کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڤییەن لە بریتانیا

10:59 - 24 پووشپەڕ 2725

لە سی و شەشەمین ساڵوەگەڕی تێروری ناجەوانمێرانەی شەهیدانی ڤییەن، دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ڕێوڕەسمێكی بەشكۆ لە لەندەنی پێەتەختی بریتانیا لە پێش دەركی باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامی و باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی ( ١٣ی جوولای ٢٠٢٥)، بە بەشداریی سەدان كەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی پاكی شەهیدان بە پێشكەشكاریی خاتوو مینا سوارە دەستی پێ كرد.

دواتر پەیامی دەستەی كارگێڕیی حیزب بە فارسی لەلایەن هاوڕێ كەیوان شێرزاد بەرپرسی بەشی تەشكیلاتی كۆمیتەی بریتانیاوە پێشكەش كرا.

دەقی ئەو پەیامە بە زمانی كوردی لەلایەن دوكتور كاوە مودەڕەسی بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە بریتانیا پیشكەش كرا و دواتر چەند دروشمێک وەک: قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە لەلایەن جەماوەرەوە بە تێكڕایی وترانەوە.

لە بەشێک لە ڕێوڕەسمەكەدا گرووپی سروودی حیزب سروودی ئەی شەهیدانی  پێشكەش كرد و بە ڕێپێوان و بە وتنەوەی دروشم بەرەو باڵوێزخانەی وڵاتی ئۆتریش وەڕێ كەوتن.

لەبەر دەركەی باڵوێزخانەی ئۆتریش سمایل ڕەسووڵی وتارێكی بە زمان ئینگلیزی و مەتین مەنسووری وتارێكی بە زمانی فارسی  پێشكەش کرد.