕکردنی حیزب، بەڵام لەو هەلومەرجە ناسک و مەترسیدارەدا دیتمان کە نەورۆزی خاکیپۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بەڕێوە چوو و  کۆماری ئیسلامیی دەستەوەستان کرد.

هەروەها  ئاماژەی بە زەرورەتی پێکهێنانی بەرەیەکی  یەکگرتووی ناو هێزەکانی ڕۆژهەڵات  کرد.

بەشی کۆتایی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و وڵام  و ئاڵوگۆڕی  بیروڕا.