کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ساڵیادی تێروری دوكتور قاسملوو لە ڕۆژاوای كانادا

11:28 - 24 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤(١٣ی جوولای ٢٠٢٥) لەلایەن كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران لە شاری وەنکۆڤێری كانادا سێمیناریک لە یادی ٣٦ ساڵەی تێروری ڕێبەری مەزنی كورد شەهید دکتور قاسملوو، بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و كوردانی دانیشتووی وەنکۆڤێر و ڕەوەندی كورد بەڕێوە چوو.

سەرەتا بەڕێوەبەری ڕێوڕسمەکە بەیان فەرشی ڕیزبەندی ڕێورەسمەكەی بۆ بەشداربووان خوێندەوە و ڕێوڕسمەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ كرد .

لە بڕگەی یەكەمدا پەیامی دەستەی كارگێڕیی حیزب لەلایەن بەرپرسی كۆمیتەی حیزب هاوڕێ كەیۆمەرس بەیگی پێشكەش بە بەشداربووان كرا . ژیاننامەی دوكتور قاسملوو بە زمانی ئێنگلیزی لەلایەن "هینا ویژە" خوێندرایەوە.

بەشی سەرەکیی ئەو سێمینارە بریتی بوو لە وتاری بەڕێز "شوكریا برادۆست" چالاکوان و لێكولەری سیاسیی دانیشتووی ئەمریكا.

بەڕێز برادۆست لە دووتوێی بابەتێک دابە ناوی  "تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئێران لە تێرۆری کەسایەتییەکانەوە هەتا ئاژاوەی ناوچەیی" بۆ باشتر نیشاندانی جنایەتەكانی ڕێژیمی كۆماری ئێسلامیی ئێران لە كوردستان بە شێوەی پاورپۆینت كە بە فاكتهێنانەوە بو تێرور و جینۆسایدی كورد لە ڕوژهەڵاتی كوردستان وێنەكانی نیشان دەدا و بە هەردووک زمانی كوردی و ئێنگلیزی ئەو شێوە جینایەت و تاوانە دژی مرۆییەکانی كوماری ئێسلامی بۆ بەشداربووان  باس دەكرد.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە ڕەهەندەکانی خەبات لە هەموو پارچەکانی کوردستان، باسێكی لەسەر مێژووی خەباتی گەلی كورد لە ڕوژهەڵاتی كوردستان و ڕۆڵی دوكتور قاسملوو وەک ڕێبەرێكی كاریزماتیک و ئاشتیخواز کرد كە چۆن لە كاری دێپلوماسی بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات بۆ ناساندنی دۆزی كورد شوێندانەر بوو و ڕۆڵی كاریگەری هەبوو كە تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە گیانی پیرۆزی خۆی فیدای ئەم ڕێبازە پیرۆزە كرد.

برگەی کۆتایی ئەو سێمینارە پرسیار و وڵام بوو و لەم بەشەدا ئامادەبووان پرسیار و تێبینیەکانی خۆیان ئاراستەی کۆڕگێڕ و بەڕێوەبەران دەکرد و بەڕێز برادۆست وڵامی پرسیارەكانی دایەوە.