
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ( ١٣ی جوولای ٢٠٢٥ی زایینی) لە گۆڕستانی پێرلاشێز لە پاریس، یادی ٣٦ ساڵەی تێرۆرکردنی دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ مستەفا ڕەسووڵ، لە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
پاشان بەڕێز هەڵمەت ڕەحمەتپوور پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خوێندەوە.
دواتر دوکتور فرێدریک تیسۆ تاجەگوڵینەی لەسەر گۆڕی شەهیدان دانا و پەیامێکیشی بە زمانی فەرەنسی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. پاشان دوکتور کەنداڵ نەزان پەیامی ئەنستیوتی کوردی پاریسی خوێندەوە.
پاشان بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی شەهیدان خاتوو پەخشان فەلسەفی و وەرزشکاری کورد فەرشاد گەردکانە تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆڕی شەهیدان دانا. دواتر بەڕێز عەزیز ماملێ پەیامی کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەرانسەی خوێندەوە.
پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ئاڵمان لەلایەن خاتوو فەرزانە ڕەزەوییەوە خوێندرایەوە.
پاشان پەیامی کۆتایی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێوڕەسمی ٢٢ی پووشپەڕ لە پێرلاشێز لەلایەن بەڕێز بەها ئیبراهیمییەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
کۆمەڵێک پەیامی تری لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانیش بە دەست کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکە گەیشتبوو و سپاسیان کرا و ناویان خوێندرایەوە.
لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسەمەدا ئامادەبووان بە چەپکەگوڵەوە بەرەو گڵکۆی شەهیدانی میکۆنۆس، دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی چوون و بەدانانی تاجەگوڵینە ڕێز و وەفای خۆیان پێشان دا و پەیمانیان لەگەڵ نوێ کردنەوە.