کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕیادی ٣٦ی ساڵەی تێرۆرکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی لە وڵاتی نۆروێژ

11:04 - 24 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆڕیادی ٣٦ی ساڵەی تیرۆرکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات و نوێنەرانی ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە شاری ڕۆدە لە وڵاتی نۆروێژ، بە هاوبەشیی کۆمیتەی گشتیی وڵات و کۆمیتەناوچەی ئۆستفۆڵدەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم کۆڕیادە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە دەریا بابیل، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆرویژ بەخێرھاتنی بەشداربووان و بەڕێز کاک دوکتور خوسرەو بەهرامی کرا.

لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا هاوڕێ ئیدریس هەمزەیی ئەندامی کۆمیتەی وڵات، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە وڵاتی نۆروێژ پەیامی کۆمیتەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە پەیامەکەی کۆمیتەی گشتیی وڵاتدا باس لە ڕۆڵ و کەسایەتیی کاک دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەرێکی بلیمەت و دیپلۆماتێکی بە توانا کرابوو و هەروەها ئاماژە بەوە کرابوو کە: "تیرۆر و شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو نە تەنیا تاوانێک بوو دژی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە بەڵکوو هێرش بۆ سەر هیوای نەتەوەیەک بوو کە هەوڵی بۆ دادپەروەری و پێکەوەژیان دەدا ".

لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەدا ئاماژە بە هەوڵە تیرۆریستەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و دەور و کاریگەریی ئەو ڕێژیمە لەسەر ناسەقامگیریی ناوچەکە و کوشتن، تیرۆر و بەندکردنی دەنگە ناڕازییەکان بە ڕێگاچارەی خۆیان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دەزانن.

شەهیدکردنی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی  جینایەتێکی نێودەوڵەتیی بوو کە نە تەنیا دەست و داوێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵکوو بەڕێوەبەرانی ئەو کاتی وڵاتی ئۆتریشیشی گرتەوە کە لە بری بەدواداچوون و لەقاودانی ئەو جینایەتە و دادگاییکردنی تاوانباران، بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەیان تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییان ڕەوانەی ئێران کردەوە و ڕووداوەکەیان پەردەپۆش کرد و بێدەنگەیان لێ کرد. ئەو نادادپەروەرییە نە تەنیا لەبیر ڕای گشتی و ئازادیخوازن ناچێتەوە، بەڵکوو بوو بە بەڵگەیەک و نموونەیەک لە سازان و سەودای بەرژەوەندیی بەشێک لە وڵاتانی رۆژاوایی لەگەڵ سیستمیک کە هیچ بەهایک بە مافی مرۆڤ نادا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا گرووپی شانۆی کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد، شانۆیەکیان لەژێر ناوی "تێرۆری ئاشتیدا"، پێشکەش کرد کە لەلایەن بەشداربووانەوە بەگەرمی پێشوازیی لێ کرا.

لە درێژەی بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا وێڕای سپاس، ئاماژە بە ناوی ئەو هێز و لایەنانە کرا کە بۆ یادی ٣٦ ساڵەی ئەو جینایەتە پەیامی هاوخەمی و چەپکەگوڵیان بەو بۆنەوە هێنابوو و دواتر داوا لە هاوڕێ قادر عەزیزبەیگی کرا کە پەیامی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەی کلتووری گشتیی کورد لە نۆرویژ، یەکیەتی ژنان و یەکیەتی لاوانی ڕۆژهەڵات پێشکەش بکات.

لە بەشی دووهەمی کۆڕیادەکەدا کات درا بە بەڕێز د.خوسرەو بەهرامی بۆ پێشکەشکردنی باسەکەیان. بەڕێزیان لە کاتی تێرۆری ڤییەندا، وەکوو بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوتریش کاری دەکرد و بە هۆی بەرپرسیاریەتییەکەی ئاگاداری بەشێک لە پرۆسە یاساییەکان پێوەندیدار بە تیرۆرەکەوە بووە.

بەڕێز بەهرامی وێڕای تیشک خستنەسەر بەشێک لە ژیان و خەباتی ڕێبەری شەهیدمان بە تایبەتی لە سەردانەکانیدا بۆ وڵاتانی ئورووپایی، باسی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دوکتور قاسملووی نەمری کرد کە بە هۆیانەوە لەلایەن هێزە سیاسی و ناوەندە بریاردەرەکانی ئەو کاتی ڕۆژاواوە، وەک دیپلۆماتێکی شارەزا و  لێکۆلەرێکی سیاسیی بە توانا، گرینگییان پێ دا و ناوەندە سیاسییەکان بە باشی دەیانناسی. ئەزموونەکانی  دوکتور قاسملوو لە کاری دیپلۆماسەدا ببووە هۆکاریک بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ ئەو حیزبە سیاسییانەی کە لە سەفەرکانیدا بۆ دەرەوەی وڵات سەردانی دەکردن.  چۆنیەتیی تێکۆشانی دوکتور قاسملوو لە کوردستانی ئێران وەک شوێنی ئەسڵیی کار و تێکۆشانی و خۆپاراستن لە دەستێوەردانی کار و تێکۆشانی هێزە کوردستانییەکان بە تایبەتی لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بەشێکی دیکە لە باسەکەی بەڕێز بەهرامی بوو.

د.خوسرەو لە درێژەی باسەکەیاندا ئاماژەی بە چۆنیەتیی ڕووداوی تیرۆرەکە کرد. بە دواداچوونی پۆلیس و دژەتیرۆری ئوتریش و دواتر دەستێوەردانی ناوەندەکانی بەڕێوەبەری ئەو وڵاتە بە تایبەتی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دادی ئوتریش کە بە هۆی هەڕەشەکانی باڵوێزی ئەو کاتی ئێرانەوە کۆمەڵێک فاکتەر بوون کە بوونە هۆکاری بەلاڕێدابردنی پرۆسەی لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و لە کۆتاییدا ئازادکردنی تێرۆریستان و ناردنەوەیان بۆ ئێران.

بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە سەرەڕای هەوڵ و بە دواداچوونێکی زۆر لەلایەن حیزبی دێموکرات و ئەندامان و هاوسەری دوکتور قاسملوو لەسەر پەروەندەکە، بەڵام تا ئێستاش وڵاتی ئۆتریش بریاری کۆتایی لەسەر بەتیرۆریست ناساندنی ئەو بکوژانەی کۆماری ئیسلامی نەداوە.

دوای باسەکە، بەشداربووان کۆمەڵێک سەرنج و پرسیاریان ئاراستەی بەڕێز خوسرەو بەهرامی کرد.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لەو کۆڕیادەدا، ڕێزی لە خەبات و تێکۆشانی چوار هاوڕێی حیزبی گرت کە ساڵانێکی دوورودرێژ وەک پارێزەری ڕێبەرانی شەهیدمان و دواتر هاوڕێیانی ڕێبەری لە بنکەکانی حیزبیدا ماندوونەناسانە ئەرکی

حیزبییان بەڕێوە بردبوو. ئەو هاوڕێیانە بریتی بوون لە بەڕێزان: کەریم عەلیپوور، حەسەن کانیسەیرانی، محەممەد ڕەشیدی و سولیمان ئەحمەدنژاد.

جێگای ئاماژەیە " کۆمەڵەی هونەرمەندانی کورد لە نۆرویژ"  بە چەند سروود بەشداری کۆڕیادەکە بوون.